رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئەپیکور دەڵێت، تاوەکو رێککەوتنێکی نووسراو بۆ پاراستنی گرێبەستەکانیان و دانەوەی نزیکەی یەک ملیار دۆلار قەرزیان لەگەڵ نەکرێت، ئامادە نین نەوت لە رێگەی بۆریی عێراق - تورکیاوە هەناردە بکەنەوە.
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان لەگەڵی ئەنجامی دا دەڵێت، "ئەندامانی ئەپیکور بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکان دەکەن بۆ سەر شوێنە بازرگانییەکانی بەرهەمهێنانمان. ئەم هێرشانە هەڕەشەن لەسەر هێزی کاری عێراقی؛ داوا لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین لێکۆڵینەوەی دەستبەجێ بکەن و وەبەرهێنانەکانمان بپارێزن."
گوتەبێژی ئەپیکور جەختی کردەوە کە هێرشەکان کاریگەرییان لەسەر دانوستاندنەکان نابێت و ئاماژەی بەوەدا کە گفتوگۆی چڕ لەنێوان هەموو لایەنەکان بەردەوامە.
سەبارەت بە داواکارییەکانیان، کاگینز گوتی، "کۆمپانیاکانمان رێککەوتنێکی نووسراویان دەوێت کە گەرەنتیی شایستە داراییەکانیان بکات؛ چ بۆ ئەو قەرزەی کە هەیانە و وەریان نەگرتووەتەوە، چ بۆ شایستەکانی داهاتوو."
بە گوتەی مایڵز کاگینز، کۆمپانیا ئەندامەکانی ئەپیکور نزیکەی یەک ملیار دۆلاریان وەک شایستەی دارایی وەرنەگرتووە و پێشنیازی کرد کە "ئاسانترین رێگە ئەوەیە کە کۆمپانیاکان نەوتێکی زیاتریان بۆ فرۆشتن پێبدرێت کاتێک نەوت هەناردە دەکرێتەوە. ئێمەش بەپێی کات نەوتە زیادەکە دەفرۆشین تاوەکو قەرزەکانمان وەردەگرینەوە."
کاگینز گوتیشی، "دەمانەوێت دڵنیا بینەوە کە بەندە ئابوورییەکانی گرێبەستەکانمان پارێزراو دەبن. متمانەمان هەیە کە گرێبەستەکانمان رێزلێگیراو دەبن، گوێشمان لە وەزیری نەوت و سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە کە گوتوویانە گرێبەستەکانمان یاسایین."
لە 25ـی ئاداری 2023ـەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بڕیاری دەستەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیراوە، ئەوەش لەسەر سکاڵای بەغدا.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور):
رووداو: بەڕێز مایڵز، زۆر سوپاس کە لەگەڵ ئێمەیت. سەرەتا باسی ئەم هێرشانەمان بۆ بکە. کێڵگە نەوتییەکانی ئەندام لە ئەپیکور هێرشیانکراوەتە سەر. بەڕای تۆ، ئەم هێرشانە لە کوێیەوە سەرچاوە دەگرن و لەلایەن چ گرووپێکەوە دەکرێن؟
مایڵز کاگینز: خۆشحاڵم [کە لەگەڵتانم]. ئەندامانی ئەپیکور بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکان دەکەن بۆ سەر شوێنە بازرگانییەکانی بەرهەمهێنانمان. ئەم هێرشانە زیانیان بە چەند شوێنێک گەیاندووە کە ئەندامانی ئەپیکوری تێدان و بوونەتە هەڕەشەش لەسەر هێزی کاری عێراقی. داوا لە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەکەین لێکۆڵینەوەی دەستبەجێ بکەن. چاوەڕوانیشمان ئەوەیە کە حکومەت وەبەرهێنانەکانمان لە هەرێمی کوردستان بپارێزێت.
رووداو: ئایا هێرشەکان کاریگەری لەسەر پرۆسەی دانوستاندنی ئێوە لەگەڵ حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دادەنێن؟
مایڵز کاگینز: کۆمپانیا ئەندامەکانمان لە دانوستاندنی بەردەوام بوون لەگەڵ حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان. دوێنێ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، حکومەتی عێراق بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەسەر کێشەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا؛ دەشزانین سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی سیاسییان کردووە لەبارەی گرنگیی هەناردەکردنەوەی نەوت و ناردنی مووچەی فەرمانبەران. ئەم ماوەیە گفتوگۆ و دانوستاندنی چڕ بەڕێوەچووە لەگەڵ هەموو لایەنەکان. ئێمەش دەبێت دڵنیا بینەوە کە رێککەوتنی کۆتایی دەکرێ. کۆمپانیاکانمان رێککەوتنێکی نووسراویان دەوێ کە گەرەنتیی شایستە داراییەکانیان بکات بۆ ئەو قەرزەی کە هەیانە و وەریان نەگرتووەتەوە، هەروەها شایستەکانی داهاتووش. هەروەها دەبێت دڵنیا بینەوە کە گرێبەستەکانمان [لەگەڵ هەرێمی کوردستان] رێزیان لێدەگیرێت و کاری کۆمپانیا راوێژکارییە نێودەوڵەتییەکە تێچووی گواستنەوە و بەرهەمهێنان بەشێوەیەک رەچاو بکات کە لەگەڵ گرێبەستەکانمان بگونجێت. کۆمپانیا ئەندامەکانی ئەپیکور بە تەواوی هاوکارن لەگەڵ حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان. خۆشحاڵیشین بە بەردەوامیی دانوستاندنەکان لە نێوان هەموو لایەنەکان.
رووداو: دانوستاندنەکان گەیشتوونەتە چ قۆناخێک؟ ئایا داواکارییەکانی ئێوە رەچاو کراون؟
مایڵز کاگینز: مەرجەکانمان کاتێک جێبەجێ دەکرێن کە لەسەر کاخەز رێککەوتنمان هەبێت. کاتێکیش ئەو رێککەوتنە نووسراوەمان هەبێت، بەڵێنت پێدەدەم کە ئەوکاتە راگەیێندراوێک بڵاودەکەینەوە و دووبارە نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیاوە دەگوازرێتەوە. ئەوە سەرکردە باڵاکانی بەغدا و هەولێرن کە بەرپرسیارن لە رێککەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا. بەڵام کۆمپانیاکانی ئێمەش ئامادەن هەرکاتێک پێویست بێت، بەشدار بن لە دانوستاندنەکان.
رووداو: یەکێک لە مەرجەکانی ئێوە، داننانە بە گرێبەستەکانتان. ئایا حکومەتی عیراق گەرەنتی پێداون دەستکاری گرێبەستەکانتان ناکات؟ ترستان لەو بابەتە هەیە؟
مایڵز کاگینز: گرێبەستەکانی ئێمە لە باڵاترین دادگەکانی عێراق تاقیکراونەتەوە [دانیان پێدا نراوە]. گرێبەستەکانمان لە لایەن دەستەی نێوبژیوانی لە لەندەن پشتگیرییان لێدەکرێت. کاتێک هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە دەستپێدەکەینەوە، ئەوا پرۆسەی فرۆشتنەکە بە هاوئاهەنگی دەبێت لەگەڵ سۆمۆ [کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق]. دەشمانەوێ دڵنیا بینەوە کە بەندە ئابوورییەکانی گرێبەستەکانمان پارێزراو دەبن. ئێمە متمانەمان بەوە هەیە کە گرێبەستەکانمان رێزلێگیراو دەبن، ئەوەش لە سایەی دادگەکان. گوێشمان لە وەزیری نەوت و سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە کە گوتوویانە گرێبەستەکانمان یاسایین.
رووداو: مەرجێکی دیکە پێدانی قەرزەکانتانە. قەرزەکان ئێستا چەند ملیۆن دۆلارن؟ ئایا دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم قەرزانەتان بداتەوە یان حکومەتی عێراق؟
مایڵز کاگینز: کۆمپانیاکانمان نزیکەی ملیارێک دۆلاری شایستە داراییەکانیان وەرنەگرتووە. ئەم قەرزانە بۆ ماوەی نێوان تشرینی یەکەمی 2022 و ئاداری 2023 دەگەڕێنەوە. لەو رێککەوتنە نووسراوەی کە دەمانەوێت بکرێت، دەبێت پلانێکی روون هەبێت بۆ دانەوەی قەرزی کۆمپانیاکانمان. ئاسانترین رێگە ئەوەیە کە کۆمپانیاکان نەوتێکی زیاتریان بۆ فرۆشتن پێبدرێت کاتێک نەوت هەناردە دەکرێتەوە، ئێمەش بەپێی کات نەوتە زیادەکە دەفرۆشین تاوەکو ئەوکاتەی هەر کۆمپانیایەک قەرزەکانی وەردەگرێتەوە. متمانەمان هەیە کە قەرزەکانمان پێدەدرێتەوە و پلانێک دادەنرێت کە باشترین بێت بۆ کۆمپانیاکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق.
رووداو: ئەگەر نەگەیشتە رێککەوتن، ئایا ئێوە لە بەرهەمهێنانی نەوت بەردەوام دەبن؟
مایڵز کاگینز: کۆمپانیا ئەندامەکانی ئەپیکور پابەندن بە بەرهەمهێنانی نەوت لەم هەرێمە. کۆمپانیاکان بایی 10 ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان کردووە [لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان] لە ساڵی 2005ـەوە. ئێستا نەوت بە نێوخۆ دەفرۆشینە پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستان. پاڵاوگەکانیش نەوتەکە دەکەنە بەنزین و گازوایل. تاوەکو هەناردەکردنەوەی نەوتیش بەردەوامیش دەبین لە فرۆشتنی نەوت لە نێوخۆ.
رووداو: ئایا بەردەوامی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ بازاڕی ناوخۆ لەڕووی ئابوورییەوە قازانجی بۆ کۆمپانیاکان هەیە؟
مایڵز کاگینز: گەورەترین قازانج ئەوە دەبێت کە نەوت لە بازاڕی جیهانیدا دەفرۆشرێت. نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیهاندا نزیکەی 70 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک. ئێمەش دەمانەوێت نەوت لە بەندەری جەیهانەوە بفرۆشرێتە بازاڕی جیهانی، چونکە ئەمە باشترین شتە بۆ قازانجی کۆمپانیاکان و دەبێتە داهاتیش بۆ حکومەتی عێراق. هاتنی پارەی زیاتریش بۆ حکومەتی عێراق، سوودی بۆ خەڵکەکەی دەبێت. لە نێوخۆ نرخی هەر بەرمیلێک نەوت نزیکەی 30 دۆلارە، بۆیە تێدەگەیت کە نرخەکەی دەبێتە دوو هێندە کاتێک نەوت لە بازاڕی جیهانی بفرۆشین.
رووداو: بەڕێز مایڵز، دوێنێ حکومەتی عێراق گرێبەستی کۆمپانیای HKNـی راگەیاند لە کێڵگەی حەمرین؛ HKN یەکێکە لە ئەندامانی ئەپیکور. تێبینیت چییە لەسەر ئەوەی حکومەتی عێراق خۆی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەک دەکات کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکات، بەڵام لە هەرێمی کوردستان کێشەی بۆ دروستدەکات؟
مایڵز کاگینز: هەر کۆمپانیایەکی ئەندام لە ئەپیکور خۆی بڕیار دەدات لەبارەی وەبەرهێنانەکەی لە عێراق و شوێنەکانی دیکەی جیهان. ئێمە هەمیشە باسمان لەوە کردووە کە دەمانەوێت پەیوەندییەکی باش و بەرهەمدارمان هەبێت لەگەڵ وەزارەتی نەوت [ـی عێراق] و هیواداریشین کۆمپانیای HKN Energy سەرکەوتوو بێت لە وەبەرهێنانە گرنگەکەی لە کێڵگەی نەوتی حەمرین.
رووداو: بەڕای تۆ ئەمە پەیامێک نییە بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان کە دەستبەرداری هەرێمی کوردستان بن و بڕۆن لە کێلگە نەوتییەکانی عیراقدا وەبەرهێنان بکەن؟ ئەم خوێندنەوەیە دروستە و لە جێگەی خۆیەتی؟
مایڵز کاگینز: کۆمپانیا نەوتییەکان ستراتیژییانەن. چەندین مانگ و ساڵی پێدەچێت تاوەکو پلانی وەبەرهێنان دادەڕێژن. دیمەنی گشتیی ئەم وەبەرهێنانەی کۆتایی [گرێبەستەکەی HKN Energy لەگەڵ عێراق] نازانم، بەڵام پێم وایە کاتێک وەبەرهێنان هەبێت، دەگەڕێتەوە سەر خواستی کۆمپانیاکە و حکومەت. وەبەرهێنانی زیاتریش بۆ هەموو خەڵکی عێراق دەبێت.
رووداو: زۆر سوپاس.
مایڵز کاگینز: سەرچاو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ