وەزیری گواستنەوەی هۆندوراس بۆ رووداو: لەسەر کێشەی کۆچبەران لەگەڵ ئەمریکا قسە دەکەین

13-02-2025
تەنیا ئەحمەد
رۆبێرتۆ ئۆردۆنێز، وەزیری گواستنەوەی هۆندوراس
رۆبێرتۆ ئۆردۆنێز، وەزیری گواستنەوەی هۆندوراس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری گواستنەوەی هۆندوراس لە لووتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دووبەی، بە رووداوی راگەیاند، "لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا لەسەر کێشەی کۆچبەران لەگفتوگۆداین، هەرچەندە بڕواناکەین ئەمریکا هەموو هۆندوراسییەکان دیپۆرت بکاتەوە، چونکە کارکەری لێهاتوون."
 
رۆبێرتۆ ئۆردۆنێز لە دووبەیەوە لەکاتی بەشداریکردنی لە لووتکەی جیهانیی حکومەتەکان بە هاوار عەبدولڕەزاق، نێردراوی رووداوی گوت، "ئەم لووتکەیە لەبارەی کاری حکومەتەکانە لە جیهان، لەبارەی رێباز و رێگەی جیاواز کە پشتیان پێ بەستراوە. یەکێک لە قەیرانە سەرەکییەکان بریتییە لەو سەردەمە نوێیەی لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا لەبەردەمماندایە، چونکە ئەوان خەریکە گۆڕانکاریی زۆر لە مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتەکان و کۆچی خەڵک لە وڵاتە هەژارەکانەوە بەرەو ئەمریکا، دەکەن."
 
لەبارەی دیپۆرتکردنەوەی پەناخوازانی هۆندوراسی لە ئەمریکاوە، ئۆردۆنێز گوتی "هۆندوراس وڵاتێکی زۆر هەژاری ئەمریکای لاتین و جیهانە، کە پشت زۆر بە حەواڵەکردنی پارە دەبەستێت. ئێمە نزیکەی یەک لەسەر سێی کۆی بەرهەمی ناوخۆ لە رێگەی حەواڵەکردنی پارەوە بەدەستدەهێنین. بۆیە ئەگەر خەڵکی زۆر بگەڕێننەوە، کاریگەرییەکە زۆرگەورە دەبێت."
 
وەزیرەکەی هۆندوراس پێیوانەبوو ئەمریکا زۆر هاووڵاتیی هۆندوراس دیپۆرت بکاتەوە، چونکە "خەڵکی ئێمە لە بیناسازی و کشتوکاڵدا کارکەری زۆرباشن، کە ئەمریکییەکان [ئەو کارانە] ناکەن. ئەمە پێشبینییەکەمانە، هەرچەندە ئەمریکا بەنیازە لانیکەم 200 هەزار هاووڵاتیمان بگەڕێنێتەوە، ئێمە نزیکەی دوو ملیۆن هاووڵاتیمان لە ئەمریکا هەن."
 
سەبارەت بە چارەسەرکردنی پرسی کۆچبەران لەگەڵ ئەمریکا، ئۆردۆنێز گوتی "چەند رێگەیەکمان بۆ قسەکردن لەگەڵ باڵیۆزخانەکەمان لە ئەمریکا و حکومەتی ئەمریکا داناوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆخە [کۆچبەران] بکەین."

دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ رۆبێرتۆ ئۆردۆنێز، وەزیری گواستنەوەی هۆندوراس:

رووداو: دەتوانیت پێمان بڵێیت چ چاوەڕوانییەکت لە لووتکەی ئەم ساڵ هەیە، لەبارەی ئەو قەیرانەی دووچاری جیهان بووەتەوە، لووتکەکە هیواخوازە چی بەدەستبهێنێت؟
 
رۆبێرتۆ ئۆردۆنێز: ئەم لووتکەیە لەبارەی کاری حکومەتەکانە لە جیهاندا، لەبارەی رێباز و رێگەی جیاواز کە پشتیان پێ بەستراوە. یەکێک لە قەیرانە سەرەکییەکان بریتییە لەو سەردەمە نوێیەی لەبەردەممانە لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا، چونکە ئەوان خەریکە گۆڕانکاریی زۆر لە مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتەکان و لەگەڵ کۆچی خەڵک دەکەن لە وڵاتە هەژارەکانەوە بەرەو ئەمریکا. بۆیە ئەمە دەبێتە هۆی کاریگەری خستنەسەر زۆر وڵات، هەروەها کار لەو رێککەوتنانە دەکات کە لەسەر بازرگانی کراون؛ چونکە ئەو پێناسە گومرگییانەی دۆناڵد ترەمپ دەیخاتە سەر مەکسیک، کەنەدا، چین و وڵاتانی دیکە، دەبنە هۆی گۆڕانکاری لە نرخەکانی نێوخۆ و دەرەوە. ئەو نرخانەش دەبنە هۆی کاریگەریی خستنەسەر ئەو وڵاتانەی بازرگانی دەکەن و کەلوپەل هاوردە دەکەن. هەروەها، وڵاتە هەژارەکانیش زیانیان پێدەگات.
 
رووداو: تۆ باسی گەڕانەوەی ترەمپ و سەپاندنی چەندین بڕیارت کرد لەبارەی کۆچکردن. بڕیاری گەڕاندنەوە و دیپۆرتکردنەوەی پەناخوازان چ کاریگەرییەکی لەسەر وڵاتەکەی ئێوە دەبێت؟
 
رۆبێرتۆ ئۆردۆنێز: هۆندوراس وڵاتێکی زۆر هەژاری ئەمریکای لاتین و جیهانە، کە زۆر پشت بە حەواڵەکردنی پارەوە دەبەستێت. ئێمە نزیکەی یەک لەسەر سێی کۆی بەرهەمی ناوخۆ لەڕێگەی حەواڵەکردنی پارەوە بەدەستدەهێنین. بۆیە ئەگەر خەڵکێکی زۆر بگەڕێننەوە، کاریگەرییەکە [زیانەکە] زۆر گەورە دەبێت؛ بەڵام ئێمە پێمانوانییە ئەمریکا ژمارەیەکی زۆری هۆندوراسییەکان بگەڕێنێتەوە، چونکە خەڵکی ئێمە لە بیناسازی و کشتوکاڵدا کارکەری زۆر باشن کە ئەمریکییەکان [ئەو کارانە] ناکەن. ئەمە پێشبینییەکە کە هەمانە، هەرچەندە ئەمریکا بەنیازە لانیکەم 200 هەزار هاووڵاتیمان بگەڕێنێتەوە، ئێمە نزیکەی دوو ملیۆن هاووڵاتیمان لە ئەمریکا هەن.
 
رووداو: دوایین پرسیار، ئایا حکومەتی هۆندوراس چۆن قسەی لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ کردووە بۆ ئەوەی ئەو کێشانە چارەسەر بکەن کە ئێوە و وڵاتانی دراوسێ هەتانە؟
 
رۆبێرتۆ ئۆردۆنێز: سەرەتا، ئێمە چەند کەسێکمان وەرگرتووەتەوە کە بە فڕۆکەیەک یان دوو فڕۆکە دیپۆرتی هۆندوراس کرابوونەوە، بەڵام حکومەتی ئێمە پلانێکی داناوە بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە وەرگرنەوە کە دەگەڕێنرێنەوە هۆندوراس. ئێمە چەند رێگەیەکمان داناوە بۆ قسەکردن لەگەڵ باڵیۆزخانەکەمان لە ئەمریکا و حکومەتی ئەمریکا بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆخە دا بکەین.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە