بەنگین رێکانی لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار: بافڵ تاڵەبانی گوتی بە یەک بەربژێر دەچینە پەرلەمان

19-09-2022
سیروان عەباس
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ بەنگین رێکانی، ئەندامی شاندی دانوستاندنکاری پارتی لە بەغدا
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ بەنگین رێکانی، ئەندامی شاندی دانوستاندنکاری پارتی لە بەغدا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی شاندی دانوستاندنکاری پارتی لە بەغدا رایگەیاند، لە 10 رۆژی رابردوودا گفتوگۆ لەسەر رەشنووسێک بۆ حکومەتی داهاتووی عێراق کرا؛ ئێستا رەشنووسەکە ئامادەیە و ئەمڕۆ دووشەممە چوارچێوەی هاوئاهەنگی پەسندی دەکات، ئەوکات دەچینە قۆناخی واژۆکردنەوە.. دەشڵێت، "سەرۆک بارزانی بڕیاریداوە نەچینە ناو هیچ رێککەوتنێک ئەگەر بەڵگەی نووسراو نەبێت." 
 
بەنگین رێکانی، ئەندامی شاندی دانوستاندنکاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا لە بوولتەنی کاژێر 12:00 بەشداریکرد و لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار، رێککەوتنی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت، داواکارییەکانی کورد بۆ رێککەوتن، چوونی شاندی هاوبەشی کورد و سوننە و چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ حەنانە، پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان گفتوگۆکرا. 
 
لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار و کاندیدی هاوبەشی پارتی و یەکێتی بۆ پۆستەکە، بەنگین رێکانی دەڵێت، کەشی نێوان پارتی و یەکێتی "زۆرباشە"، ئەگەری ئەوەش هەیە یەک بەربژێری هاوبەشیان هەبێت.. دەشڵێت: "کاک بافڵ خۆی بە ئێمەی گوتووە، لەسەر یەک بەربژێر رێکدەکەوین و بە یەک بەربژێر دەچینە پەرلەمان." 
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ بەنگین رێکانی، ئەندامی شاندی دانوستاندنکاری پارتی لە بەغدا
 
رووداو: لەنێوان پارتی و یەکێتیدا ئەگەری رێککەوتن لەسەر بەربژێری هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆمار هەیە؟
 
بەنگین رێکانی: کەشی نێوان پارتی و یەکێتی زۆرباشە، ئەگەری ئەوەش هەیە یەک بەربژێری هاوبەشیان هەبێت، هەردووکیشیان ئیرادەیان هەیە و حەزیش دەکەن بە یەک بەربژێر بچنە ناو کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، بە بڕوای من هەندێ وردەکێشە ماون، رەنگە ئەویش یەکلایی بکرێتەوە ئەگەر دانیشتنێک لەنێوان سەرۆک بارزانی و کاک بافڵ تاڵەبانی هەبێ، مومکینە یەکلایی ببێتەوە و بە یەک بەربژێر بچینە پەرلەمانی عێراق.

 

رووداو: ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی سەردانی سەرۆک بارزانی کرد لە پیرمام، پێتوایە ئەمە یەکلاکەرەوە بێت؟
 
بەنگین رێکانی: زۆر خاڵ هەبوون لە نێوان پارتی و یەکێتی باسبکرێن، هەموویان تەواوبوون، تەنیا ئەوە ماوە؛ کاک بافڵ گوتی پێمخۆشە خۆم لەگەڵ جەنابی سەرۆک باسی بکەم و یەکلایی بکەمەوە، ئێستا چاوەڕوانی ئەوە دەکەین. بە بڕوای من دەکرێ ئەمڕۆ یان لەم دوو-سێ رۆژەی داهاتوودا ئەو خاڵە یەکلایی بکرێتەوە. 
 
رووداو: واتە پارتی و یەکێتی لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش رێکدەکەون؟
 
بەنگین رێکانی: ئومێدم وایە، کەشەکە و ئیرادەی هەمووان ئەوەیە کە کورد بە یەک بەربژێر بچێتە ناو هەڵبژاردن.
 
رووداو: ئەو بەربژێرە هاوبەشە کێ دەبێت، باسی د. لەتیف رەشید دەکرێت، ئەو دەبێت؟
 
بەنگین رێکانی: ئەوە جەنابی سەرۆک و کاک بافڵ بڕیار دەدەن و لەسەری رێکدەکەون، ئێمە ئاگامان لێی نییە. بەڵام کاک بافڵ خۆی بە ئێمەی گوتووە "لەسەر یەک بەربژێر رێکدەکەوین و بە یەک بەربژێر دەچینە پەرلەمان." 
 
رووداو: هەفتەی رابردوو ئێوە لە بەغدا لەگەڵ لایەنەکانی دیکە کۆبوونەوە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی باسی پاکێجێکی هاوبەش لەگەڵ کورد و سوننە دەکات بۆ پێکهێنانی حکومەت، گفتوگۆکانی ئێوە لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی حکومەت بە کوێ گەیشتووە؟
 
بەنگین رێکانی: لەم 10 رۆژەدا گفتوگۆیەکی زۆر کرا لەسەر رەشنووسێک بۆ حکومەتی داهاتوو، چی دەکات و چۆن کێشەکان چارەسەر دەکات، رەشنووسەکە ئامادەیە و لایەنە سیاسییەکان رای خۆیان لەسەر داوە و ئەمڕۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی پەسندی دەکات، ئەوکات دەچینە قۆناخی واژۆکردنەوە.

 

رووداو: رەشنووسەکە پرۆژەیەکە بۆ رێککەوتنی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت؟
 
بەنگین رێکانی: تەنیا بۆ پێکهێنانی حکومەت نییە، بۆ ئەوەیە کە ئەو حکومەتە چی دەکات، گرنگی ئەو حکومەتە چی دەبێت، کێشەکانی عێراق چین و چۆن چارەسەر دەکرێن؟. بە رای من، رەشنووسەکە زۆرباشە، پرۆژەکە بۆ داهاتووە لە تەنفیزی و تەشریعیش. ئەو پرۆژەیە ئامادەیە، ئەگەر هەموو لایەنە سیاسییەکان پەسندیان کرد، رەنگە هەفتەی داهاتوو واژۆبکرێت. لیژنەیەک بۆ نووسینی ئەو رەشنووسە پێکهێنرابوو، وەکو گوتم شەش-حەوت رۆژە کۆبوونەوەی بەردەوام کراوە بۆ نووسینی ئەو رەشنووسە.
 
رووداو: گرنگترین داواکارییەکانی کورد چین لەو پرۆژەدا کە جێگیرکرابێت؟
 
بەنگین رێکانی: نامەوێ جارێ بە وردی باسی بکەم، تاوەکو واژۆی دەکەین. کێشەی کورد؛ دۆسیەی نەوتە، بودجەیە، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانە. جەنابی سەرۆک بارزانی زۆر جەختی لەوە کردەوە کە ئێمە بەشداربین و پشتگیریش لە داواکاریی ناوچەکانی دیکەی عێراقیش بکەین، هیوادارم  بەمزووانە واژۆبکرێت.
 
رووداو: لەبارەی پرسی نەوت و گاز، ناوچە دابڕێندراوەکان و بودجە لە پرۆژەکە چارەسەری بۆ دۆزراوەتەوە و لەسەری رێککەوتوون؟
 
بەنگین رێکانی: بەڵێ رێککەوتووین، وەکو پێمگوتی ئەمجارە لەگەڵ جارەکانی دیکە جیاوازە، جەنابی سەرۆک بڕیاریداوە کە ئێمە ئەمجارە نەچینە ناو هیچ حکومەتێک ئەگەر بەڵگەیەکی نووسراو نەبێت، چۆنێتی چارەسەکردنی ئەم کێشانە و چۆنێتی حوکمڕانی عێراقیشی تێدا نەبێت. بە وردیش باسی ئەوانە هەمووی کراوە و چارەسەریشی بۆ نووسراوە و هەموو لایەنەکانیش لەسەری رازین. لە دوای ساڵی 2005ەوە، یەکەمجارە رێککەوتنی لەو شێوەیە بکرێت لەنێوان ئەو لایەنانەی کە دەیانەوێ حکومەت پێکبهێنن.
 
رووداو: باس لەوە دەکرێت کە دوای چلەی ئیمام حوسێن، خۆپێشاندان دەستپێدەکاتەوە و موقتەدا سەدر دەست بە جووڵەی سیاسیی بکاتەوە و رەتیدەکەنەوە رێگە بە پێکهێنانی حکومەت بدەن. پێتوایە حکومەت دروستببێت؟
 
بەنگین رێکانی: هیچ بژارەیەکی دیکە نییە، دۆخی عێراق زۆر ئاڵۆزە و خەڵک پێویستیان بە خزمەتگوزارییە. دەزانی ئێستا لە مانگی نۆ-داین، هێشتا پرۆژەی بودجە لە پەرلەمان دەرنەچووە، دەبێ حکومەتێک دروستبکرێت. ئێستا پارتی و هاوپەیمانی سەروەری و هەندێ لایەنی چوارچێوەی هاوئاهەنگیش، لەگەڵ رەوتی سەدر لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی چارەسەرێک بدۆزنەوە. تەنانەت ئەو رێککەوتنەی کە ئێمە باسی دەکەین، باسی ئەوە دەکات کە هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت، هەوڵدەدەن کە رەوتی سەدریش رازی بکەن بەشێوەی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بێتە ناو رێککەوتنەکە، بەڵام رازیبن بەو قۆناخەی کە پێی دەگوترێ (راگوزەر) بۆ ساڵێک تا ساڵ و نیوێک، ئینجا بچینە هەڵبژاردنی پێشوەخت. جگە لە دروستکردنی حکومەت، هیچ بژارەیەکی دیکە نییە.

 

رووداو: باس لەوە دەکرا کە بۆ رازیکردنی سەدر، شاندێکی هاوبەشی کورد و سوننە و چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەردانی حەنانە بکەن بۆ لای موقتەدا سەدر، ئەو سەردانە دەکرێت؟
 
بەنگین رێکانی: گفتوگۆ لەگەڵ سەید موقتەدا هەیە، هەموو لایەنەکان؛ بەتایبەتی جەنابی سەرۆک هانی دەدەن، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتووینەتە ئەو ئاستەی کە شاند بڕواتە حەنانە. کاک نێچیرڤان، حەلبووسی، خەمیس خەنجەر و هادی عامری ئامادەییان نیشانداوە بچنە حەنانە، بەڵام دەیانەوێ کە چوون لەسەر ئەو بنەمایە رێکبکەون.
 
رووداو: کەواتە سەردانەکە دەکرێ؟
 
بەنگین رێکانی: ئێستا نا. ئەگەرەکە هەیە، بەڵام کاتەکە دەستنیشاننەکراوە، ئەگەر بنەمایەک بۆ رێککەوتن ئامادەکرابێ، بەڵێ سەردانەکە دەکرێت.
 
رووداو: موقتەدا سەدر ئامادەیی نیشانداوە پێشوازیی لەو شاندە بکات؟
 
بەنگین رێکانی: ئەوەی من بزانم، سەید موقتەدا هەندێ مەرجی هەیە. خۆشی بەشێوەی راستەوخۆ قسەناکات و لایەنەکانی سەر بە رەوتەکەی قسەدەکەن کە گوایە مەرجیان هەیە و باسی وەرەقەیەک دەکەن کە کاتی خۆی سەید موقتەدا سەدر پێشکێشی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کردووە و قسە هەیە کە هاوپەمانێتی بکەن. وەرەقەکە 12 خاڵ بوو، تێیدا باسی ئەوە کرابوو کە دەبێ بەڵێننامەیەک بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت هەبێت، باسی پێکهێنانی حکومەت و بەرپرسانی ناو حکومەتەکە کێ دەبن؟ ئەو خاڵانە ئێستا باسدەکرێن. ئەگەر بگەنە رێککەوتن، ئەو سەردانە دەبێت.
 
رووداو: ئێوە دەتانەوێ سەدرییەکان لەو حکومەتە بەشداربن کە بڕیارە دروستبکرێت؟
 
بەنگین رێکانی: بەڵێ! پارتی زۆر هەوڵدەدا سەدرییەکان بەشداربن، ئەگەر بەشداریش نەبن بەو حکومەتە رازیبن. دەبێ رازیشبن، ئەگەر وانەبێ، ئارامی لە عێراق دروستنابێ.
 
رووداو: حکومەتی داهاتوو حکومەتێکی ئاسایی دەبێ یان کاربەڕێکەر، ماوەکەی چەند دەبێت؟
 
بەنگین رێکانی: نەخێر! دەبێ حکومەتێکی دروستبێت و هەموو دەسەڵاتێکی هەبێت و ئامادەکاریش بکرێت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت. بەڵام بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت دوو کێشەی سەرەکیی هەن، کێشەی یەکەم؛ ئەم کۆمیسیۆنەی ئێستا ماوەی بەسەرچووە و دەبێ کۆمیسیۆنێکی نوێ دروستبکرێت و دەبێ کۆمیسیۆن کاتی هەڵبژاردن دەستنیشان بکات. دووەم؛ یاسای هەڵبژاردن خۆی هەندێک دەستکاریی دەکرێت، رەنگە لەسەر ئەوەش راجیایی لەنێوان قەوارەکاندا هەبێت. رای ئێمە ئەوەیە کە لە ماوەی ساڵێک تا ساڵ و نیوێک، هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت. ئەمەش کرا، دەبێ یاسای بودجە پەسند بکرێت، چونکە هەڵبژاردن پارەی پێویستە.
 
رووداو: چەند مانگێکە حکومەتی عێراق بودجەی هەرێمی کوردستانی نەناردووە، لە رەشنووسەکەدا حکومەتی عێراق پابەندکراوە بەوەی بودجەی هەرێمی کوردستان بنێرێت؟
 
بەنگین رێکانی: لە یاسای بودجەی ساڵی 2021 کە هەمان یاسای ساڵی 2022ـە، ماددەیەکی تایبەتی تێدایە کە دەڵێ دەبێ مانگانە 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرن، لەساڵی 2021 تەنیا شەش مانگیان ناردووە، لە ساڵی 2022ش تەنیا دوو مانگیان ناردووە. ئێمە ئەوەمان جێگیرکردووە کە دەبێ یاسای بودجە جێگیربکرێت. 
 
رووداو: واتە رازیبوون بە ناردنی 200 ملیار، حکومەتی داهاتووش ئەوەندە دەنێرێت؟
 
بەنگین رێکانی: نەخێر! ئێمە باسی یاسای کارپێکراوی بودجە دەکەین، لەبودجەی 2022 بڕی 200 ملیار دیاریکراوە، بەڵام بۆ بودجەی 2023 قسەی دیکە دەکرێت. 
 
رووداو: واتە رێککەوتنی نوێ دەکرێت؟
 
بەنگین رێکانی: بەڵێ.
 
رووداو: دەگوترێ 28ی مانگ پەرلەمان کۆدەبێتەوە، بە بڕوای تۆ ئەمە روودەدا؟
 
بەنگین رێکانی: بەڵێ! بڕیارە لە 26 تا 28ی مانگ پەرلەمان دابنیشێت بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانی خۆی، لە یەکەم دانیشتندا جێگری یەکەم هەڵدەبژێرن، کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی موحسین مەندەلاوی بۆ ئەو پۆستە دیاریکردووە، دواتریش رۆژی دانیشتن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دیاریدەکەن.
 
رووداو: مەندەلاوی بۆ ئەو پۆستە یەکلایی بووەتەوە؟
 
بەنگین رێکانی: بەڵێ یەکلایی بووەتەوە.
 
رووداو: ئەو دەبێتە جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان؟
 
بەنگین رێکانی: بەڵێ، ئەو بەربژێری ئەوانە و لە پەرلەمان یەکلایی دەبێتەوە.
 
رووداو: کەواتە هەردوو جێگرەکەی سەرۆکی پەرلەمان کورد دەبن؟
 
بەنگین رێکانی: بەڵێ کورد دەبن.
 
رووداو: چوارچێوەی هاوئاهەنگی رەتیدەکەنەوە مستەفا کازمی ببێتەوە سەرۆکوەزیران، پارتی و سوننە هیچ داواکارییەکیان کردووە کە مستەفا کازمی ببێتەوە سەرۆکوەزیران؟
 
بەنگین رێکانی: نەخێر! خۆت دەزانی عورفێک هەیە لە عێراق کە سوننە و کورد چاوەڕوانی شیعە دەکەن. شیعەکان بەربژێری خۆیان دەستنیشان دەکەن و دواتری ئەمان رای خۆیان لەسەری دەڵێن. تائێستا قسە لەسەر ئەو بابەتە نەکراوە و بەربژێری چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەر محەممەد شیاع سوودانییە. 
 
رووداو: ئێستا ئێوە لەگەڵ کێ گفتوگۆ دەکەن؟
 
بەنگین رێکانی: گفتوگۆکراوە و لەسەر ئەو رەشنووسە رێککەوتووین.
 
رووداو: واتە ئێوە بۆ پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی رێککەوتوون؟
 
بەنگین رێکانی: ئێمە پارتی، یەکێتی، چوارچێوەی هاوئاهەنگی و سوننە، رێککەوتووین لەسەر مەهامی حکومەتی داهاتوو، باسی هەیکەل و پۆستمان نەکردووە.
 
رووداو: کەی دەچنە ناو ئەو وردەکارییە؟
 
بەنگین رێکانی: بەرنامەی سیاسی، تەشریعی و حکومی.
 
رووداو: واتە رێککەوتوون کە حکومەت پێکبهێنرێت؟
 
بەنگین رێکانی: رێککەوتووین کە پێویستە حکومەت پێکبهێنێت بۆ ئەم قۆناخە، هەروەها ئامادەکاریی بکات بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە و هەڵبژاردنی پێشوەخت لە ماوەی ساڵێک تا ساڵ و نیوێک.
 
رووداو: لەسەر بەرنامە و پرۆگرامی حکومەتەکە رێککەوتوون؟
 
بەنگین رێکانی: بەڵێ! لەسەر زۆربەی خاڵەکانی حکومەت پێکهاتووین.
 
رووداو: هیچ خاڵێکی ناکۆکتان هەیە؟
 
بەنگین رێکانی: ناوەڵڵا، ئەوەی ماوە تەنیا کاتی گۆڕینی پارێزگاری کەرکووکە.
 
رووداو: بۆ لەسەر ئەوە رێکنەکەوتوون؟
 
بەنگین رێکانی: هەندێک داوا دەکەن هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەماوەی دوو-سێ مانگدا بکرێت.
 
رووداو: کێ ئەو داواکارییەی هەیە؟
 
بەنگین رێکانی: هەندێک لایەنی سوننە و شیعەش. ئێمەش پشتگیرییان دەکەین، چونکە ئەوە زۆر گرنگە بۆ هەموو پارێزگاکان.
 
رووداو: هەستناکەن بۆ ئەوە درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی راکان جبوورییە وەکو پارێزگاری کەرکووک؟
 
بەنگین رێکانی: نەخێر! لەسەر مەبدەئـ قسە دەکەین، ئێستا پۆستی راکان جێگری پارێزگای کەرکووکە، یاساش دەڵێ ئەگەر پارێزگار نەما، جێگرەکەی بە وەکالەت دەبێتە پارێزگار. ئێستا ئەو بەوەکالەتە و پارێزگار هەڵبژێردرێت ئەو نامێنێت.
 
رووداو: کەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکرێ؟
 
بەنگین رێکانی: قسەمان لەسەر ئەوە کردووە و یاساکەی ئامادەیە، تەنیا ئەگەر حکومەت پێکبهێنێت و کۆمیسیۆن کارابکرێت، لەماوەی سێ-چوار مانگدا دەتوانن هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکەن. هەموو لایەنەکانیش بە کوردەوە پابەند کراون بە ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنە و بە بڕوای منیش دەکرێت.
 
رووداو: واتە رێککەوتنەکەتان ئەوەی تێدایە؟
 
بەنگین رێکانی: بەڵێ تێیدایە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ یۆگۆر چێرنیێڤ، سەرۆکی شاندی هەمیشەیی ئۆکراینا لە ناتۆ

یۆگۆر چێرنیێڤ بۆ رووداو: ئاشتی لە بەرامبەر سازشکردن لەسەر خاکی ئۆکراینا ناکەین

یۆگۆر چێرنیێڤ، جێگری سەرۆکی لیژنەی پەرلەمانی بۆ ئاسایشی نیشتمانی و بەرگری و هەواڵگری و سەرۆکی شاندی هەمیشەیی ئۆکراینا لە ناتۆ، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا رایدەگەیێنێت، رووسیا ئامادەی دانوستاندنی راستەقینە نییە و، تەنیا نواندن دەکات بۆئەوەی کات بەدەستبهێنێت و خۆی بۆ هێرشی نوێ ئامادە بکات