وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی: شوێنگرەوەم بۆ دەستنیشان بکرێت دەست لەکار دەکێشمەوە

10-05-2025
پەیمان محەممەد
 کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان.
کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت، پارتی و یەکێتی داوای وەرگرتنی وەزارەتەکە دەکەن بۆ کابینەی داهاتووی حکومەت. لەبارەی بڕیارەکەی بزووتنەوەی گۆڕانیش بۆ کشانەوە لە حکومەت گوتی، ''کەسێک دەستنیشان بکرێت کە وەزارەتەکەی رادەست بکەم، دەست لەکار دەکێشمەوە.''
 
ئەمڕۆ شەممە 10-05-2025، کوێستان محەممەد، میوانی بەرنامەی ''رۆژی هیوا جەمال''ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، رەتیکردەوە لە کابینەی نوێدا لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە و رایگەیاند، ''بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاری داوە کە نەچێتەوە حکومەت و ببێتە ئۆپۆزیسیۆن، منیش هەموو کاتێک پابەندی بڕیارەکانی گۆڕانم و لە کابینەی دەیەمدا پۆست وەرناگرمەوە.''
 
کوێستان محەممەد کە سەرۆکی تیمی بزووتنەوەی گۆڕانە لە حکومەت ئاماژەی دا، هەردوو لایەنی یەکێتی و پارتی بۆ کابینەی داهاتوو داوای وەرگرتنی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەکەن، ''چونکە دوای ئەوەی ئێمە وەزارەتەکەمان وەرگرت، بە گوتەی خۆیان تێگەیشتن کە ئەم وەزارەتە چەندە گرنگە، بۆیە ئێستا یەکێک لە بابەتەکانیان ئەوەیە کە کامە لایەن وەریبگرێت.''
 
ئەو وەزیرەی کابینەی نۆیەمی حکومەت ئاماژەی بەوەش کرد، ''زیان یان سوودی وەرگرتنی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی پەیوەندی بە دۆخەکەوە هەیە، ئەگەر ئەو لایەنەی وەریدەگرێت بتوانێت خزمەتی خەڵک بکات، ئەوە سوودی لێ دەبینێت، بەڵام ئەگەر نەتوانێت داواکاریی خاوەن پێداویستیی تایبەت، منداڵی خانەکان، زیندانییانی سیاسی و کریکاران جێبەجێ بکات، بێگومان زیانی لێ دەبینێت.''
 
''کەسێک بۆ شوێنگرەوەم دەستنیشان بکرێت دەست لەکار دەکێشمەوە''
 
بزووتنەوەی گۆڕان لە حکومەتدا چوار وەزارەتی هەیە. سێ وەزیریان لەسەر بڕیاری حیزبەکەیان داوای دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکێشکردووە، کە یەکێکیان کوێستان محەممەدە، بەڵام تاوەکو ئێستا لەسەر کارەکانیان بەردەوامن. 
 
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتی، ''کاتێک دەست لەکار دەکێشمەوە، دەبێت داواکەم پەسند بکرێت، کەسێک رابسپێردرێت بۆ شوێنەکەم و دواجار ئەستۆپاکیم بدەنێ." 
 
کوێستان محەممەد لەبارەی هۆکاری دواخرانی دەستلەکارکێشانەوەکەی ئەوەی خستەڕوو، ''ئەوەی کە ئێستا لەم وەزارەتەدا لە ئەستۆی منە، بە دەیان ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت، ناتوانم هەر بەو شێوەیە جێی بهێڵم.''
 
بەگوتەی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بزووتنەوەی گۆڕان لە یەک یان دوو دانیشتندا داوایان لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە کە دەستلەکارکێشانەوەکان پەسند بکات، ''بەڵام تاوەکو ئێستا قبووڵی نەکردووە، هەر کات پەسندی کرد و کەسێکی دەستنیشان کرد ئەرکەکانی من راپەڕێنێت، بێگومان رۆژێک دوای ئەوەی ئەستۆپاکیم وەرگرت، شوێنەکەم جێدەهێڵم.''
 
تەمەنی کابینەی نۆیەم نزیکە لە شەش ساڵ، کوێستان محەممەد دەڵێت، ''شانازی بە زۆر کارەوە دەکەم کە لەو ماوەیەدا وەکو وەزیر کردوومن، لەوانەش کارکردن لەسەر دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران، چاکسازی لە چاکسازییەکاندا و ئەو خزمەتگوزارییەی پێشکێش بە داینگەکان، خانەکانی منداڵان و بەساڵاچووان کراوە.''
 
گوتیشی، بۆ بەرەوپێشچوونی چالاکییەکانی وەزارەت، بنچینیەک دانراوە بۆ ئەوەی ''دوای ئێمەش کابینەکانی دیکە بتوانن لەسەریان بەردەوام بن، بەڵام ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر وەزیرەکە خۆی کە تاوەکو چەند دەتوانێت کارئاسانی بۆ بەشە جیاجیاکانی هەر سێ سێکتەرە گرنگەکانی وەزارەت (کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، چاکسازییەکان و کاروباری کۆمەڵایەتی) بکات.
 
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە درێژەی چالاکییەکانی وەزارەتەکە لە کابینەی نۆیەمدا باسی لە بەڕێوەبردنی خولەکانی راهێنانی پیشەیی بۆ گەنجان کرد و گوتی، ''لەم شەش ساڵەدا زیاتر لە پێنج هەزار گەنج لای ئێمە خولی جیاجیایان بینیوە و 30٪ـیان ئێستا خاوەن پیشەی خۆیانن.''
 
''زۆرترین کار و کەمترین مووچە لە وەزارەتی ئێمەیە''
 
کوێستان محەممەد لەبارەی بەربەستەکانی بەردەم چالاکییەکانی وەزارەتەکەی ئاماژەی دا، ''تاوەکو ئێستا تەنیا پرسی دارایی و کەمیی ستاف هۆکار بووە کە ئێمە نەتوانین ئەرکەکانمان وەک خۆی جێبەجێ بکەین.''
 
بەگوتەی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لەکاتی دەستبەکاربوونی ئەودا، وەزارەتەکە پێنج هەزار و 200 فەرمانبەری هەبووە کە ''ئەو ژمارەیە کەمە و بە بڕوای من ئێستا پێویستمان بە چەند هەزار فەرمانبەرێکی دیکەیە.''
 
کوێستان محەممەد ئەوەشی خستەڕوو، لە ماوەی کاری کابینەی نۆیەمدا لە وەزارەتەکە، نزیکەی هەزار فەرمانبەریان بە گرێبەست دامەزراندووە، ''بەڵام ئەمەش کەمە و پێویستیمان بە ستافی زیاتر هەیە، چونکە زۆرترین کار و کەمترین مووچە و دەرماڵە تایبەتە بە وەزارەتی ئێمە.''
 
''زیاتر لە ترلیۆنێک دینارمان لە سندووقی خانەنشینیی کرێکاراندا هەیە''
 
لە بەشێکی قسەکانیدا وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی باسی لە سندووقی خانەنشینیی کرێکاران کرد و گوتی، ''ئێستا سندووقەکە زیاتر لە تریلیۆنێک و 340 ملیار دیناری (بە پسوولە نەوەک بە نەختینە) تێدایە.
 
بەگوتەی کوێستان محەممەد ئەگەر کرێکارێک خانەنشین بێت یان لە کاتی کارکردندا گیان لەدەستبدات و رووداوێکی نەخوازراو رووبدات، دوای کابینەی نۆیەمیش مامەڵەکانی لە وەزارەتی دارایی ناوەستن، ''هەروەها کرێکار (ـی خانەنشین) دوو مانگ جارێک، مووچەی دوو مانگ وەردەگرێت، لێبڕین و پاشەکەوت نایگرێتەوە و مووچەکەی وەک خۆی وەردەگرێت.''
 
وەک وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت، ئەو کرێکارەی کە داوای پارەی کۆتایی خزمەت دەکات، ''پارەکەی لە حکومەت وەردەگرێتەوە، پار ئێمە زیاتر لە پێنج ملیار دینارمان تەنیا پارەی کۆتایی خزمەت داوەتەوە بەو کرێکارانەی کە داوای پارەکانیان کردووەتەوە، بۆیە لەگەڵ ئەوەی کە ئەمە تەنیا پسووڵەیە (رەسید) و نەختینەمان نییە، بەڵام کارەکانمان ناوەستن.''
 
''ستەمی زۆر لە کرێکاران دەکرێت''
 
زۆر جار هەندێک لە کرێکارانی ژن کە دایکن، لە کاتی کارکردندا تووشی گرفت دەبنەوە. کوێستان محەممەد لەبارەی پاراستنی مافی کرێکارانی ژن گوتی، ''لە یاسای کاردا مافی زۆر دراوە بە کرێکارانی ژن و ئەوانەی دووگیانن یان منداڵیان دەبێت، هەروەها کۆمەڵێک رێکاری تێدایە کە لە بەرژەوەندییاندایە''.
 
بەگوێرەی یاسا، دەبێت مۆڵەتی دایکایەتی بدرێت بە کرێکارانی ژن، بەڵام بەشێک لە خاوەنکارەکان پێشێلی ئەم یاسایە دەکەن. وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی دا، ''لە دوایین کۆبوونەوەم لەگەڵ بەڕێوەبەرەکان لە وەزارەت، رامگەیاندووە یەکێک لە ئەرکە هەرە سەرەکییەکانیان بەدواداچوون بێت بۆ ئەم بابەتە، چونکە کرێکار زۆر بە کەمی خۆی پەیوەندی دەکات بۆ ئەوەی (وەک دایکێک) داوای وەرگرتنی مافەکانی خۆی بکات''.
 
کوێستان محەممەد ئەوەشی خستەڕوو، ''بۆ ئەوەی کرێکار بزانێت مافەکەی لە کوێ وەربگرێتەوە، هێڵی گەرمی 5500مان هەیە. تاوەکو ئێستا تەنیا یەک ژن پەیوەندی پێوە کردووین کە لە مۆڵەتی دایکایەتیدایە و مووچەکەی پێنادەن، بۆیە ئەم بابەتە پێویستی بە بەدواداچوونی وردی لیژنەکانی کار هەیە و دەبێت گوشارێکی گەورە بخرێتە سەر خاوەنکارەکان.''
 
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوە کرد، ''بەداخەوە زۆر جار ستەمی زۆر لە کرێکاران دەکرێت، ئەوەی کە زۆریش دووبارە دەبێتەوە، کاری زۆر، کرێی کەم و نەبوونی دەستەبەرە بۆیان.''
 
''گرنگترین مافی هەر کرێکارێک دەستەبەری کۆمەڵایەتییە''
 
بەپێی یاسا هەموو شوێنی کارەکان لە کەرتی تایبەت، دەبێت دەستەبەری کرێکارەکانی بکات.
 
کوێستان محەممەد گوتی، ''دەستەبەری کۆمەڵایەتی گرنگترین مافی هەر کرێکارێکە، چونکە کرێکار لە دواجاردا دەبێت خانەنشین بێت و مافەکانی خۆی وەربگرێتەوە.''
 
جەختیشی لەوە کردەوە، ''دەستەبەرکردنی کرێکاران لە کەرتی تایبەت کراوەتە زۆرەملێ (ئیجباری) و ئەوەندەی بتوانین هەوڵ دەدەین هەموو شوێنی کارێک دەستەبەری کرێکارەکانی بکات''.
 
''عەقید و پەرلەمانتار هەن مووچەی خاوەن پێداویستیی تایبەت وەردەگرن''
 
هاونیشتمانییەک لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پەیامی بۆ بەرنامەکەی رۆژی هیوا جەمال ناردووە و داوای کردووە پرسیار لە وەزیر بکرێت کە ''نەخۆشێکی وەکو هیمۆفیلیا یان خاوەن پێداویستییەکی تایبەت کە کارکردن بۆی زەحمەتە، چۆن دەتوانێت بە 150 هەزار مووچەوە بژێوی ژیانی دابین بکات؟''
 
کوێستان محەممەد لە وەڵامی پرسیارەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، ''بێگومان ئەو بڕە پارەیە کەمە، ساڵی 2011 کە یاسای کەمئەندامان پەسند کرا، کەمترین مووچەیان 250 هەزار دینار بوو، بەڵام نازانم بۆچی لەکاتێکدا کە قەیرانی داراییش نەبوو، هاتن تەنیا 150 هەزار دیناریان بۆ ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانە بڕیەوە کە هیچ مووچەیەکی دیکەیان نەبوو، ئەوانەی کە مووچەی دیکەشیان هەبوو، 100 هەزار دیناریان بۆ دیاری کردن.''
 
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی جەختی لەوە کردەوە، دابەشکردنی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان ''نایەکسانی'' تێدایە. ''عەقید، نەقیب، پەرلەمانتار یان کەسانی دیکە هەن کە چوار ملیۆن و نیو مووچەیان هەیە، کە چی 100 هەزار مووچەی خاوەن پێداویستیی تایبەتیش وەردەگرن، ئەوە لەکاتێکدایە هەندێک خاوەن پێداویستیی تایبەتی دیکە هەن کە ئەگەر موچەیەکی 400 هەزار دیناریی دیکەشیان هەبێت، هێشتا لەگەڵ ئەو 100 هەزار دینارە بەشی بژێویی ژیانیان ناکات.''
 
کوێستان محەممەد جەختی لەوە کردەوە، ''دەبووایە کاتی خۆی یاساکە سەقفێکی دیاری کردبووایە کە نابێت ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانەی مووچەکانیان لە ملیۆنێک دینار زیاترە، ئەم مووچە 100 هەزار دینارییە وەربگرن. ئەمە نایەکسانییەکی زۆری تێدایە.''
 
بەگوتەی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ''دەبێت یاساکە بە شێوازێک هەموار بکرێتەوە کە بڕی داهاتی کەمئەندامان دیاری بکرێت، ئینجا مووچەی خاوەن پێداویستیی تایبەتیان بۆ ببڕێتەوە.''
 
بە گوێرەی ئاماری یەکێتیی کەمئەندامان، لە هەرێمی کوردستان 89 هەزار خاوەن پیداویستیی تایبەت مووچەیان بۆ بڕاوەتەوە و نزیکەی 30 هەزار بۆ  40 هەزاری دیکەش لە ساڵی 2013ـەوە چاوەڕوانی تۆمارکردنن بۆ وەرگرتنی مووچە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ یۆگۆر چێرنیێڤ، سەرۆکی شاندی هەمیشەیی ئۆکراینا لە ناتۆ

یۆگۆر چێرنیێڤ بۆ رووداو: ئاشتی لە بەرامبەر سازشکردن لەسەر خاکی ئۆکراینا ناکەین

یۆگۆر چێرنیێڤ، جێگری سەرۆکی لیژنەی پەرلەمانی بۆ ئاسایشی نیشتمانی و بەرگری و هەواڵگری و سەرۆکی شاندی هەمیشەیی ئۆکراینا لە ناتۆ، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا رایدەگەیێنێت، رووسیا ئامادەی دانوستاندنی راستەقینە نییە و، تەنیا نواندن دەکات بۆئەوەی کات بەدەستبهێنێت و خۆی بۆ هێرشی نوێ ئامادە بکات