پڕۆفیسۆرێک لە زانکۆی لیهای لەبارەی یاسای نەوت و گاز لە عێراق: یاساکە دەستنیشانی دەکات کام پارێزگایە دەوڵەمەند دەبێت

01-07-2022
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ فرانک گەنتەر، پڕۆفیسۆر لە زانکۆی لیهای
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ فرانک گەنتەر، پڕۆفیسۆر لە زانکۆی لیهای
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

پڕۆفیسۆرێک لە زانکۆی لیهای یاسای نەوت و گاز لە عێراق بە "زۆر گرنگە" ناودەبات و دەڵێت، "ئەو یاسایە تاهەتایە دەستنیشانی ئەوە دەکات کام پارێزگایە دەوڵەمەند بێت و کام پارێزگایە هەژار بێت. لەبەر ئەوە ئەو پارێزگایانەی کە بزانن یاساکە لە دژیانە هەموو کارێک دەکەن بۆ شکستهێنان بە دەنگدان و تێپەڕاندنی یاساکە. چونکە نەبوونی یاساکە باشترە لە هەبوونی یاسایەک کە بیانخاتە پێگەیەکی لاوەکەییەوە." 
 
فرانک گەنتەر، پڕۆفیسۆر لە زانکۆی لیهای لە رووداوی ئەمڕۆ  باسی لە دۆخی ئابووری عێراق، متمانەی خەڵکی عێراق بە حکومەت، کارەکانی ئەمریکا لە دوای 2003، رێککەوتنی عێراق و چین، کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر عێراق، رۆڵی ئەمریکا لە عێراقدا، بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی عێراق لەبارەی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان کرد. 
 
لەبارەی کارەکانی حکومەتی ئەمریکا لە دوای ساڵی 2003ـەوە بۆ عێراق، ئەو پڕۆفیسۆرە گوتی، "ئێمە ئەوەی پێمان کرا کردمان، هەندێ کاری زیانبەخشمان کرد، هەندێ کاری باشیشمان کرد. ئێستا بابەتەکە ئەوەیە خەڵکی عێراق داهاتووی خۆیان بونیادبنێن."    

 

دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ فرانک گەنتەر، پڕۆفیسۆر لە زانکۆی لیهای: 
 
رووداو: بەڕێز فرانک، سوپاس بۆ تۆ کە لەگەڵ رووداویت. تۆ لێرەیت لە بەغدا، باسی ئابووری و گواستنەوەی ئابووریت کرد، پێموایە عێراقییەکان لە کۆتاییدا، سیاسەتڤانان و بڕیاربەدەستان دەزانن کە عێراق لە خاڵێکدا کە پێویستی بە گواستنەوەی ئابووری هەیە و رێگەی دیکە نییە، چۆن ئەمە هەڵدەسەنگێنیت، پێتوایە عێراق ئامادەیە یان لەسەر رێگە دروستەکەیە لەبارەی گواستنەوەی ئابوورییەوە؟
 
فرانک گەنتەر: پێموایە نەفرەتییەکەی عێراق، ئەوەیە کارێک نرخی نەوت نزمە زۆر روونە کە چی دەبێت بکرێت، دەستپێشخەرییەکان و کاخەزی سپی کە لە ساڵی 2021 دەرکرا چوارچێوەیەکی کاری روونی پێشکێشکرد بۆ گۆڕانکاریی لە عێراق، پێموایە گۆڕان گرنگە، بەڵام ئەمساڵ نرخی نەوت گەیشتووەتە 120 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، کاتێک نرخی نەوت نزمە ویستێکی بەهێز هەیە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاریی، بەڵام کاتێک نرخی نەوت بەرزە ویستی گۆڕانکاریی نامێنێت، هیوادارم دەرفەتی ئەم نرخە بەرزەی نەوت وەربگرن بۆ ئەوەی گۆڕانکارییە پەیکەربەندییە پێویستەکان بکەن، بەڵام من گەشبین نیم.
 
رووداو: دەزانی ئەمە زیاتر لە جارێک روویدا، کاتێکدا نرخی نەوت دادەبەزێت عێراق دەکەوێتە نێو هەمان کێشەوە و کاتێکی دیکە کە بەرزدەبێتەوە و پارەی زۆر هەیە، عێراق پارە کەڵەکە دەکات، بەڵام دوای ئەوە هیچ کارێک ناکرێت، هەمان بازنەیە کە دەیبینین!
 
فرانک گەنتەر: 2006 و 2014 و ئێستا جارێکی دیکە
 
رووداو: بۆچی پێتوایە وانەکە فێرنابین؟
 
فرانک گەنتەر: بەشێوەیەکی جەوهەری، پێموایە حکومەتی عێراق متمانەی بە خەڵکی عێراق نییە، متمانەیان پێیان نییە تاوەکو بڕیارە قورسەکان بدەن، پێموایە ئەگەر زانیارییەکان بەردەست بخەن و زۆر روونی بکەنەوە کە لەم رەوشەدا گۆڕانکاری دەبێت ئەنجامبدرێت، پێموایە خەڵکی عێراق پشتگیری دەکەن، بەڵام لە جیاتی ئەوە.... بەڵێ ببوورە!
 
رووداو: حکومەتی عێراق متمانەی بە خەڵک نییە؟
 
فرانک گەنتەر: من پێموانییە! نەخێر.
 
رووداو: بەڵام زۆرجار لە هەموو جیهاندا پێچەوانەکەیە، خەڵک متمانەی بە حکومەت نییە
 
فرانک گەنتەر: خەڵک متمانەی بە حکومەت نییە.. پێموایە ئەوە پێکەنیناوییە و لە هەمان کاتیشدا راستە!.. بەڵام ئەو راستییەی کە هەموو ئەو بڕیارانە لە بەغدا دەردەکرێن، بڕیارە زۆر بنەڕەتییەکان لە پایتەختی نیشتمانیی دەردەکرێن، بۆچی متمانە بە خەڵک نەکرێت، بازرگانییە تایبەتەکان زۆر قورسی دەبینن.. بانکی جیهانیی لێکۆڵینەوەی لەبارەی ئەنجامدانی بازرگانی راگرتووە، بەڵام لە دوایین لێکۆڵینەوەیدا لە 2020، عێراق زۆر لاواز دەرکەوت بەهۆی ئەو رێگرییە زۆرانەی کە بازرگانییە تایبەتەکان رووبەڕووی دەبنەوە لەبارەی ئەوەی دەتوانن چی بکەن و دەتوانن کێ دابمەزرێنن و چۆن پارە بەدەستبخەن، کە حکومەت لە بەغدا پێیوایە توانای لە هەندێک بازرگان باشترە و بڕیار دەدات کە دەبێت چەند بدات و چۆن کارەکەی بەڕێوەببات، بەڵێ حکومەت متمانەی بە خەڵک نییە!
 
رووداو: دەزانیت کێشەکە لە عێراق لە زۆر قۆناخدا ئەوەیە، تەنانەت لەو کاتانەی کە عێراق داهاتی لە نەوتەوە زۆرە، بەڵام خەڵکی عێراق هێشتا هەر هەژاران و هێڵی هەژاری هێشتا بەرزە و هەڵاوسان بەرزە، ئەمە بۆچی وایە، رەنگە بۆ من ئەمە زۆر روون نەبێت، تەنانەت لەم کاتەشدا کە عێراق تۆماری مێژوویی هەیە لە داهاتی نەوت و بەهۆی نرخی بەرزی نەوتەوە، بەڵام خەڵکی عێراق هێشتا هەژارن؟
 
فرانک گەنتەر: ساموێڵ هاتینگتن کە بەنێوبانگ بوو چونکە کۆتایی مێژووی گوت، ساموێڵ هامنتۆن دەربڕینێکی سەرنجڕاکێشی هەبوو کە دەڵێت 'باج نییە بەبێ نوێنەرایەتی'، ئەمە داواکارییەکی سیاسییە، دەزانێت ئەگەر ئێمە نوێنەرایەتیمان نەبێت نامانەوێ باجمان لێ وەربگیرێ، بەڵام نوێنەرایەتی نییە بەبێ باج' راستییەکی سیاسییە، پێچەوانەکە، راستییەکی سیاسییە، حکومەتی عێراق پێویستی بە خەڵکی عێراق نییە، ئەوان نەوتیان هەیە کە کەمتر لە 2%ـی عێراقییەکان لە کەرتی نەوتدا دامەزراون، هەناردە دەکرێت و زیاتر لە 95%ـی داهاتەکانی حکومەت لە هەناردەکردنی نەوتەوە دێت، بۆیە ئەم پارەی نەوتە دێتە بەغدا، لە زۆر وڵاتاندا حکومەت دەبێت خەڵک ئاسوودە بکات ئەگەرنا خەڵک باج نادەن، لە عێراق خەڵک باج نادەن بۆیە حکومەت پێویستی بە خەڵک نییە، پێشموایە پێشبینییەک هەیە کە خەڵک دەبێت خۆشحاڵ و ئاسوودەبن چونکە حکومەت ئەم هەموو شتە باشەیان دەداتێ و خەڵک نابێت گلەیی بکەن لەبارەی ئەو راستییەی کە کوالێتی پەروەردە نزمە یان کوالێتی ئاو خراپە و کارەبا 24 کاژێر نییە، خەڵک نابێت گلەیی بکەن لەو شتانە چونکە لە کۆتاییدا هەموو ئەوانەی وەریاندەگریت بۆت دێت بەبێ ئەوەی پارە بدەی لەبەرامبەری، چونکە باج نییە.
 
رووداو: تۆ کتێبێکت لەسەر عێراق نوسیووە، لەبارەی ئابووری عێراق، لەو کتێبەدا باسی هەژاری و نەوت، هەڵاوسان، ئاو، هەروەها باسی پاڵپشتییەکان دەکەیت. 
 
فرانک گەنتەر: باسی چی؟
 
رووداو: باسی پاڵپشتی عێراق دەکەیت بۆ بەرهەمە نەوتییەکان و سووتەمەنی بۆ خەڵک، پێتوایە کاتی ئەوە هاتووە کە عێراق کۆتایی بەوە بێنێ؟
 
فرانک گەنتەر: وەڵامە کورتەکە بەڵێ، وەڵامە کورتەکە بەڵێ، پاڵپشتییەکان زۆر باوە لەنێو خەڵکدا، کێ هەیە نەیەوێت شتێکی بە خۆڕایی دەستبکەوێت، کێ نایەوێت کارەبای دەستبکەوێت بە یەک سەنت بۆ هەر کاژێرێک لەکاتێکدا تێچووە راستەقینەکەی بۆ بەرهەمهێنانی لەنێوان 10 بۆ 17 سەنتە بۆ هەر کیلۆواتێک لە کاژێرێکدا، بەڵام پێش هەموو شتێک قورسایی ئەم پاڵپشتییانە هەن لەسەر بودجە، کاتێک بەرمیلێک نەوت بە 120 دۆلارە کێ گوێی پێدەدا، بەڵام نەوت هەموو کات وا بەرز نابێت، بەڵام خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە ئەمە ئەو زانیارییانە بۆ خەڵک سنووردار دەکات کە پێویستیانە بۆ ئەوەی بڕیاری باش بدەن، ئەگەر کارەبا وەکو خۆڕایی وابێت، یەک سەنت بۆ هەر کاژێرێک، کەواتە ئەگەر کەسێک بیت دووکانێکت هەبێت لە بەغدا، لە رۆژێکی گەرمدا دەرگەی دووکانەکەت بە کراوەیی دەهێڵیتەوە، چونکە بەهیوای ئەوەی هەوای ئەو فێنککەرەوەیەی لە دووکانەکەوە دێتە دەرەوە هانی کەسێک دەدات بچێتە ژوورەوە، بەڵام ئەگەر لە راستیدا پارەی ئەو کارەبایە بدەیت، دڵنیادەبیتەوە کە ئەو دەرگەیە بە داخراوی بمێنێتەوە جگە لە کاتانەی کە کڕیارەکان هاتووچۆ دەکەن، بەڵام ئەگەر کارەبا کاژێری بە سەنتێک بێت ئەوا بەفیڕۆدانەوە بەکاردەهێندرێت، هەمان شت دەبینیت لە ئاودا، هەر وەکو گوێبیستی بووتیت ئەمڕۆ وڵاتەکە خەریکە ئاوی نامێنێت و ئەمە باش دەزاندرێت، بەڵام هێشتا نرخی ئاو نزیکی سفرە، ئەمە سەرمایەداریی پێدەکرێت لە زەوییەکاندا، ئەگەر کێڵگەیەکت هەبێت کە لە نزیکی جۆگەی ئاودێری بێت، بەهای زەوییەکەت زیاتر دەبێت چونکە دەستت بە ئاو دەگات، بەڵام ئاوەکە خۆی بە خۆڕاییە و لەبەر ئەوە بەفیڕۆ دەدرێت بە بەکارهێنانی ئاودێری پڕکردنی گۆلەکان لە جیاتی ئاودێری دڵۆپە، بۆیە پێموایە پاڵپشتییەکان لە دوو رووەوە زیان بە ئابووری دەگەیێنن، یەکەمیان دروستکردنی قورسایی لەسەر بودجە، بەڵام رەنگە لەوە گرنگتر ئەوەیە کە رێگە بە خەڵکی عێراق و بە بازرگانییەکانی عێراق نادەن، بۆ ئەوەی بڕیاری باش بدەن چونکە نرخی خراپیان پێدەدرێت... وەڵامێکی درێژ بۆ پرسیارێکی کورت!    
 
رووداو: بەڵێ، تۆ راوێژکاری حکومەتی ئەمریکا بوویت بۆ عێراق، هەروەها مەداڵیایەکت هەیە وەکو فەرمانبەرێک، ئێستا ئەگەر حکومەتی عێراق داتبمەزرێنێت و پێت بڵێ، بەڕێز فرانک، ئامۆژگارییەکانت چین، ئامۆژگارییەکانت چی دەبن، لە چەند روویەکەوە، یەکەمیان شتێک کە عێراق بتوانێت بیکات لە ماوەیەکی کورتدا بۆ ئەوەی خۆی رزگار بکات، هەروەها بۆ مەودا کورت و مەودا درێژ، عێراق دەبێت چی بکات، لەبارەی ئابوورییەوە؟ 
 
فرانک گەنتەر: تۆ ئەو رەوشەم پێدەدەیت کە راوێژ بە حکومەتی عێراق لە بەرزترین ئاستدا بدەم؟ هەروەها جیاواز لە حکومەتی ئەمریکاش، پشتگوێم ناخەیت؟ باشە. 
 
رووداو: بەڵێ ئەوە جیاوازییەکەیە؟ وایە!
 
فرانک گەنتەر: باشە، ئەوە جیاوازە.. پرسیارێکی جیددی با منیش وەڵامێکی جیددیت پێبدەم، دوو شت، یەکەمیان، جیددیترین کێشە کە رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە گەندەڵییە، گەندەڵییە.. گەندەڵترین وڵات نییە لە رووی زەویدا، ئەوە سۆماڵە، بەڵام عێراق باش نییە، پێموایە دوو شتی پێویست هەن بۆ کەمکردنەوەی گەندەڵی، ئەگەر تەنیا پۆستەر دابنێیت و چەند کەسێکی باڵا دەستگیر بکەیت، ئەوە کۆتایی بە گەندەڵی ناهێنێت، ئەوە لە جیهان شکستیهێنا؟ ئەگەر دەتەوێت کۆتایی بە گەندەڵی بێنێت دوو شت هەن، پێش هەموو شتێک پەروەردە، پەروەردە دەبێت لە قوتابخانەکانی قۆناخی سەرەتاییەوە دەستپێبکات و بەردەوامبێت تاوەکو کۆتایی. عێراقییەکان گوێ لە کێ دەگرن کاتێک باسی گەندەڵی دەکەن، ئەوان گوێ لە سیاسییەکان ناگرن و گوێ لە کەسایەتییە وەرزشییەکان ناگرن، ئێمە فۆکەس گرووپمان دروستکرد، ئەوان گوێ لە سەرکردەی ئایینییەکان دەگرن کە دژی گەندەڵی قسە دەکەن، هەروەها گوێ لە نووسەران و بیرمەندان دەگرن کاتێک دژی گەندەڵی قسە دەکەن، بۆیە کەمکردنەوەی گەندەڵی لە رێگەی پەروەردەوە لە قوتابخانە سەرەتاییەکانەوە هەروەها لە رێگەی سەرکردە ئایینییەکان و نووسەرانەوە، قسەکردن و نووسین لە دژی گەندەڵی بۆ کەسانی پێگەیشتوو.. دووەم، دوژمنکاریی رێکخراو بەرامبەر بە بازرگانییە تایبەتەکان، عێراق خراپترین نییە لە جیهاندا بەڵام زۆر لە خوارەوەیە، لە دوو کاتەگۆریشدا، دەستخستنی دڵنیایی و راگەیاندنی مایەپووچبوون، عێراق خراپترینی جیهانە، وەکو رێکاری دوژمنکارانە بەرامبەر بە بازرگانی تایبەت، ئێستا ئەمە چ پەیوەندییەکی بە گەندەڵییەوە هەیە، ئێستا ئەگەر بتەوێت مۆڵەتێک بەدەستبێنیت بۆ دروستکردنی کۆگەیەک پێویستت بە 167 رۆژە بۆ ئەوەی مۆڵەتەکە بەدەستبێنیت، نەک کۆگەکە دروستبکەیت، تەنیا مۆڵەتەکە لە حکومەت وەربگریت دەبێت بچیتە هەموو ئەو دامەزراوانەی حکومەت کە پێویستە، 167 رۆژت دەوێت، کەواتە تۆ بازرگانییەکت هەیە بەڕێوەی ببیەت و ئێستا کۆگەکەت دەوێت، بۆیە ویستی دانانی چەند 100 دۆلارێک لەنێو زەرفێکدا و پێدانی بە کەسی دروست بۆ ئەوەی مۆڵەتەکەت بە دوو هەفتە وەربگریت زۆر بەهێزە. ئەگەر ئەو رێکارە دژبەرە کەمبکەنەوە و لە جیاتی 167 رۆژ 30 رۆژی بووێت، ئەوکاتە بازرگانییەکان کەمتر هەوڵدەدەن بەرتیل بدەن و ئەو بەرتیلانەشی دەیدەن بچووکتر دەبن، دەتوانی هەمان ئەم شتە دابنێیت بۆ وەرگرتنی دڵنیایی و دامەزراندنی دەستی کار، ئەگەر حکومەت رێکارە دژبەرەکان بەرامبەر بە بازرگانی کەمبکاتەوە، ئەگەر بتوانین خەڵکی گەنج پەروەردە بکەین لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە لە دژی گەندەڵی، ئەوکاتە پێمواتە ئەو دوو شتە، راستەوخۆ نا، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات گەندەڵی کەمدەکاتەوە و ئەمەش ئەو راوێژە دەبێت کە دەیدەم بە دەسەڵاتدارانی باڵا.
 
رووداو: ئەمە چارەسەرەکەیە، بەڵام پێتوایە ئەمریکا شکستیهێنا لە گەیاندنی ئەم چارەسەرە بە حکومەتی عێراق، دەزانین کە لە ساڵانی سەرەتادا لە دوای 2003وە ئەمریکا هەموو دەسەڵاتێکی لە عێراق هەبوو و دەیتوانی زۆر زیاتر بکات بەراورد بە ئێستا؟
 
فرانک گەنتەر: بەڵێ، دەزانی من لەوێ بووم و من بەشێک لەو بڕیارانەم دروستدەکردن، بەڕێزێکی زۆریشەوە هەندێک لەو بڕیارانە هەڵە بوون. نیەتەکە باش بوو و ویستمان شتە دروستەکە بکەین، بەڵام زانیاری نادروست و متمانەکردن بە کەسانی هەڵە وایکرد نەیەنە دی، کتێبیک هەیە لەلایەن عێراقییەکەوە نووسراوە بە ناوی "دیاری بیانییەکان" نازانم ئەگەر چانسی خوێندنەوەیت هەبووبێت، ئەو باسی ئەوە دەکات کە لەنێو ئەو هەموو شکستانەی لە دوای داگیرکردنی عێراق بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا روویاندا، یەک سەرکەوتنی گەورە هەبوو، ئەوەش ئەوەیە کە عێراق دیموکراسییە و دیموکراسیش دەبێت گەشبینیت پێبدا کە خەڵک بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە رێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە دەتوانن قسە بکەن و بە هیواوە خەڵکی باش دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی سەرکردایەتییان بکات، لە دوای 2011 کاتێک ئەمریکییەکان رۆیشتن زۆر نیگەرانی هەبوون کە دیموکراسی ون دەبێت، بەڵام وا دەردەکەوێت کە لەلایەن خەڵکی عێراقەوە وەرگیراوە، دوایین هەڵبژاردن، ژمارەی ئەو خەڵکەی دەنگیان دا کەم بوو، بەڵام هەڵبژاردن بوو و ئەو خەڵکانەی کە دەنگەکانیان بردەوە ئێستا ئەوانەن کە گوێیان لێدەگیرێت لە بەغدا. بۆیە بەڵێ هەندێک شت هەبوون دەکرا، ئەنجامبدرابان، دۆخی کۆمپانیاکان دەکرا، بدرابان بە کەرتی تایبەت بەڵام نەکران، بەڵام دیموکراسی دیارییەکە بوو و وا دەردەکەوێت ئەوەش رەگی لە خاکی عێراقدا داکوتیبێت.
 
رووداو: هەندێک خەڵک لێرە لە عێراق پێیانوایە، دەمەوێت باسی رۆڵی ئێستا ئەمریکا لە عێراق بکەم، هەندێک خەڵک پێیانوایە رۆڵی ئەمریکا زۆر پاشەکشەی کردووە، ئایا بەهۆی هەموو هاوکێشەکەوە بێت کە بووەتە هۆی ئەمە یان ئەمە ویستێکە لەلایەن ئەمریکا خۆیەوە، بۆ نموونە عێراق لە کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی لە 2019 بەرەو چین چوو و رێککەوتنێکی ئابووری گەورە لەگەڵ چین کرا، هەروەها مستەفا کازمیمان بینی کە واژۆی کرد لەسەر دروستکردنی هەزار قوتابخانە لە عێراق لەلایەن چینەوە، ئەمە دەبینین و پڕۆژەی زۆر گەورە دەبینین کە دەچێت بۆ تۆتاڵی فەڕەنسی لەبارەی وزە و کارەبای عێراق، دەتوانیت بەمە بڵێت پاشەکشەی رۆڵی ئەمریکا؟ یان ئایا ئەمە بە شێوەیەکی سرووشتی روویدا، یان بە مەبەست بوو لەلایەن ئەمریکاوە؟
 
فرانک گەنتەر: پێموایە پەیوەندی بە پاڵنەرەکانەوە هەیە، بێگومان وەکو ئابووریناسێکیش هەمیشە وشەی پاڵنەر بەکاردەهێنم، پەیوەندی بە پاڵنەرەکانەوە هەیە، خەڵکی بازرگانی ئەمریکا، هەر وەکو گوێمان لێبوو لە قسەکانی سەرۆکی دەستەی نیشتمانیی وەبەرهێنان بوو، وەبەرهێنەرانی ئەمریکا دەیانەوێت بگەڕێنەوە، دەزانیت ئەوان وەبەرهێنانی خێرخوازی ناکەن بەڵکو وەبەرهێنانێک دەکەن کە پێیانوایە داهاتێکیان لێ دەستدەکەوێت، دەستکەوتێک کە باشتر بێت لە داهاتێک کە لە شوێنێکی دیکە دەستیاندەکەوێت. حکومەتی چین زۆر بە روونی ئاشکرایکردووە کە پلانی رێگەی ئاوریشم تەنیا بەرنامەیەکی ئابووری نییە بەڵکو بەرنامەیەکی سیاسییە، ئەوان دەیانەوێت دۆست بکڕن و دەیانەوێت بەرژەوەندی لە وڵاتانی دیکە بکڕن، بۆیە پێموایە ئەوە پاڵنەرێکی گەورەیە. کۆمپانیای ئەمریکا نایەن ئەگەر ئەو کۆمپانیایە نەڵێت کە دەتوانین دەستکەوتێکی باشمان دەستبکەوێت. کۆمپانیاکانی چین رەنگە بێن و کارێکی مەزن بکەن چونکە ئەوانە تەنیا کار بۆ دەستکەوتی دارایی ناکەن، بەڵکو ئەوان هەروەها شوێنی سەرکردایەتیی حکومەتەکەیان دەکەون کە دەڵێن دەمانەوێت پەیوەندییەکی باشتر لەگەڵ حکومەتی عێراق دروستبکەین، پێموایە ئەوە جیاوازییەکی بنەڕەتییە. ئەمریکا لە 2011 داوای لێکرا بڕوات و کردی، ئینجا لە 2014 بۆ 2017 داعش هەبوو و هێزەکانی ئەمریکا گەڕانەوە، چەند هێزی ئەمریکا هەن ئێستا، 2500 ئایا ئەوە ژمارەیەکی دروستە؟
 
رووداو: بەڵێ شتێکی وا، نەک وەکو شەڕکەر..
 
فرانک گەنتەر: نەک وەکو شەڕکەر..
 
رووداو: وەکو راوێژکار. 
 
فرانک گەنتەر: بەڵام ئەو شتانەی بە باشی دەیکەین، راهێنان، بەتایبەتی راهێنان لە چەکە هاوبەشەکان بەشداری زیرەکانە، ئەمانە ئەو شتانەن کە پێموایە بە سوود دەبن، ئێمە لەنێو 70 گەلین لە جیهاندا و سوودەکانی ئەو 70 گەلە.. پێموایە ئەو رۆژانەی کە ئەمریکا 300 هەزار بۆ عێراق بنێرێت ئەو رۆژانە ناگەڕێنەوە، ئەوانە تێپەڕین. ئەوە بڕیارە سیاسییەکەیە کە باست کرد، نەک رێچکەیەکی درێژخایەن. 
 
رووداو: پرسیارێکی دیکەم هەیە لەسەر ئەمە، لە سەرەتادا پێت گوتم کە زۆر گەشبین نیت بە ئابووری عێراق، باسی ئەوەشت کە چۆن حکومەت لێرە متمانەی بە خەڵک نییە و دروستکردنی بڕیار زەحمەتە، ئەوەش روونە بە داخەوە کە عێراق لەسەر رێگە دروستەکە نییە کە دێنە سەر گۆڕانی وزە، هەموو جیهان لە قۆناخێکی گۆڕانی وزەی گەورەدایە بەتایبەتی دوای ئەوەی کە کاریگەری زیاتری گۆڕانی کەشوهەوا دەبینین، بەتایبەتی کە عێراق یەکێکە لە وڵاتە  هەرە کاریگەری لەسەرەکان لە جیهاندا، لەنێو هەموو ئەمانەدا، هەروەها کە عێراق هاوتەریب لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە زۆر خێرایە ناڕوا لە وزەدا لە جیهاندا روودەدات، پێشبینی ئەوە دەکەیت لە خاڵێکدا هەموو سیستمی ئابووری عێراق هەرەس بێنێت؟ جیهان لە دۆڵێکدا بێت و ئێمەش بە تەواوی لە دۆڵێکی جیاوازدا بین؟   
 
فرانک گەنتەر: نەخێر، من مامۆستام، چەندین سیمینارم پێشکێش کردووە لە بەغدا، لە راستیدا هەر ئەم هەفتەیە چەند سیمینارێکم لە بەغدا پێشکێش کردن. هەروەها لە شارەکانی دیکەش و لە هەولێریش. سەردانی ناوەندێکم کرد، کە هیوادارم هێشتا کراوەبێت، ناوەندی راهێنانی خاوەنکاران. دەبێ تەمەنت چەند ساڵان بێت تا بزانی چ روودەدات؟ هەشت ساڵ؟ ئەگەر تەمەنی هەشت ساڵی سنوورەکە بێت، ئەوە زۆرینەی خەڵکی سەردەمی عێراق سەدامیان بیرنایەتەوە. هەموو ئەوەی لەبیریانە و هەموو ئەوەی دەیزانن سەردەمی دوای سەدامە. ئەو گەنجانەی قسەمان لەگەڵ کردوون زۆر گەشبینن بە داهاتوو. دەست بە بزنسی خۆیان دەکەن، دەست بە دەستپێشخەری دەکەن. نایانەوێ ببنە فەرمانبەری حکومەت. دەیانەوێ خۆیان شتێک بکەن. سێ کاژێر لەو ناوەندە قسەم بۆ ئەو گەنجە دەستپێشخەرانە کرد، زۆر گەشبینبووم پێیان. پێموایە گەشبینیەکە ئەوەیە عێراق وڵاتێکی گەنجە، واتا زۆرینەی دانیشتووانی گەنجن. یەکێکە لە گەنجترین وڵاتەکانی جیهان بە لەبەرچاوگرتنی رێژەی سەتی دانیشتووان کە تەمەنیان لە خوار 21 ساڵییەوەیە. بەڵام چەندین سەرچاوە هەن بۆ گەشبینی، ئەوان دەبینن رێگەی نوێ هەن لە جیهاندا. دەبینن شتەکان نابێ هەر بەوجۆرە بمێنن کە پێشتر هەبوون. پێموایە رەنگە لێرەدا دەرفەتێکی سیاسیش هەبێت بۆ هەندێک سەرکردەی سیاسی، سەرکردە سیاسییە نوێیەکان، یەکێکیان بێت و بڵێت من نوێنەرایەتی ئەو عێراقە ناکەم کە ئێستا هەیە، نوێنەرایەتی ئەو عێراقە دەکەم کە درووستدەبێت. ئەو کەسە هەوڵبدات ببێتە دەنگی گەنجانی عێراق. پێموایە ئەگەر ئەوە رووبدات، ئەوە گەشبینی زۆر دەبێت.
 
رووداو: حکومەتی ئەمریکا، ئیدارەکە ئێستا چۆن دەڕوانێتە عێراق؟ شتێک کە لە دوای ئەم هەڵبژاردنە هەستمان پێکرد نەبوونی گوشار و کۆبوونەوەکانی ئەمریکا بوو لەگەڵ لایەنە جیاوازەکاندا، گوشارخستنە سەر هەموو لایەنەکان بۆ ئەوەی حکومەت پێکبێنن، ئەو بۆچوونە لەنێو عێراقییەکاندا هەیە، نووسەران و بیرمەندان، کە ئەمریکا چیتر بایەخ بە کێشەکانی عێراق نادات و دەبێت کێشەکانی خۆیان چارەسەر بکەن و هەر کەسێک لە دەسەڵات بێت مامەڵەی لەگەڵ دەکەن؟ وەڕەس بوو، ئایە ئەمە راستە؟
 
فرانک گەنتەر: دوو شت هەن، یەکەم چیدی کارمەندی حکومەتی ئەمریکا نیم، لە ساڵی 2008ەوە وازم هێناوە. کەواتە بە ناوی حکومەتی ئەمریکاوە قسە ناکەم.
من هاوڕا نیم، رەنگە ئەوەت بیستبێ کە ئەمریکا ئاڕاستەی گفتوگۆی گۆڕی، لە قسەکردن لەگەڵ رۆژئاوای ئاسیا وازی هێنا و دەستیکرد بە قسەکردن لەگەڵ رۆژهەڵاتی ئاسیا. هۆکار ئەوەبوو کە گەورەترین ئاڵنگاری بۆ ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ئاسیاوە دێن، کۆماری گەلی چین دەیەوێ رێگری بکات لەوەی کەشتییەکان دەریای چین بەکاربهێنن. بۆیە بەشێک لە بابەتەکە ئەوە نییە کە بگوترێ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گرنگ نییە. بەڵکو ئەوەیە رۆژهەڵاتی ئاسیا تا دێ گرنگی زۆرتر پەیدادەکات و سەرچاوەکان بەو ئاراستەیە جوڵێنران. ئەو کەسانەی کە من لە واشنتن مامەڵەیان لەگەڵ دەکەم، وەکو چاودێرانی سیاسی و کەسانی ئەکادیمی، ئەوان عێراقیان لەبیر نەکردووە. بەڵام دڵنیانین لەوەی دەتوانن چ سوودێکیان هەبێت؟ ساڵی 2005 عێراقییەکان خۆیان دەستووریان نووسییەوە. ئەو دەستوورەی عێراق لەسەر ئەو دەستوورە دانەنراوە کە ئەمریکا نووسی،. هەردووکیانت خوێندووەتەوە دوو دۆکۆمێنتی زۆر لەیەک جیاوازن. پێموایە لە  واشنتن بیرکردنەوە ئەوەیە عێراقییەکان داهاتووی خۆیان بونیادبنێن و دەستتێوەردانی ئەمریکا کۆتایی پێبێت. یەکەم ئەلقاعیدە هەبوو، دووەم داعش هەبوو، فرانک گەنتەر: هیوادارین قاعیدەی سێیەم درووست نەبێت. ئێمە ئەوەی پێمان کرا کردمان، هەندێ کاری زیانبەخشمان کرد، هەندێ کاری باشیشمان کرد. ئێستا بابەتەکە ئەوەیە خەڵکی عێراق داهاتووی خۆیان بونیادبنێن. 
 
رووداو: شتێکی دیکە کە پەیوەندی بە ئابوورییەوە هەیە، دڵنیام ئاگاداری بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵیت لەبارەی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، ئەمە سوپرایز بوو بۆ تەنانەت هەندێک کەس لە بەغداش، بێگومان بۆ هەرێمی کوردستانیش. هەرێمی کوردستان پێیوایە ئەمە بە تەواوی بڕیارێکی سیاسییە و جێبەجێ ناکرێت، بەغدا بە تایبەتی لە رێگەی وەزیری نەوتەوە هەموو گوشارێک دەکات بۆ جێبەجێکردنی، وەزیری نەوت ئیمەیلی بۆ کۆمپانیاکانی نەوت ناردووە کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن و داوایان لێدەکات تاوەکو سێ مانگ دەبێت مامەڵە لەگەڵ ئەواندا بکەن، ئایا پێتوایە ئەمە بڕیارێکی سیاسییە و جێبەجێ دەکرێت؟ دوێنێ لە چەند کەسێکم بیست لێرە، پێیانگوتم کە بڕیارێکی وا لە دادگەی باڵاوە بەشێوەیەک تەنانەت کۆمپانیاکانی نێودەوڵەتییەکانی نەوت کە لە باشووری عێراقیش کاردەکەن دەترسێنێت کە رەنگە رۆژێک ئەمە بەسەر ئەوانیشدا بێت، ئەمە چۆن کاریگەری لەسەر ئابووری عێراق دەبێت، هەروەها پەیوەندییەکانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق؟
 
فرانک گەنتەر: هەرێمی کوردستان سەربەخۆ نییە. ساڵی 2017 دەنگ درا بۆ سەربەخۆیی. خراپ کۆتایی هات. هەرێمی کوردستانی سەربەخۆ لە زەریاوە دوور دەبێت، هیچ رێگەیەکی نابێ بۆ هەناردەکردنی نەوت. ئێستا دەتوانن لە باشوورەوە بە بەسرەدا هەناردەی بکەن، یان لەرێی تورکیاوە. بەڵام ئەگەر دەستتان نەگاتە زەریا نەوتی کێڵگەکانی کەرکووک بێ سوود دەبێت. یاسای نەوت و گاز ساڵی 2007 خرایە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەران، ئێستا دوای 15 ساڵ، یاسای نەوت و گاز هێشتا پەسند نەکراوە. ئەگەر ئەنجوومەنی نوێنەران یاساکە پەسند بکات و تێیدا بیخاتەڕوو بەرپرسیارێتی پارێزگاکان و هەرێمەکان چییە و بەرپرسیارێتی حکومەتی ناوەند چییە. هەروەها لەبارەی هەناردەکردنی نەوت و گازیش، داهاتەکەیان بۆ کوێ دەچێت؟ بۆ نۆژەنکاریی دوای داعش، یان وەبەرهێنان لە ژێرخاندا، تۆ خەڵکی ئێرەیت و من بیانیم، بەڵام بۆچی هێشتا یاسای نەوت و گاز پەسند نەکراوە؟ من وەک چاودێرێکی دەرەکی پێت دەڵێم، چونکە یاساکە زۆر گرنگە. ئەو یاسایە تاهەتایە دەستنیشانی ئەوە دەکات کام پارێزگایە دەوڵەمەند بێت و کام پارێزگایە هەژار بێت. لەبەر ئەوە ئەو پارێزگایانەی کە بزانن یاساکە لە دژیانە هەموو کارێک دەکەن بۆ شکستهێنان بە دەنگدان و تێپەڕاندنی یاساکە. چونکە نەبوونی یاساکە باشترە لە هەبوونی یاسایەک کە بیانخاتە پێگەیەکی لاوەکەییەوە. بەڵام عێراق پێویستی بە یاسای نەوت و گازە. ئەگەر یاساکەی 2007یان بەدڵ نییە، کە هێشتا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانە، ئەوە یاسایەک بنووسن کە پشتگیری زۆرتر بەدەستبهێنێت. 
 
رووداو: پرۆفیسۆر فرانک گەنتەر، خۆشحاڵبووم بووم بە گفتوگۆکردن لەگەڵتدا، هەروەها سوپاس بۆ ئەم هەڤپەیڤینە لەگەڵ رووداو. 
فرانک گەنتەر: پێزانینی زۆرم هەیە بۆتان.
 
رووداو: زۆر سوپاس 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ یۆگۆر چێرنیێڤ، سەرۆکی شاندی هەمیشەیی ئۆکراینا لە ناتۆ

یۆگۆر چێرنیێڤ بۆ رووداو: ئاشتی لە بەرامبەر سازشکردن لەسەر خاکی ئۆکراینا ناکەین

یۆگۆر چێرنیێڤ، جێگری سەرۆکی لیژنەی پەرلەمانی بۆ ئاسایشی نیشتمانی و بەرگری و هەواڵگری و سەرۆکی شاندی هەمیشەیی ئۆکراینا لە ناتۆ، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا رایدەگەیێنێت، رووسیا ئامادەی دانوستاندنی راستەقینە نییە و، تەنیا نواندن دەکات بۆئەوەی کات بەدەستبهێنێت و خۆی بۆ هێرشی نوێ ئامادە بکات