رووداو - تەندروستی
لە دوا چالاکیی هەڵمەتی "سەبر باژۆیە" لە چوارچێوەی لووتکەی تەندروستیی کوردستان، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا رووداوەکانی هاتووچۆ، رێژەی گیانلەدەستدان و برینداربوون بەهۆیانەوە بە رێژەیەکی بەرچاو کەمیان کردووە.
د. هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، رووداوەکانی هاتووچۆ کەمیان کردووە و توانیومانە رێژەی مردن و برینداربوون بە رێژەی 60٪ کەم بکەینەوە."
د. هێمن میرانی هۆکاری ئەم کەمبوونەوەیەی بۆ دانانی کامێرای "پۆینت تو پۆینت" گەڕاندەوە و گوتی، "ئەم کامێرایانە کاریگەرییەکی بەرچاویان لە کەمکردنەوەی رووداوەکاندا هەبووە."
سەبارەت بە رووداوە سەختەکان، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی نێوخۆ ئاماژەی بەوەدا، "زۆربەی ئەو رووداوانەی لە ساڵی 2025 روویانداوە و پێویستییان بە چاودێریی چڕ هەبووە، ماتۆڕسکیل لایەنی سەرەکی بووە." هەروەها هۆشداریی دا و گوتی، "دەبێت ماتۆڕسکیلەکان بکرێنە ماتۆڕی رێگەپێدراو و تۆمارکراو، لە بەیانییەوە رێکاری تووند بەرامبەر ئەو ماتۆڕانە دەگیرێتەبەر کە تابلۆیان نییە."
د. هێمن میرانی باسی لە ئاسانکارییەکانی حکومەت کرد بۆ ئۆتۆمبێلی ژینگەدۆست و گوتی، "ئۆتۆمبێلی هایبرید بەبێ رسومات تۆمار دەکرێت چونکە دۆستی ژینگەیە، هەروەها هانی شۆفێرانی تەکسی دەدەین کە ئۆتۆمبێلەکانیان بکەنە هایبرید و کارەبایی."
هەڵمەتی "سەبر باژۆیە" بە هاوبەشیی وەزارەتی نێوخۆ و لەلایەن فەرمانگەی میدیا و زانیارییەوە رێکخرابوو، ماوەی شەش مانگی خایاند و ئەمڕۆ کۆتایی بە چالاکییەکانی هات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ