رووداو دیجیتاڵ
سووریایەکی نوێ چۆن دەبێت و دەرفەتەکانی گەڕانەوەی پەنابەران چین؟ لەمیا قەدوور، ئەندامی پارتی سەوز لە پەرلەمانی ئەڵمانیا (کە خۆیشی بە بنەچە سووریاییە)، لەگەڵ شاندێک کە یۆهان ڤادەفوول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاشی تێدابوو، چوونە سووریا، بۆئەوەی لەنزیکەوە هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی ئەوێ بکەن، ڤادەفوول پاش سەردانەکە رایگەیاند، "رەوشی سووریا لە دۆخی ئەڵمانیای ساڵی 1945 خراپترە."
لەمیا قەدوور، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ مەی دۆست، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا باسی دەرفەتە نوێیەکان، مەترسییەکان و رۆڵی کورد و پێکهاتەکانی دیکە لە سووریا دەکات.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ لەمیا قەدوور:
رووداو: رۆژباش خاتوو قەدوور.
لەمیا قەدوور: سڵاو بۆ ئێوە.
رووداو: لایەنگرانی دیپۆرتکردنەوە دەڵێن، رژێمی ئەسەد رووخاوە و پێویستە ئێستا سووریاییەکان بگەڕێنەوە بۆ ئەوەی وڵاتەکەیان لە نوێوە ئاوەدان بکەنەوە، ئێوە ئەمە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ئێوە لەگەڵ شاندێکی ئەڵمانی لە سووریا بوون، ئایا ئەمە راستییەکانی سەر زەوی نیشان دەدات؟
لەمیا قەدوور: بەڵێ و نەخێر، بەڵێ، لە هەندێک ناوچەی سووریا یان لە هەندێک شوێن، لەوانەیە دۆخەکە هێشتا وەکو 20 ساڵ لەمەوبەر بێت، چونکە شەڕ کاتی وەستاندووە، بەڵام شارەکانی وەکو دێرەزوور یان حومس یان بەشێک لە دیمەشق، یان لەسەر رێگەی نێوان دیمەشق و حەلەب، ئەگەر لە نزیکەوە سەیری لای راست و چەپی ئۆتۆبانەکە بکەیت، هەندێک شوێنی وەکو غەززەیان لێهاتووە، یان بەڕاستی وەکو دوای جەنگی جیهانیی دووەمی لێهاتووە، لەوێ ژیان هەرگیز ناکرێت، خەڵکیش لەوێ ناژین، تەنیا کەلاوەی ماڵەکان ماونەتەوە، واتە ئەو کەسانەی ئەمڕۆ دەڵێن شەڕ کۆتایی هاتووە، ئەمە راستە، شەڕ کۆتایی هاتووە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە وڵاتەکە وێران نییە، بەڵکو بەپێچەوانەوە، ئێمە ئێستا دەبینین ئەم وڵاتە چەندە وێران بووە.
رووداو: ڤادەپوول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دوای سەردانەکەی بۆ دیمەشق جەختی لەوە کردەوە کە سووریا هێشتا وڵاتێکی ئارام نییە، ئێوە خۆتان بە میدیاکانتان گوتووە کە لە هەندێک ناوچە، بۆ نموونە لە دیمەشق یان ئیدلب، ئێستا تاوەکو رادەیەک ئارامی هەیە، ئایا ئەمە بەو مانایەیە کە بە بڕوای ئێوە، دیپۆرتکردنەوە بۆ هەندێک ناوچەی سووریا لەژێر هەندێک مەرجدا دەکرێت، یان هێشتا ئەمە بە مەترسی دەبینن؟
لەمیا قەدوور: حکومەتی کاتیی ئەحمەد شەرع، یەک ملیۆن سووریی وەرگرتووە کە دەیانەوێت بە خۆبەخشانە بگەڕێنەوە، یەک ملیۆن، ئەمە دەستپێکێکی زۆر باشە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان گەیشتوونەتە سنووری توانای خۆیان، نەک لەبەر نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوون، بەتایبەتی لە ئیدلب، خێزانەکەی من خەڵکی ئەو ناوچەیەن لەسەر سنوور، لە نزیک عەفرین، لە بەشە عەرەبییەکە، واتە نزیکترین گوندی دیکە کوردییە، ئەوانیش پێم دەڵێن، بەڵێ، مرۆڤ دەتوانێت لێرە بژی، بەڵام هەر کەسێک ژیانێکی ئارامی بۆ منداڵەکانی بوێت، هەر کەسێک بیەوێت کارێک بکات، واتە هەر کەسێک بەڕاستی بیەوێت لێرە بژی، بێگومان دەبێت سەرەتا سەیری ئەوە بکات کە ئایا هەلی کار هەیە، ئایا منداڵان بەڕاستی دەتوانن لە قوتابخانەکاندا جێگەیان بکرێتەوە، ئایا بەڕاستی شوێنی نیشتەجێبوون دەدۆزنەوە، واتە بە بڕوای من، دەبێت بە وردی هەڵسەنگاندن بکرێت کە گەڕانەوە بۆ کێ دەکرێت، بەڵام ناچارکردن بە گەڕانەوە لە ئێستاوە، من ئەمە بە کێشە دەبینم، ئەگەر کەسێک بیەوێت بە خۆبەخشانە بگەڕێتەوە، ئەوکاتە بێگومان دەتوانێت.
رووداو: ئەڵمانیا بە شێوەیەکی چالاک هەوڵ دەدات کرێکاری شارەزا لە وڵاتانی دیکەوە وەربگرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا دیپۆرتکردنەوەی ئەو سووریانەی لێرە دەژین و کار دەکەن، گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، ئێوە ئەمە رەت دەکەنەوە، چەند ئەندامی دیکەی بوندستاگ لەگەڵ ئەم هەڵوێستەی ئێوەدان؟ و ئێوە بە شێوەیەکی کۆنکرێتی چی دەکەن بۆ ئەوەی نیشانی بدەن کە سوورییەکان دەستکەوتن بۆ ئابووریی ئەڵمانیا؟
لەمیا قەدوور: بە ئاشکراکردنی ئەمە لە گفتوگۆ سیاسییەکانمدا، واتە لە فراکسیۆنی پارتی سەوزدا تەنیا من نیم کە هەمیشە ئاماژە بەوە دەکەم کە لەم وڵاتەدا پێویستمان بە هەموو کرێکار و پسپۆڕەکان هەیە، گرنگ نییە سووری بن یان نا، بەڵام ئەگەر لە نزیکەوە سەیری سوورییەکان بکەین، ئەوان بەشێکی گرنگی کارمەندان پێکدەهێنن، بە تایبەتی لە کەرتی تەندروستیدا، جا پزیشک بن یان لە بواری چاودێریدا، چاودێریی تەندروستیی ئەڵمانیاش بە سوورییەکانەوە بەندە، بۆیە ئەم داواکارییە، کە رەنگە لە سەرەتادا بۆ هەندێک کەس بەهێز دەربکەوێت، دەڵێن ئەگەر لە سوورییەکان رزگارمان ببێت، رەنگە تاوان کەم ببێتەوە و ئاشتیی زیاتر لێرە ببینین، پێشبینی دەکەم ئەمانە بیرکردنەوەکانیان بن، بەڵام بێگومان ئەمە قسەی پووچە، چونکە هەر کەسێک پێیوابێت بەم شێوەیە دەگاتە ئاشتی، دەبێت سەرەتا ببینێت کە ئەگەر سوورییەکان بڕۆن، ئابووریی ئەڵمانیا زۆر لاواز دەبێت، لەم رووەوە، ئەم لێدوانە نەک هەر هەڵەیە، بەڵکو دەتوانم بڵێم زۆرینەی فراکسیۆنەکەشم هەمان بۆچوونیان هەیە و ئێمە لە هەموو شوێنێک، ئێوەش ئەمەتان لە سەرۆکی فراکسیۆن و سەرۆکی پارتەکەمانەوە بیستووە، هەمیشە جەخت لەوە دەکەینەوە کە ئەم مشتومڕە بێمانایە، ئێمە دواجار لە مشتومڕی "دیمەنی شار" و دیپۆرتکردنەوە بۆ سووریا، ئەمەمان بیست، و باوەڕ ناکەم ئەمە جاری کۆتایی بێت، دەزانن، ئێمە بە گشتی دەنگی لەم جۆرە لە ئاڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا (AfD) دەبیستین و چیتر هیچ شتێک مرۆv تووشی سەرسوڕمان ناکات، بەڵام کاتێک راوێژکاری ئەڵمانیا شتێکی وا دەڵێت، قورساییەکی جیاوازی هەیە، و ئەمە کێشەی منە، من دەزانم چۆن لە رووی سیاسییەوە داواکاریی لەم جۆرە هەڵبسەنگێنم، ئەمە هەمیشە لەلایەن راستڕەوە تووندڕەوەکانەوە دەگوترێت، بەڵام ئەوەی کە ئەم بۆچوونە ئێستا گەیشتووەتە ناوەندی کۆمەڵگە و لەلایەن راوێژکاری فیدراڵییەوە دەگوترێت، دەبێت ببێتە هۆی ناڕەزایەتی.
رووداو: پێشوازیی فەرمی لە ئەحمەد ئەلشەرع لە بەرلین رووبەڕووی رەخنەی تووند بووەوە، زۆر کەس دەڵێن، نابێت ئەڵمانیا پێشوازی لە کەسێک بکات کە پێشتر لە لیستی تیرۆردا بووە، ئێوە لەبارەی ئەم سەردانە و رەخنەکانی سەری چی دەڵێن؟
لەمیا قەدوور: من ئەو رەخنەیە، لانیکەم بەشێکی، هاوبەش دەکەم کە مرۆڤ بە گومان یان وریابێت، پێموایە ئەمە گونجاوە، کە مرۆڤ لانیکەم وریابێت و بەرامبەر بەم کەسایەتییە، ئەحمەد شەرع، بە گومان بمێنێتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا، دەبێت ئەوە قبووڵ بکرێت کە زۆرینەی خەڵکی سووریا زۆر دڵخۆشن کە لانیکەم لە ئەسەد رزگاریان بووە، لەگەڵ ئەحمەد شەرع وەکو سەرۆکی کاتی، منیش پێموایە کە دەبێت ئێمە ئەمە بە شێوەیەکی هاوسەنگ ببینین، لە لایەکەوە، بێگومان دەبێت لە رەخنەکە تێبگەین و خۆشمان وریابین، بەڵام لە هەمان کاتدا تێبگەین کە سووریا ئێستا پێویستی بە سەقامگیرییە، نامەوێت بڵێم، بە هەر نرخێک بێت، ئەوە زۆر دوور دەڕوات، من خۆم ئەڵمانی-سووریم، زۆرێک لە خزمانم هێشتا لە سووریان، و هەموو ساڵێک لەوێ بووم، کێشەیەکی گەورەم لەگەڵ ئیسلامییەکان هەیە، لە هەمان کاتدا، ئەگەر کەسێک بە شێوەیەکی باوەڕپێکراو هەوڵ بدات بڵێت، من خۆم لەمە دوورخستووەتەوە، دەبێت ئەمە بسەلمێنێت، واتە، کردار و هەڵسوکەوتەکانی دەبێت ئەمە بسەلمێنن، تەنانەت رەخنەگرانی شەرع کە من لە سووریا قسەم لەگەڵ کردوون، پێمدەڵێن، ئێمە دەرفەتێکی پێدەدەین، و دەبینین، ئێمە دەرفەتێکی پێدەدەین، هیوامان هەیە کە ئەمە سەرکەوتوو بێت، ئێمە وریادەبین، بەڵام، دەبێت ئەو دەرفەتە وەربگرێت، بەڕاستی من خۆشم لەسەر ئەو باوەڕەم کە دەبێت لانیکەم دەرفەتێکی پێبدرێت، بەڵام بەپێی کردارەکانی هەڵدەسەنگێندرێت.
رووداو: ئایا ئەگەر ئەحمەد شەرع لە بەرلین بەڕاستی رازی بێت کۆچبەرە سوورییەکان وەربگرێتەوە، بە بۆچوونی ئێوە ئەمە هەنگاوێکی باش دەبێت؟
لەمیا قەدوور: پرسیارەکە ئەوەیە، ئەگەر ئەو رازی بێت، سەرەڕای ئەوەی پێشتریش گوتبووی کە لە وەرگرتنی ملیۆنان سووریدا گەیشتوونەتە سنووری توانای خۆیان، من سەرسامم چۆن ئێستا هەزاران کەسی دیکە بەبێ ژێرخانێکی باش، دووبارە لەناو دەوڵەتی سووریادا تێکەڵ دەکاتەوە، ئەمە بەو مانایە دێت کە ئەگەر ئەو ئەم کارە بکات، دەبێت باجەکەی زۆر قورس بووبێت، دەبێت مرۆڤ بە دەنگی بەرز بپرسێت، ئایا دەوڵەتی ئەڵمانیا لە بەرامبەردا چی پێشکێش کردوون؟ واتە، ئایا ئەمە کڕدراوە؟ من زۆر سەرسام دەبم ئەگەر بگوترێت، بەڵێ، ئێمە تاوانباران و کەسانی مەترسیداری سووری وەردەگرینەوە، بەڵام ئەوان دەیانەوێت دواتر سنوورداشکردنەوەی گرووپەکانی دیکەش بەردەوام بکەن، ئەمەش لایەنە مەترسیدارەکەی بابەتەکەیە، لەنێوان تاوانباران و کەسانی مەترسیدار و هەموو کەسانی دیکەدا جیاوازییەکی گەورە هەیە، سوپاس بۆ خودا، ئەمە جیاوازییەکی زۆر گەورەیە، ئەگەر سووریا تاوانباران وەربگرێتەوە، ئەو کاتە پێویستە حکومەتی سووریاش بیر لەوە بکاتەوە ئەو تاوانبارە ئەڵمانانەی لە سووریا یان عێراق لە زیندانەکاندان، بیانگەڕێنێتەوە و رادەستی ئەڵمانیایان بکات، لە راستیدا ئەمە داوایەکی زۆر سەوزانەیە (مەبەست لێی پارتی سەوزەکانە)، من ئەمە بە دەنگی بەرز دەڵێم، ئەگەر بمانەوێت لە تاوانباران رزگارمان ببێت، ئەو کاتە دەبێت پێش هەموو شتێک تاوانبارەکانی خۆشمان وەربگرینەوە.
رووداو: ئێوە رەخنەتان لە رووداوە تووندوتیژییەکانی ساحل و سوەیدا گرت کە لەلایەن هێزەکانی سەر بە ئەلشەرعەوە ئەنجامدران، زۆرێک لە کورد ئێستا دەترسن شتێکی هاوشێوە بەسەر ئەوانیشدا بێت، دەبێت چی بکرێت بۆ ئەوەی هێرشی وا دووبارە نەبنەوە و پێکهاتەکان، بە کوردیشەوە، باشتر بپارێزرێن؟
لەمیا قەدوور: ئەمە پرسیارێکی باشە، لە راستیدا، بۆ ئەمە رەچەتەیەکی ئامادەکراو نییە، بەڵام بە تایبەتی کوردەکانی سووریا، کە بەشێکیان لەنێو خانەوادەکەمدان و من تێڕوانینێکی روونم هەیە، هێشتا پێویستییان بە ئاستێک لە ئاسایش و خۆبەڕێوەبەری هەیە، کە دەکرێت لە چوارچێوەیەکی گشتیدا بێت، بەڵام دەبێت هەمیشە مسۆگەر بکرێت، ئەمەش راستە، کە کورد بتوانێت وەکو لە عێراق ئاستێک لە خۆبەڕێوەبەری بپارێzێت، ئەمە بە دڵنیاییەوە دەتوانێت ببێتە مۆدێلێک لە سووریا، بەڵام ئەگەر ئێوە بە گشتی لە بواری کۆمەڵایەتیدا بپرسن، چۆن دەکرێت رێگری لە هێرشکردنە سەر کەمینەکان بکرێت؟ ئەمە گەورەترین ئاڵنگاری و ئەرکە کە ئێستا دوای دوو نەوەی ئەسەد، لەبەردەم سەرۆکی کاتیی دەوڵەتی سووریا دایە، مرۆڤ چۆن دەتوانێت ئەو دیوارە گەورانە یان ئەو درزانەی لە نێوان گرووپە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم وڵاتەدا دروستبوون، دووبارە بڕووخێنێت؟ بێگومان نەک بەوەی کە مرۆڤ نەتوانێت میلیشیاکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسلامییەکان کۆنترۆڵ بکات، هەموو ئەوانەی ژێر دەستی ئەلشەرع نین ئیسلامین، بەڵام هەندێکیان وان، ئەوانیشن بەرپرسیارن لەو توندوتیژییانە، ئەلشەرع لەسەر ئەمە هەڵدەسەنگێندرێت، ئایا دەتوانێت ئەم کۆمەڵگەیە کۆبکاتەوە، ئایا دەتوانێت ئیسلامییەکانی نێو ریزەکانی دیسیپلین بکات و لە کۆمەڵکوژیی وا دووریان بخاتەوە؟ ئایا دەتوانێت متمانە لەنێو کۆمەڵگەی دروز یان عەلەویدا دروست بکات? ئێمە ئەمە دەبینین، ئایا دادپەروەری بۆ هەمووان بەدیدەهێنێت؟ من پێموایە سوورییەکان پێش هەموو شتێک ئەمەیان دەوێت، دادپەروەری بۆ هەمووان، هەندێکجار هەست دەکەم بەڵێ، بەرەو رێگەیەکی راست دەڕوات، هەندێک جاریش بیر دەکەمەوە، نەخێر، بەرەu رێگەیەکی هەڵە دەڕوات، چونکە بەم شێوەیە ناتوانێت ئارامی، دادپەروەری و ماف بۆ هەمووان بەدی بهێنێت.
رووداو: زۆرێک لە کورد داوای سیستمێکی دەوڵەتیی نا ناوەندی و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بۆ ناوچەکانیان دەکەن، هەڵوێستی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟ بە بڕوای ئێوە، دەبێت رۆڵی کورد لە سووریای نوێدا چی بێت؟
لەمیا قەدوور: پێویستە رۆڵێکی سەرەکی، یان لانی کەم رۆڵێکی بەرچاویان هەبێت، ئەوان بەشێکن لەم وڵاتە، بە بڕوای من، ئەوان بەشێکن لە ناسنامەی سووریا، لای من سووریا هەمیشە دەوڵەتێکی فرەنەتەوە بووە، دەوڵەتێک کە لەنێو کۆمەڵگەدا زۆر بە لێبووردەییەوە مامەڵەیان لەگەڵ یەکدی دەکرد، دەمەوێت مرۆv بیری لێ بکاتەوە، بۆ نموونە، حکومەتێکی داهاتوو بە بەشداریی وەزیرانی کورد دابمەزرێت، هەروەک چۆن وەزیرانی عەلەوی، کریستیان، درووز و ئێزدییش هەبن، مادام هەموویان سووری بن و مادام هەموویان بڵێن، دەمانەوێت ئەمە لەپێناو بەرژەوەندیی ئەم وڵاتە و تەواوی گەلەکەیدا بکەین، ئەمە شتێکی باشە، ئەگەر بوترێت ئێمە دەوڵەتێکی ئیسلامین یان دەوڵەتێکین کاریگەریی ئیسلامی لەسەرە، ئەوکاتە بێگومان دەبێت لێبووردەیی و ئازادیی هەموو باوەڕێکی دیکە بە شێوەیەکی راستەقینە مسۆگەر بکرێت؛ هەروەها بە بەڵێنی ئەمنیشەوە، ئەمەش ئاستەنگێکی گەورەیە و دەبێت بڵێم، من لام سەیرە کە ئاخۆ ئەمە سەرکەوتوو دەبێت یان نا.
رووداو: زۆر سوپاس، بەڕێز خاتوو قەدوور، بۆ کاتەکەت و ئەم هەڤپەیڤینە.
لەمیا قەدوور: سوپاس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ