رووداو - تەندروستی
تیمێکی پزیشکی لە ئەمریکا بۆ یەکەمجار لە مێژوودا توانییان نەخۆشێک دوای دەرهێنانی هەردوو سییەکانی، بۆ ماوەی 48 کاژێر بە سیستمی سیی دەستکرد بە زیندوویی بهێڵنەوە، تاوەکو سیی نوێی بۆ دەچێندرێت.
نەخۆشەکە کە پیاوێکی تەمەن 33 ساڵ بوو، تووشی تێکچوون و پوکانەوەی سیکڵدانۆچکەی هەوا (ARDS) بووبوو لە سییەکانی، کە دۆخێکی مەترسیدارە و تێیدا هەوکردنێکی زۆر لە سییەکانیدا بوو، سییەکانی بە خێرایی تێکچوون و لەگەڵیدا دڵ و گورچیلەکانیشی لەکارکەوتن، چاندنی هەردوو سییەکان تاکە چانسی بوو بۆ مانەوە لە ژیاندا.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، تیمی پزیشکییەکە سیستمی سیی دەستکردیان دروستکرد کە بە شێوەیەکی کاتی ئەرکی سییەکانی جێبەجێ دەکرد، سیستمکە ئۆکسجینی بۆ خوێن دابین دەکرد، دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی لادەبرد و یارمەتیی هێشتنەوەی سووڕی خوێنی دەدا لە کاتێکدا نەخۆشەکە هیچ سییەکی نەبوو.
ئەنکیت بهارات، سەرپەرشیاری تیمی نەشتەرگەرییەکە لە زانکۆی نۆرس وێسترن دەڵێت، "نەخۆشەکە لە دۆخێکی زۆر مەترسیداردا بوو، هەر کە گەیشتە لای ئێمە دڵی لە لێدان کەوت، هەوکردنەکە ئەوەندە سەختبوو کە سییەکانی پەکخستبوو بەڵام ئێستا دوای زیاتر لە دوو ساڵ، نەخۆشەکە گەڕاوەتەوە بۆ ژیانی ئاسایی خۆی و سییەکانی بە باشی کاردەکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ