سەرۆکی دەستەی بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق: 18 بانک مامەڵەکردنیان بە دۆلار لێ قەدەخە کراوە

09-08-2023
هێمن عەساف
 فەیسەڵ هەیمەس، سەرۆکی دەستەی بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح
فەیسەڵ هەیمەس، سەرۆکی دەستەی بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح
نیشانەکردن دۆلار
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەستەی بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق دەڵێت، بەهای 100 دۆلار ناگاتە 200 هەزار دینار و پێویستیش ناکات پێداچوونەوە بە شێوازی پێدانی دۆلار لە رێگەی سەکۆی ئەلیکترۆنییەوە بکەن.
 
فەیسەڵ هەیمەس، سەرۆکی دەستەی بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح، پێشکێشکاری ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، دەرکردنی 14 بانکەکەی عێراق لە لیستی ئەو بانکانەی دەتوانن دۆلار لە بانکی ناوەندی وەربگرن، کاریگەریی لەسەر سرووشتی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی هەبووە و زەنگی مەترسییە بۆ عێراق. ئەو بەرپرسە دەشڵێت، لە کۆی نزیکەی 71 بانک لە عێراق، 18ـیان مامەڵەیان بە دۆلار لێ قەدەخەکراوە.
 
هەیمەس لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت، شاندێکی دەستەکەیان سەردانی سلێمانیی کردووە، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، لقی دەستەی گشتی بازاڕی کاخەزە داراییەکان لە سلێمانی دەکەنەوە.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: لە چەند رۆژی رابردوودا بەهای دینار لە بەرامبەر دۆلار زۆر دابەزی، بەشێک لە شارەزایان هۆکارەکەی دەگێڕنەوە بۆ ئەوەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا 14 بانکی لە لیستی ئەو بانکانە دەرکرد کە دۆلاریان پێدەدرێت، بەشێکیش بە زەنگێکی مەترسیدار ناوی دەبەن، تۆ چی دەڵێیت؟
 
فەیسەڵ هەیمەس: بەناوی خوای گەورە و میهرەبان، سوپاس بۆ میوانداریکردنم و پێدانی ئەم دەرفەتە. ئێوەش دەزانن، ئێمەی دەستەی بازاڕی کاخەزە داراییەکان، لایەنی پەیوەندیدارین بە بازاڕی پشکەکان و قەواڵەکانی عێراق. بابەتی دۆلار ئێوەش دەزانن بابەتێکی راستەوخۆ پەیوەندیدارە بە بانکی ناوەندی، بەڵام وەک وەڵامێک بۆ پرسیاری بەڕێزتان، رێگریی لەم 14 بانکە بۆ دەستبردن بە سەکۆی مامەڵەکردن بە دۆلار، بەدڵنیاییەوە کاریگەری بەسەر سرووشتی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی و دینار دەبێت. ئێمەش لە ماوەی رابردوودا ئەمەمان بەدیکرد، بەڵام ئێوەش دەزانن هەوڵی حکومی هەیە بە چاودێری بانکی ناوەندی و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ دانانی نەخشەڕێگایەکی دیاریکراو بۆ کەرتی بانکی.
 
لە چەند رۆژی رابردووشدا بینیمان هەڵمەتێک لەدژی قاچاخچییەکانی دۆلار لەناو بازاڕەکاندا دەستیپێکرد. پشت بەخوا ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ رێکخستنی کاری بانکی لە عێراق و پرۆسەی کارکردن لە سەکۆی دراوەکان. دەرەنجام کار بۆ ئەوە دەکرێت سەقامگیری بۆ دۆخی ئابووری و بەهای ئاڵوگۆڕی دراوەکان بەدی بکرێت. هاوکات رێگری لە هەڵاوسان بکرێت بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکان کە راستەوخۆ قووتی هاووڵاتییان بە ئامانج دەگرێت. 
 
رووداو: بەڕێز هەیمەس، تۆ پێتوایە دەرکردنی ئەو 14 بانکە زەنگێکی مەترسیدارە؟
 
فەیسەڵ هەیمەس: بەدڵنیاییەوە، لە ساڵی رابردوودا بینیمان چوار بانک لە عێراق مامەڵەکردنیان بە دۆلار لێ قەدەخە کرا. بەمدواییانەش 14 بانکی دیکە قەدەخەکران. ئەم جۆرە رێکارانە، بەگوێرەی روونکردنەوەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، بڕیارەکە بۆ تۆکمەترکردنی پرۆسەی کاری بانکی لە عێراق دەکات. هەروەها جەختیان لەوەکردەوە، کە ئەم رێکارانە سزا نین، بەڵکو تەنیا مامەڵەکردنیان بە دۆلار لێ قەدەخە کردووە. بانکی ناوەندی عێراقیش تاکە لایەن و سەرچاوەیە بۆ پێدانی مۆڵەتی کارکردن بە بانک و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی سیاسەتی دارایی و بانکی عێراقدا کاربکەن. هەر خۆیشی دەسەڵاتی قەدەخەکردن و هەڵوەشاندنەوەشی هەیە. ئەم بڕیارە، قەدەخەکردنێکی کاتییە بۆ گەیشتنیان بە پرۆسەی مامەڵەکردن و کڕین و فرۆشتنی دراوەکان. ئەگەر بانکەکان خۆیان رێکخستەوە و پابەندی تەواوی رێنماییەکان بوون، دەکرێ دووبارە بەردەوام بن لە چالاکییەکانیان لە کڕین و فرۆشتنی دۆلار. 
 
رووداو: لە رووی پراکتیکییەوە جیاوازیی چییە لەنێوان ئەوەی ئەو 14 بانکە خرابێتنە لیستی رەش یان لە لیستی ئەو بانکانە دەرهێنرابن کە دۆلار وەردەگرن؟ بۆچی پێتوایە بابەتەکە کاتییە؟
 
فەیسەڵ هەیمەس: نەخێر، بابەتەکە روونە. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی بانکی ناوەندی روونیکردەوە. پێموایە ئەمە بابەتێکی کاتییە، بۆ ئەوەی بانکەکان کارەکانیان سەرلەنوێ رێکبخەنەوە و لەگەڵ رێنماییەکانی کڕینی دۆلار خۆیان بگونجێنن کە دەبێ تەنیا لە چوارچێوەی شەرعییەوە بکرێت و بازرگانیی یاسایی و رەوایی پێ بکرێت. بەدڵنیاییەوە پێویستە بانکەکان زانیاری زۆر وردیان هەبێت لەبارەی کارەکانیان و رەزامەندیی لایەنە فەرمییەکانیان پێ ببەخشرێت و ئاگاداری ورد و درشتی هەموو هەنگاوەکانی ناو ئەم پرۆسەیە ببن. دەکرێ ئەم بانکانە چاو بە رێکارەکانیان بخشێننەوە و دەست لەسەر هەڵەکان دابنێن بۆ دووبارە نەکردنەوەی. 
 
رووداو: بەڕێز هەیمەس، دەگوترێت لە داهاتوودا 10 بانکی دیکە لە لیستی ئەو بانکانە دەربهێنرێن کە دۆلار وەردەگرن؟ مەترسییەکی لەم شێوەیە هەیە یان تەنیا پڕوپاگەندەیە؟
 
فەیسەڵ هەیمەس: دوای دەرچوونی بڕیاری راگرتنی مامەڵەکردن لە سەکۆی کڕینی دۆلار بۆ ئەم 14 بانکە، زۆر کەس دەستیان بەقسەکردن و پڕوپاگەندەی جیاواز کرد. ئەمەش وایکرد بەهای دۆلار بەرامبەر دینار هەڵبکشێت. گومان لەوەشدا نییە، زۆر کەس سوود لە بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ و بڵاوکردنەوەی پروپاگەندە دەبینن. پێموایە زێدەڕۆیی بۆ ئەم بابەتە دەکرێت. پێویستە ئەم بابەتە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بهێڵدرێت بەتایبەتیش بانکی ناوەندی و کەرتی بانکی و حکومەت بۆ ئەوەی کارەکانیان بە باشترین شێوە بکەن بە ئاراستەی دروست رێکبخرێتەوە. گرنگ ئەوەیە بەهای دینار سەقامگیر بکرێت بەو ئاست و ئاراستەیەی بانکی ناوەندیی دەیەوێت بە ئامانجی بگرێت. ئەم هەنگاو و کارانەش لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی و لە سوودی هاووڵاتییانی ئاسایی دەبن. 
 
رووداو: ناو بە ناو حکومەتی عێراق دەڵێت، باندێکی یاریکردن بە بەهای دینار و دۆلارمان دەستگیرکرد کە هۆکاری پشێوی بوون لە بازاڕەکان. ئەو باندانە بە چ شێوەیەک دەتوانن رۆڵیان هەبێت لە دروستکردنی پشێوی لە بازاڕی دۆلار و دینار؟ تا چەند ئەمە متمانە بۆ بازاڕی دۆلار و دینار دەگەڕێنێتەوە؟
 
فەیسەڵ هەیمەس: ئەمە بابەتێکی زۆر گرنگە، ئێوەش دەزانن لەماوەی رابردوودا ئەم باندانە بڕێکی زۆر دۆلاریان بۆ وڵاتانی دراوسێ و نزیکی عێراق گواستەوە. ئەم کردەوانە زیانی زۆریان بە ناوبانگی کەرتی بانکی عێراقی گەیاند و دەرەنجام وەک باسمان کرد، بووە هۆی راگرتنی چالاکییەکانی 14 بانکی ناوخۆ بۆ مامەڵەکردنیان لە سەکۆی دراوە بیانییەکان. ئەم رێکارانە راستییەکەی رێکاری زۆر پێویستن، چونکە بەر لە هەر جۆرە بەقاچاخبردنی دراوەکان دەگرن کە بە رێگای نایاساییەوە ئەم کارە دەکەن. مەرجە حکومەت بەرپەرچیان بداتەوە و ئەم بۆشاییە پڕبکاتەوە و چارەسەری بکات بۆ ئەوەی هاووڵاتیی لەم نێوەندەدا سوودمەند بێت، نەوەک چەند کەسانێک بە رێگەی نایاسایی. 
 
رووداو: بەڵام کێشەیەک هەیە؛ لە ماوەی ساڵی رابردوو تاوەکو ئێستا بانکی ناوەندی دەیان رێکاری گرتووەتەبەر بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕی دینار و دۆلار، بەڵام تا ئاستێک سەرکەوتوو نەبووە؛ پێتوایە تا چ ئاستێک لەمەدا سەرکەوتوو بووە؟ ئەگەر ئەو رێکارانە نەبوونایە، ئێستا بەهای 100 دۆلار بە چەند دەبوو؟
 
ئەلهەیمەس: ئێوەش دەزانن، بەمدواییانە بانکی ناوەندی پاکێجێکی نوێی رێنماییەکانی بڵاوکردەوە کە پەیوەندییان بە بازرگانە بچووکەکانەوە هەیە بەبێ ئەوەی خاوەن کۆمپانیا بن و بەشداریکردنیان لە سەکۆی کڕینی دراو بۆ ئەوەی دۆلاریان دەستبکەوێت بۆ پارەدارکردنی بازرگانییە دەرەکییەکانیان، پێموایە ئەم رێکارانە بۆشایی نرخەکان پڕدەکاتەوە لەنێوان نرخی فەرمی و نرخی بازاڕی رەش. ئەم رێکارانەش وەک باسمکرد، بانکی ناوەندی دەستنیشانی دەکات. 
 
رووداو: شێوازی سوودوەرگرتنی بازرگانە بچووکەکان چۆنە لەو 100 هەزار دۆلارەی مانگانە پێیاندەدرێت؟ ئەو بەڵگەنامانە چین، کە دەبێت پێشکێشی بکەن؟
 
فەیسەڵ هەیمەس: بانکی بازرگانیی عێراق، دەستپێشخەرییەکی بۆ بازرگانە بچووکەکان هەیە بۆ ئەوەی دۆلاریان دەستبکەوێت ئەویش لە رێگەی پێشکێشکردنی بەڵگەنامەکانی وەک پسووڵەی کڕین و فرۆشتنی کاڵاکان و تۆماری ئەندامیێتییان لە ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی عێراق لەو پارێزگایەی تێیدا دەژیت. هەروەها بازرگانەکە لە رێگەی ئەم دەستپێشخەرییەوە دەتوانێت دراوی بیانی و دۆلاری لە رێگەی بانکی بازرگانیی عێراق دەستبکەوێت. 
 
رووداو: باشە، بەڵام هیچ مەترسییەک نییە ئەمە دووبارە بەهەدەردان و گەندەڵیی تێبکەوێت؟ کۆمەڵێک کەس بێنە نێو ئەم بابەتەوە کە بازرگان نەبن و بەڵگەنامەی ساختە پێشکێش بکەن؟
 
فەیسەڵ هەیمەس: نەخێر، نەخێر پێموانییە، بانکی بازرگانی عێراق (تی بی ئای) یەکێکە لە بانکە هەرە بەهێزەکان و تۆڕێکی زۆر فراوانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەیە. هەروەها پابەندییەکان بۆ ئەم بانکە لە ئاستێکی زۆر باڵادایە و رێکار و رێوشوێنەکانی زۆر سەخت و چڕن. هەموو ئەمانە وایانکردووە لەو توانایەدا بێت ئەم کارە بکات. ئەو بازرگانانەی مامەڵە لەگەڵ ئەم بانکەدا دەکەن گەواهی رێکارە تووندەکانی دەکەن. ئەمە جگە لەوەی بانکەکە رۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە لە پڕکردنەوەی بۆشاییەکی زۆری ئابووری بۆ دەوڵەتی عێراق. 
 
رووداو: پێتوانییە پێویست بێت بانکی ناوەندی، حکومەت و دامەزراوە داراییەکان دەستکاری و گۆڕانکاری لە شێوازی خستنەڕوو پێدانی دۆلار بکەن؟ هەست ناکەن [سەکۆی ئەلیکترۆنی] پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە؟
 
فەیسەڵ هەیمەس: نەخێر، ئێوەش دەزانن، رێککەوتنێک لەنێوان بانکی ناوەندی و بانکی فیدراڵی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکی هەیە بۆ کارکردن لە رێگەی سەکۆکان. پرۆسەکە لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەستیپێکردووە و باشترین رێگایە بۆ پارەدارکردنی بازرگانە شەرعییەکان بە دراوی بیانی، بە مەبەستی هاوردەکردنی کاڵاکانیان بۆ ناو بازاڕەکان. ئەمڕۆ کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتیی هەیە، رێککەوتنی لەگەڵ بانکی ناوەندی کردووە بۆ چاودێریکردنی جموجۆڵە بازرگانییەکانی بازرگانەکان و ئەمەش رێگەخۆش دەکات بۆ پارەدارکردنی بازرگانەکانی عێراق بۆ کڕینی کاڵاکان و هاوردەکردنیان. پێموایە ئەمە باشترین رێگایە بۆ ئەم جۆرە مامەڵانەی دەیکەن. هەروەها ئەم کارانە لەسەر بنەمای پێداویستییەکانی ئابووری و بازرگانیی عێراق کراون. 
 
رووداو: بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان، ژمارەی ئەو بازرگانانە زۆر کەمن کە سوودمەندن لە سەکۆی ئەلیکترۆنی بانکیی ناوەندیی عێراق، تەنانەت لە عێراقیش. چی بکرێت بۆ ئەوەی زۆرترین بازرگانی 'راستەقینە' دەستیان بە دۆلاری هەرزان بگات بۆ ئەوەی کاڵا و شتومەک بە هەرزان هاوردە بکەن؟
 
فەیسەڵ هەیمەس: نەخێر، لەم بابەتەدا لەگەڵ بەڕێزتان هاوڕانیم، لەبارەی ژمارەی ئەو کەسانەی لەم سەکۆیەدا سوودمەند دەبن، بەوەی ژمارەی بازرگانەکان لەم بوارەدا کەمە. دەبێ ئەوە لەیاد نەکەین، سەرجەم بانکە ناوخۆییە چالاکەکان ئەوانەی مامەڵە لەگەڵ سەکۆکە دەکەن، لە هەرێمی کوردستانیش هەن، وەک چۆن لە سەرجەم پارێزگاکانی دیکەشدا هەن. ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە ژمارەیەکی زۆر لە بازرگانان خۆیان تۆمارکردووە بۆ ئەوەی مامەڵە لەم سەکۆیەدا بکەن و رۆژانە مامەڵەکانیان بکەن. وەک روونە بانکی ناوەندیی رۆژانە لەنێوان 200-220 ملیۆن دۆلار دەفرۆشێت. ئەمە ژمارەیەکی زۆر گەورەیە و دەرخەری ئەوەیە کە ئەم سەکۆیە پلاتفۆرمێکی شەرعییە و پێداویستییەکانی بازرگانان بەدی دەکات لە کڕینی کاڵاکانیان لە دەرەوە و هاوردەکردنیان بۆ عێراق. 
 
رووداو: قسە و باس لەسەر ئەوە دەکرێت کە بەهای 100 دۆلار دەگاتە 200 هەزار دینار؛ پێموایە لەگەڵ ئەو رایەدا نیت، بەڵام مەترسی هەیە بەهای دینار بەو ئاستە دابەزێت؟
 
فەیسەڵ هەیمەس: سەیرکە، ئەو رێکارانەی بووە هۆی راگرتنی مامەڵەی کاری ئەم 14 بانکە، بەدڵنیاییەوە کاریگەری خستە سەر بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار. ئەمەش لە ئەنجامی ئەو سوپرایزە بوو سەریهەڵدا. لە پاڵ ئەمەش ئەو پشێوی و پرۆپاگەندانەی کە باسمان کرد رۆڵی خۆیان گێڕا بۆ ئەوەی بەهای دینار دابکشێت. لە دوو رۆژی رابردوودا بینیمان دۆلار لە بەرامبەر دیناری عێراقی، بەهای لەدەستدا. پێموایە هاوئاهەنگیی زۆر لەنێوان بانکی ناوەندیی عێراقی و حکومەتی عێراقی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکی و بانکی فیدراڵی ئەمریکی هەیە بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی دۆخەکە بکەن. من گەشبینم و راستییەکان دەبینم بەوەی زۆر ئەستەمە بەهای دۆلار بگاتە 200 هەزار دیناری عێراقی. ئەمە بە دوور دەزانم، رەنگە ناسەقامگیری دروست ببێت، بەڵام ناگاتە ئەم ئاستە و حکومەت و بانکی ناوەندی هەمیشە لە هاوئاهەنگیدان بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییانە پڕبکەنەوە کە رێگەدەدەن بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دابکشێت. 
 
رووداو: پێشبینی ناکەیت لە مەودانزیکدا بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار کەمێک زیاتر دابەزێت؟ بۆ نموونە بەهای 100 دۆلار بگاتە 160 هەزار دینار؛ پێشبینی شتی لەمجۆرە دەکەیت؟
 
فەیسەڵ هەیمەس: سەیرکە، ئێستا لەرینەوە و ناسەقامگیری بەهێز هەیە، لە دابەزین و هەڵکشاندا. پێموایە ئەو رێکارانەی بانکی ناوەندی گرتوویەتەبەر، رێگەخۆش دەکات بۆ کەمکردنەوەی ئەو بۆشاییانە. بۆیە پێموایە لەمەودوا داکشان روو دەدات، نەک هەڵکشان. 
 
رووداو: رۆڵی دەستەی بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق چییە لە راگرتنی هاوسەنگی بازاڕی دۆلار و دینار و رێکخستنی کاروباری بازرگانان؟ 
 
فەیسەڵ هەیمەس: ئێمە، وەک بەڕێزتان دەزانن دەستەکەمان رۆڵی چاودێر بەسەر بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراقدا دەگێڕێت. هاوکات سەرپەرشتیی کارەکان و پرۆسەکانی ئاڵوگۆڕیان دەکەین. هەوڵیش دەدەن پەرەی زیاتری پێبدەین و هەوڵەکانمان چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی لقەکانی دەستەکەمان لە سەرجەم پارێزگاکاندا بکەینەوە بە هەرێمی کوردستانیشەوە. هەفتەی رابردووش، شاندێکی دەستەی بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق بەمەبەستی کاری هاوبەش و ئەنجامدانی هاوئاهەنگیی، سەردانی سلێمانیمان کرد بۆ دروستکردنی هۆڵێکی ئاڵوگۆڕکردن لە سلێمانی و پشت بەخوا بەدواداچوون بۆ ئەم هەوڵانە دەکەین بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستاندا بوونمان هەبێت لەپێناو پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکانمان لە هەرێمی کوردستان، بۆ دەستکردن بە مامەڵەی ئاڵوگۆڕی دراوەکان لە سلێمانی. 
 
رووداو: کەی ئەو بازاڕە لە سلێمانی دەکرێتەوە؟

 

فەیسەڵ هەیمەس: پشت بەخوا، پێش کۆتایی ساڵ. 
 
رووداو: ئەی لەبارەی بازاڕی کاخەزە داراییەکان لە هەولێر؟ چەند ساڵێک لەمەوبەر بڕیار بوو بکرێتەوە، ماوەی رابردووش هەمان پرسیارم لە بەڕێزتان کردەوە؛ ئەو پرسە بەکوێ گەیشت لە هەولێر؟
 
فەیسەڵ هەیمەس: ئێمە لە ساڵی 2014دا مۆڵەتی کارمان بە هەولێر دا بۆ ئەوەی ئەوانیش بنکەیەک بکەنەوە و بەفەرمی کاربکەن و لایەنە فەرمییەکانیش لە هەولێر دەستپێشخەربوون بۆ کردنەوەی کۆمپانیایەک بۆ بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوەکان و ئێمەش مۆڵەتمان پێدان. زۆر بەداخەوە رووداوەکانی موسڵ و سەرهەڵدانی داعش و قەیرانەکان وایکرد ئەم کارانە دوابکەوێت. ئێستاش لەگەڵ برایانمان لە هەولێر پەیوەندیمان هەیە، ئەمڕۆش پێویستمان بەوەیە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کاربکەین بۆ کاراکردنەوەی ئەم بازاڕە. 
 
رووداو:  هەست دەکەم لەوەی هەولێر بێئومێد بوون، بۆیە هاتوون لە سلێمانی بیکەنەوە؛ ئایا بێئومێد بوون لە دەستەی بازاڕی کاخەزە داراییەکان لە هەولێر یان ئەو بابەتە هەر ماوە؟

 

فەیسەڵ هەیمەس: نەخێر نەخێر، هێشتا ماوە و پێشوازی دەکەین لەوەی بازاڕێکمان هەبێت لە هەولێر و سلێمانیش بەهەمانشێوە، بەڵام بەمدواییانە داوایەکمان پێشکێش کرا بۆ ئەوەی بازاڕی کاخەزە داراییەکان لە سلێمانی بکەینەوە. لەسەر خواستی ئەوان، ئێمەش دەستمان بەرێکارەکان کرد بۆ ئەوەی پێگەمان لە هەرێمی کوردستانیش هەبێت کە سوودی بۆ هاووڵاتییانمان دەبێت لە هەرێمی کوردستان. 
 
رووداو: حەز دەکەم روونتری بکەینەوە لەبەر ئەوەی خەڵکێکی زۆر گوێمان لێدەگرن و دەمانبینن؛ کردنەوەی بازاڕی کاخەزە داراییەکان لە عێراق، لە هەولێر و سلێمانی چ سوودێکی بۆ هاونیشتمانییان هەیە؟ بۆ ئەوەی خەڵک بزانن کردنەوەی ئەو بازاڕە چ سوودێکیان پێدەگەیێنێت.
 
فەیسەڵ هەیمەس: ئێوەش دەزانن، بۆ مامەڵەکردن لە بازاڕی ئاڵوگۆڕکردن بە پشک و قەواڵەکان پێویستی بە هەژماری وەبەرهێنەر هەیە. هاووڵاتییەک ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان بیەوێت هەژمارێک بکاتەوە بۆ دەستکردن بە مامەڵەکردن، دەبێ سەردانی بەغدا بکات و لەوێ ئامادە بێت بۆ ئەوەی مامەڵەی کردنەوەی هەژمارەکانی رایی بکات. کردنەوەی ئەم بازاڕە، کۆتایی بەم رێکارە قورس و سەختە دەهێنێت و ئاسانکاری زۆر بۆ برایانمان لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەوەی بچنە بازاڕەکان یان لقی دەستەکە لە هەولێر و سلێمانی بۆ کڕینی پشک و قەواڵەکان. ئێوەش دەزانن کڕینی پشک و قەواڵەکان پرۆسەیەکە لە کاتی دابەشکردنی قازانجەکان، وەبەرهێنەریش سوود لە قازانجەکان وەردەگرێت. بە هەڵکشانی پشکەکانیش هۆکار دەبێت بۆ ئەوەی بەهاکانی زیاد بکات. 
 
رووداو: ژمارەی ئەو کۆمپانیا و دامەزراوانە چەندە کە لە دەستەی بازاڕی کاخەزە داراییەکان ناویان تۆمارکراوە، چالاکییان هەیە و مامەڵە بە پشکەکانیان دەکرێت؟
 
فەیسەڵ هەیمەس: ئێستا ژمارەی ئەو کۆمپانیانەی لە دەستەی کاخەزە داراییەکانی عێراق تۆمارکراون و لەناو پڕۆسەی کڕین و فرۆشتنی پشک و قەواڵەکاندا کاردەکەن، 103 کۆمپانیان. 
 
رووداو: چالاکترین کۆمپانیاکان کامانەن؟ لە کام کەرتن؟
 
فەیسەڵ هەیمەس: زۆرن، وەک ئاسیا سێل وەک کۆمپانیای بەغدا بۆ خواردنەوە گازییەکان. بانکەکان و زۆر کۆمپانیا هەن بەشدارن. هەروەها پێنج پارێزگای بیانیشمان هەن و بەشدارن لە پرۆسەی وەبەرهێنان لە بازاڕەکانی عێراق کە رۆڵیان هەیە بۆ بازاڕکردن و قەبارەی وەبەرهێنانەکان دەگەنە 500 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی. 
 
رووداو: دیارترین ئەو بانک و دامەزراوانە کامانەن کە پەیوەندیتان لەگەڵیان هەیە و مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن؟
 
فەیسەڵ هەیمەس: لەبارەی بانکەکان، پێنج بانک هەن لەسەر ئاستی هەرێمی بەشدارن وەک بانکەکانی ئوردنی، ئیماراتی، قەتەری و بەحرەینی. ئێمەش وەک دەستە چاودێری و بەدواداچوون بۆ ئەدای کارەکانیان دەکەین. لەبارەی پەیوەندییە دەرەکییەکانمان، ئێمە ئەندامی دەستەی کاخەزە داراییەکانی عەرەبین. هەروەها ئەندامی دەستەکانی کاخەزە داراییە نێودەوڵەتییەکانین (ئەیاسکۆ) هەروەها چالاکی و هاوئاهەنگی زۆرباشمان هەیە بەتایبەتی لەبارەی ئاڵوگۆڕی بیروڕاکان و گرتنەبەری پێوەر و ستاندەری نوێخوازی زیاتر و پێشکەوتوو لەسەر ئاستی جیهان. هەروەها خولی راهێنانی هاوبەشی بەردەوامیش لەنێوانماندا هەیە. ئەم هاوئاهەنگییانە بەردەوامن و ئێمەش هاوکات ئەندامین لە لیژنەی هاوبەشی کاری عێراقی، ئوردنی، میسری لەبارەی ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکانی نێوانمان. جگە لەمەش ئەندامی لیژنەی هاوبەشی کار و هاوئاهەنگین لەگەڵ سعودیە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ڤیکتۆریا تایلەر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران

بەرپرسێکی پێشووی ئەمریکا بۆ رووداو: پێکهێنانی حکومەت ئەرکی پارتی و یەکێتییە، نەک واشنتن

یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران، رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هانی دیالۆگی نێوان پارتی و یەکێتی دەدات، بەڵام "ئەرکی واشنتن نییە دوو پارتەکە لێک نزیک بکاتەوە" بۆ پێکهێنانی حکومەت و جەختی کردەوە، "لە کۆتاییدا، ئەمە دەکەوێتە سەر هەردوو پارتەکە خۆیان کە بگەنە سازان."