دارای حاجی برایمی چەرمەگا: من نەبوومایە یەكێتی نەیدەتوانی لە بیرە نەوتەكانی كەركووك بدات

22-02-2020
کاوە ئەمین گوڵچین
ئەگەر یەكێتی لەگەڵ بەعس رێككەوتبایە، هەڵەبجە كیمیاباران نەدەكرا
ئەگەر یەكێتی لەگەڵ بەعس رێككەوتبایە، هەڵەبجە كیمیاباران نەدەكرا
نیشانەکردن یەکێتی سەددام کوردستان ئابووری هەرێمی کوردستان
A+ A-
بەشی دووەم
 
دارای حاجی برایمی چەرمەگا، لە بەشی دووەمی بەرنامەی پەنجەمۆردا كە شەوی شەممەی داهاتوو لە كەناڵی (رووداو) بڵاودەكرێتەوە، باسی چەند لایەنێكی دیكەی ژیانی خۆی دەكات، لەوانەش ئەندامبوونی لە مەجلیسی تەشریعی و كردنەوەی فەوج، پاشان چوونی بۆ شاخ، هەروەها پەیوەندی خۆی و تكریتییەكان و زۆر بابەتی دیكە.
 
دارای حاجی برایم دەڵێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ تكریتییەكان بە تایبەتی بنەماڵەی سەددام پەیوەندی شەخسی بووە. باس لەو پەیامانەش دەكات كە سەددام و ئامۆزاكانی بۆیان ناردووە تاوەكو واز لە پێشمەرگایەتی بهێنێ‌.
 
رووداو: تۆ لە ئەڵقەی رابردوو گوتت ئەندامی كۆمەڵە بووی، كەچی بوویتە ئەندامی ئەنجوومەنی تەشریعی و تەنفیزی، كۆمەڵە ئاگاداری ئەوە بوو؟
 
دارای حاجی برایم: حكومەتی بەعس چەند كەسایەتییەكی دانابوو بۆ ئەو مەجلیسە. لەوانە ئەنوەربەگی بێتواتە، كاوەی شێخ لەتیف، من، محێ‌ هەركی و كۆمەڵێك كەسی دیكە. 
 
رووداو: تەنیا سەرۆك عەشیرەت بوون، یان خەڵكی خوێندەواریشی تێدابوو؟
 
دارای حاجی برایم: بەڵێ‌ خەڵكی خوێندەواریشی تێدابوو، لەوانە حەمەسدیقی محامی، حەمەی شێخ عەبدولكەریم، محەممەدئەمین پێنجوێنی. هەندێك كوردی تێدابوو بەعسی بوون. هەندێكیشیان پەیوەندییان بە بەعسەوە نەبوو.
 
رووداو: ئەم دەزگایە ئیشی چی بوو؟ فەرمانتان لە بەعسەوە وەردەگرت؟
 
دارای حاجی برایم: دەزگایەك بوو هیچی پێنەدەكرا، هەر دانرابووین بۆ ئەوەی بڵێن ئەوە حوكمی زاتی و پەرلەمانیان هەیە، كاروبارەكان بە دەست بەعسەوە بوون. ئەوپەڕی تۆ داوات دەكرد پەیكەرێك بۆ فڵان كەس دروست بكەن، یان رێز لە فڵان شاعیر بنێن. ئەگەرنا باسی پرۆژە و باڵەخانە و شتی لەو بابەتە نەبوو. مانگانە رۆژێك یان دوو رۆژ دەواممان دەكرد. ئەندامێتیش بە هەڵبژاردن نەبوو، بەڵكو بە تەعین بوو، بۆ نموونە پرسیان دەكرد كێ‌ باشە ببێ‌ بە ئەندام.
 
رووداو: كاتی خۆی راپۆرتێكتان لەسەر تێكدانی گوندەكان نووسیبوو، هەندێك لە سەرانی بەعس لێتان تووڕە بوون، كێ‌ راپۆرتەكەی نووسی؟
 
دارای حاجی برایم: بۆ هەر ناوچەیەك لێژنەیان دروست دەكرد. بۆ پێنجوێن من و حەمەسدیق و كاوەی شێخ لەتیف و حەمەئەمین پێنجوێنییان دانا. سەردانی خەڵكمان دەكرد، پێماندەگوتن چیتان دەوێ‌ و حكومەت چیتان بۆ بكات. لە راپۆرتەكە وشەیەكی تێدابوو نووسرابوو: "ئیسرائیل وای لە عەرەب نەكردووە". ئێمە رادەگوێزن، وڵاتی خۆمانە بۆ وامان لێدەكەن. راپۆرتەكەمان بردەوە بۆ مەجلیس، لەوێ‌ پێشكەشی خالید كوبەیسییان كرد كە وەزیری كاروباری كورد بوو. ئەو زۆر تووڕە بوو گوتی: چۆن شتی وا دەنووسن. لێژنەیەكی لێكۆڵینەوە دروست كرا، بەڵام لە شانسی ئێمە دوای 20 رۆژ لەسێدارە درا. كابرایەكی شۆفێنی بوو، وابزانم بە نیازی كودەتابوو.
 
رووداو: ئەوكات كۆمەڵێك پارتی سیاسی كوردی هەبوون. شێخ ستار و مەلا ماتۆڕ و عەزیز عەقراوی حیزبیان هەبوو، ئەو حیزبانە رۆڵیان چی بوو، ئێوە پەیوەندیتان لەگەڵ ئەو حیزبانە هەبوو؟
 
دارای حاجی برایم: پەیوەندیم نەبوو، بەڵام وەكو شەخس دەمناسین. كە دەچووم بۆ بەغدا، مەلا ماتۆڕم دەبینی. كاك عەبدولستارم دەبینی. بە هەموویان 15 كەس نەدەبوون. هیچ نەبوون، پیاوی موخابەرات بوون و راپۆرتیان لەسەر خەڵك دەنووسی.
 
رووداو: زۆر باسی خەڵكانی خیانەتكار دەكرێ، هەیە ئیشی خراپی بەرامبەر میللەتەكەی كردووە و ئێستاش دەڵێت من كاتی خۆی لەگەڵ فڵان حیزب و فڵان بەرپرس بووم. ئەوانەی بەدڵ خزمەتی بەعسیان دەكرد زۆر بوون؟
 
دارای حاجی برایم: هەیانە شتی باشی كردووە، هەشیانە شتی خراپی كردووە. موستەشار هەبووە خەڵكی كوشتووە، پێشمەرگەی كوشتووە. موستەشاریش هەبووە خەڵكی رزگار كردووە. بەڵام ئەوەی چاكەی كردبێ‌ زۆر كەمە.
 
رووداو: تۆ لە شوێنێك دەڵێی زۆربەی ئەوانەی فەوجی خەفیفەیان هەبوو بەشدارییان لە شەڕدا كردووە، بە تایبەتی لە كاولكردنی گوندەكان؟
 
دارای حاجی برایم: بەدڵنیاییەوە. كە ئامر لیواكەی پێیگوتووە بجوڵێ‌، نەیتوانیوە نەجوڵێ‌. چونكە پارەی ناداتێ‌. موستەشار هەیە لەلای پارتی و یەكێتی كراوە بە زیندانی سیاسی كە لە بەغدا فەرمانی گرتنی هەیە. ئەمە كەی رەوایە!
 
رووداو: ئێوە بەشداریتان لە كاولكردنی گوندەكاندا نەكردووە؟
 
دارای حاجی برایم: من تەنیا شەش مانگ فەوجم هەبوو، دوایی رامكرد بووم بە پێشمەرگە.
 
رووداو: پەیوەندی تۆ لەگەڵ یەكێتی كەی دەستیپێكرد؟
 
دارای حاجی برایم: لە سەردەمی شەهید ئارامەوە دەستیپێكرد، دوای ئەویش بەردەوام بوو. تازە شۆڕش دەستیپێكردبوو، ئێوارەیەك پیاوێك هات گوتی چەند كەسێك داوای تۆ دەكەن، كە چووم بینیم عوسمانی قالە منەوەر و خاڵە نەجم و  شێخ مەنسوور بوون. هێنامن بۆ ماڵی خۆمان، دوو سێ‌ رۆژ مانەوە، شەوێك گوتیان چوار دەورمان گیراوە. گوتیان وەڵڵا مولازم موحسینە، گوتم كوڕینە شەڕ بكەن هەتا دەكوژرێین. رۆیشتن، دوو رۆژ دواتر موحسین گوتی لەوناوە بووم، ویستم بێمە لات چایەك بخۆمەوە، بەڵام نەهاتم، لە دڵی خۆمدا گوتم بەس نەبوو نەهاتی. شتێك لە سلێمانی روویدا گوتیان قەدەغەی هاتوچۆیە. منیش خەڵكم زۆر دەناسی فیرار بوون. رەنگە 500 كەس دەبوون، ژێر زەمینێكمان هەبوو گوتم بچنە ژێرزەمینەكە. رۆژێك گوتیان ئەفسەرێك هاتووە دەیەوێ‌ بتبینێ‌، كە هات نەقیبێك بوو. گوتی ئەوانە هەموویان سەر بە تۆن؟ گوتم بەڵێ‌، گوتی ئەو گەڕەكە هی تۆیە؟ گوتم بەڵێ‌. ئەفسەرەكە گوتی یەك كەس نەپشكنن. یەكێك لەوانە نەریمان بابان بوو. كەسێكی زۆر بە سیفەتە، هەموو جارێك تەلەفۆنم بۆ دەكات. من بۆ ئەوەمە بڵێم من هیچ جیاوازییەكم لەنێوان هیچ حیزبێك نەكردووە، مادام كورد بووە یارمەتیم داوە.
 
رووداو: چ جۆرە یارمەتییەكەت پێشكەشی یەكێتی كردووە؟
 
دارای حاجی برایم: بە چەك یارمەتیم داون. لە 1986 گاز و بەنزین و خواردنم بۆ ناردوون، بەردەوام پارەشم بۆ ناردوون. قادری حاجی عەلی شایەتە، لەلای مام جەلال دانیشتبووین: مام جەلال گوتی من 100 هەزار دیناری (سویسری) كاك دارام لەلایە. 
 
رووداو: بە قەرز پێتدابوون؟
 
دارای حاجی برایم: نا، ئەگەر بە قەرز بووایە ئێستاش نەیاندەدامەوە.
 
رووداو: ئێوە ئاگاداری گفتۆگۆی نێوان حكومەت و یەكێتی بوون؟
 
دارای حاجی برایم: من لە رێگەی عەبدولفەتاح یاسینەوە زانیم. ئەندامی قیادەی قوتری حیزبی بەعس بوو. ئەوكات وەزیر بوو. نەخۆش بوو چووم بۆ لای گوتی: عیزەت دووری هاتووە بۆ سلێمانی، نەتبینی؟ گوتم: نەوەڵڵا نەمبینی، بۆچی هاتووە؟ گوتی كە چوویتەوە بچۆ بۆ لای كاك جەلال هەندێك شت هەیە پێی بڵێ. شتەكان ئەوە بوو كە تۆزێك خۆیان رابگرن، دوژمنێكی گەورە لەپێشمانە، حەز ناكەین هەندێك هەڵسوكەوت بكەن. بۆ دانیشتنەكانیش سەدام خۆی سەرپەرشتی دەكات. منیش هاتمەوە بۆ مام جەلالم گێڕایەوە. مام جەلالیش گوتی داواكارییەكانمان جێبەجێ‌ نەكەن رێگەی دیكە هەیە بیگرمەبەر، رێگەكەش ئێران بوو. دوای ئەوە عەبدولفەتاح یاسینم بینی. گوتی ئەگەر بابەتەكە ئێرانە، بەخوا كوردستان وێران دەبێ‌. با شتێكیشتان پێبڵێم: سەدام حوسێن بەرگریتان لێدەكات، بەڵام ئێمە وەكو بەعس بەرگریتان لێناكەین. رەئی هەمووشمان خراپە بەرامبەرتان. با دان بەخۆیاندا بگرن، ئێمە لە شەڕێكی گەورەداین كە ئەو شەڕە تەواو بوو، چییان بوێ‌ بۆیان دەكەین. ئەم هەفتەیە ئێمە رێكدەكەوین و رێككەوتنەكەش واژوو دەكەین. لەو هەفتەیەدا وەزیری گەشتوگوزاری توركیا هات بۆ بەغدا. گوتی كاكە ئێوە خەریكن لەگەڵ كورد رێكدەكەون؟ گوتمان: بەڵێ‌. گوتی: ئێمە دەرگاكانتان لێدەگرین. عیززەت دووری و عەلی حەسەن مەجید چوون بۆ سوورداش بۆ لای مام جەلال. بەڵام ئەوان رێگەیەكی دیكەیان گرتەبەر، ئەوەش هەڵەیەكی گەورە بوو. دەبووایە لەگەڵ بەعس رێكبكەون. نە كوردستان وێران دەبوو، نە هەڵەبجەش كیمیاباران دەكرا. 
 
رووداو: دوای ئەوەی ساڵی 1967 سەدامت بینی، پەیوەندییەكانت بەردەوام بوو؟
 
دارای حاجی برایم: من دوو سێ‌ جاری دیكە سەددامم بینی. چووم بۆ عۆجە بۆ ماڵی ئەبوو محەممەد كە خاڵۆزای سەددام بوو، شەو لەوێ‌ مامەوە، گوتیان سەید رەئیس لێرەیە و دێت بۆ دیوەخانەكەی، ئێمەش چووین بۆ ئەوێ‌. سەددام پرسی چی هەیە لە سلێمانی؟ گوتم مودیر ئەمنێكی لێیە زۆر خراپە، بۆ بەیانی گواستیانەوە.
 
رووداو: ئەی باس لەوە دەكرێ‌ سەددام دیاری بۆ ناردووی؟
 
دارای حاجی برایم: بەڵێ‌. لە هەموو جەژنێك پارەی دەنارد. یان ئۆتۆمبێلی پێدەداین.
 
رووداو: لەسەر چ بنەمایەك ئەو دیارییانەی دەدا بە ئێوە؟
 
دارای حاجی برایم: پەیوەندیمان لەگەڵ ئەو شەخسی بوو، چ پێویستی نەدەكرد ببم بە بەعسی یان پیاوی ئەمن، راستەوخۆ دەمناسی. ئامۆزاكانیم دەناسی. پوورزاكانیم دەناسی. تێكەڵاوی خێزانیمان هەبوو لەگەڵ سەددام. من ناڵێم سەددام پیاوێكی باش بوو، بەڵام پیاوێكی بە وەفا بوو.
 
رووداو: سەدام پیاوێكی چۆن بوو؟
 
دارای حاجی برایم: پیاوێكی بە بەڵێن بوو، حەزی لە خیانەت نەبوو. درۆی پێناخۆش بوو. ئەو هەموو سەركردەیەی كورد چوون بۆ بەغدا و هەمووشیان بە سەلامەتی هاتنەوە. 
 
كابرایەك هەبوو شێخ جەلالیان پێدەگوت، دراوسێم بوو. ساڵی 1986 هات بۆ لام كوڕێكی لەگەڵ بوو ناوی محەممەد بوو، موقەدەم روكن بوو، گوتی من تكریتیم و برازای حەردان تكریتیم. گێڕایەوە كە رێگایەكیان دروست دەكرد لە كەركووكەوە بۆ تكریت، پردێكی تێدەكەوت بۆ ئەوبەری ئاو، گوتی هەندێك خانووی ئێمە بەر رێگاكە دەكەوتن، باوكم منی نارد بۆ لای نەنكم، تاپۆی خانووەكان لەلای ئەو بوو، كە تاپۆكانی هێنا لەسەری نووسرابوو ئیبراهیم ئاغا. گوتم نەنە ئیبراهیم ئاغا كێیە. گوتی: باپیرەی هەمووتانە. گوتم لە نێو عەرەبدا ئاغا نییە، گوتی رۆڵە ئێمە ئەسڵمان كوردە.
 
رووداو: لەو ماوەی كە تۆ پەیوەندیت لەگەڵ بەرپرسانی بەعس هەبووە و تۆ دەڵێی پەیوەندییەكانت شەخسی بوون، قەت وا رێككەوتووە كەسێك گیرابێ‌ داوات لێ‌ بكەن ئازادی بكەی و ئەوانیش بە قسەیان كردبی؟
 
دارای حاجی برایم: زۆر كەس هەبووە كە ئەگەر من نەبوومایە، ئیعدام دەكران. هەر تەكلیفێكم كردبێ‌، سەد لە سەد جێبەجێیان كردووە.
 
رووداو: ئێوە پەیوەندییەكی باشتان لەگەڵ حكومەت هەبوو، بە تایبەتی لەگەڵ سەددام حوسێن و خێڵەكەی، ئەو پەیوەندییە بۆچی پچڕا؟
 
دارای حاجی برایم: من تاقەتی فەوجم نەبوو، بە نامەی مام جەلال فەوجم دروستكرد. شەڕێك لەگەڵ ئێران كرا فەوجەكەی من چەند شوێنێكیان گرت، چەند چەكێكیان دەستكەوت. گوتیان دەبێ‌ چەكەكان تەسلیمی حكومەت بكەی. كردیان بە راپۆرت و راپۆرتكاری. سەدام حوسێن تا ساڵی 1985یش پیاوێكی زۆر ئاسایی بوو، بەڵام كە شەڕەكە گەیشتە لوتكە ئەو پیاوە تێكچوو. باوەڕ بكەن ئەو راپۆرتانەی لەسەر من نووسرابوون بچووبانە بەردەمی دەیگوت لە سێدارەی بدەن. لێژنەیەكی لێكۆڵینەوەیان لەسەر دروستكردم، لێژنەكە بە سەرۆكایەتی شێخ جەعفەر بوو. گوتیان كابرایەكمان لە چەمچەماڵ دەستگیر كردووە ناوی حاجی رەزایە و 200 پارچە چەكی پێگیراوە و دەڵێت دارای حاجی برایم پێیداوم بیبەم بۆ حیزبی دەعوە لە نەجەف. شتەكەش ئەسڵ و ئەساسی نەبوو، ئەمە بووە هۆی ئەوەی دووربكەومەوە لە حكومەت. مام جەلالیش وەڵامی نارد گوتی ئەگەر پێتدەكرێ‌ وەرە دەرەوە. گوتم نایەمە دەرەوە هەتا هەندێك شت هەیە جێبەجێی نەكەم. گوتم من هەموو شەوێك 50 كەس دەنێرم بۆ پارێزگاری لە لیوای سووسێ‌. كارگەی چیمەنتۆی تاسلوجە جەیشی شەعبی لێیە. هەموو شەوێكیش 30 كەس دەنێرم بۆ ئەوێ‌. من هێزەكە زیاد دەكەم و دەیكەم بە 70- 80 كەس با 30 كەس لەلای من بێ‌ و ئەوەی دیكەش پێشمەرگە بن. لیواكە و كارگەكە بگرین، ئەوكات دێمە دەرەوە. ئەوانەی لەلای من بوون ئەو پلانەیان ئاشكرا كرد. ئەوانە لە ژێرەوە لەگەڵ بەعس بوون. من خۆم بە تەنیا لەگەڵ فەوجەكە نزیكەی 600 – 700 كەس بووین، چووینە لای مام جەلال. ئەمە بووە هۆی ئەوەی من داببڕێم. 
كە لە لەندەن بووم، سەدام باڵیۆزی عێراقی ناردە لام، چووینە رێستورانتێك. سڵاوی حیزب و سڵاوی سەدامی بۆ هێنابووم و گوتی: سەدام دەڵێت تۆ كەسێكی نیشتیمانپەروەری و دەمانەوێ‌ دانوستاندنت لەگەڵ بكەین. منیش گوتم من بە تەنیا هیچ نیم، دانوستاندن لەگەڵ كورد بكەن. گوتی كێیان بۆ دەستنیشان دەكەی؟ گوتم: د.مەحموود عوسمان.  گوتیان: ئەو نا، كەسێكی دیكەمان بۆ دەستنیشان بكە. گوتم خەڵكی دیكە هەیە ئێوە بۆ خۆتان حكومەتن و دەزانن كێیە. بۆ خۆتان لەگەڵیان دابنیشن. پاشان ئەو كەسە تەلەفۆنی بۆ كردمەوە گوتی: سەید رەئیس دەڵێت باوك و كوڕ شەڕیان دەبێت، باوك زللەیەك لە كوڕەكەی دەدات، كێی بە كەفیل دەوێت بابێتەوە لێرە دابنیشێ‌. گوتم من بە تەنیا ناگەڕێمەوە.
 
رووداو: ئەوە دوایین پەیامی سەددام حوسێن بوو؟
 
دارای حاجی برایم: نەخێر، كە گیرا برادەرێك تەلەفۆنی بۆ كردم و گوتی: حاكم رزگار ناناسی؟ گوتم: نەوەڵڵا. بۆ؟ گوتی دەمانەوێ‌ قسەیەكی لەگەڵ بكەین، سەدام گوتبووی بە دارا بڵێن بەڵكو ئەو قسەی لەگەڵ بكات. 

 

رووداو: زۆر بە خراپی باسی شێخ جەعفەر بەرزنجی، پارێزگاری سلێمانی دەكرێ‌، كەسێكی خراپ بوو؟

 

دارای حاجی برایم: لەگەڵ شێخ جەعفەر زۆر برادەر بووین، بەڵام من بەو شێوەیە نەمدەبینی، بەشێوە ساكارەكەی خۆی دەمبینی. بەڵام هەندێك شتی لەسەر ماڵ بوو، وەكو شەهیدكردنی پۆلە گەنجەكەی سەر رێگای سەرچنار.. شێخ جەعفەر بەعسی بوو، بە قسەی بەعسی دەكرد. 
 
رووداو: ئەوكاتەی یەكێتی بڕیار دەدات لە چاڵە نەوتەكانی كەركووك بدات ئێوە هاوكاریتان كرد؟
 
دارای حاجی برایم: بەڵێ‌. گوتیان هەندێك تراكتۆر دەپەڕنەوە، پارێزگارییان لێ بكەن، بەڵام مەپرسن چییە. من نەبوومایە كەس نەیدەتوانی پارێزگارییان لێ بكات. دوایی زانیم لە چاڵە نەوتەكانیان داوە. 
 
رووداو: حیزبی بەعس حوسێن كامل و سەدام كاملی كوشت، هیچ شتێك دەزانیت لەسەر ئەو رووداوە؟
 
دارای حاجی برایم: ئامۆزاكەی سەددام گیرابوو، لە بەندیخانەی چەمچەماڵ بوو. حەوت ساڵ حوكم درابوو، لەسەر ئەو پەلامارەی سەر ماڵی حوسێن كامل بوو. ساڵی 2016 وەڵامی بۆ ناردم سەردانی بكەم. منیش چووم بۆ لای. گوایە ئەو ژنەی لە رووداوەكەدا كوژراوە ئەو ئامۆزایەی سەددام كوشتوویەتی.. هەم لێرە و هەم لە بەغدا داوام كرد تەسلیمی بەغدای نەكەن، چونكە تەسلیمی بەغدا كرابا تێدەچوو. كە ئازاد كرا هێنام بۆ ماڵی خۆم. دوایی ناردم بۆ هەولێر، لەوێ‌ شتێكیان بۆ جێبەجێ كرد و ناردیان بۆ توركیا و ئێستا لەوێیە. ئەو بۆی باسكردم بابەتەكە سەدام نەبوو، بەڵكو عەلی حەسەن مەجید بوو. بە سەدامی گوتبوو تۆ وەكو سەرۆك كۆمار لێیان خۆشبووی، بەڵام ئێمە وەكو عەشایر لێی خۆشنابین. 
 
رووداو: ئەی دەڵێن ژنەكەیان پێ‌ تەڵاق دا؟
 
دارای حاجی برایم: ئەوە رۆژنامەنووسێك بۆی گێڕامەوە، ناوی عەباس جەنابی بوو، لەلای عودەی كاری دەكرد، گوتی لە بارەگاكەی عودەی بووم. ناردیان بە شوێنمدا. كە چووین حوسێن كامیل و رەغدی كچی سەددام و قازی بەغداش لەوێ‌ بوون، زۆر هەوڵیان لەگەڵ دا كە تەڵاقی بدات، گوتی تەڵاقی نادەم.
 
رووداو: نامەی مام جەلال لە رێگەی تۆوە دەچێ‌ بۆ حاجی سوڵتان، ئەو حاجی سوڵتانە كێ‌ بوو؟
 
دارای حاجی برایم: ئەم حاجی سوڵتانە تكریتییە، برادەری مام جەلال بوو. كابرایەكی تكریتی لە قەرەداخ گیرابوو بەعسی بوو، تەكلیفیان لە من كرد كە بە مام جەلال بڵێم ئازادی بكات. مام جەلال داوای 11 بیكەیسی كردبوو. حاجی عەبد هەبوو برای عەلی حەسەن مەجید، زۆر تكای لێكردم بەڵكو ئازادی بكەم. پێمگوت وەڵڵا مام جەلال داوای 11 بیكەیسی كردووە. بەڵام مام جەلال بە سەفەر چوو بوو بۆ سووریا و هەتا گەڕایەوە، كاك نەوشیروان ئەو كابرایەی گوللەباران كرد.   
 
رووداو: تۆ دەچیتە دەرەوە، هاشم سوڵتان پەیوەندی بە تۆوە دەكات و دەڵێت وەرەوە ریزی نیشتیمان. ئەوە چۆن بوو و لە رێگەی كێ بوو؟
 
دارای حاجی برایم: كە ئەنفال دەستیپێكرد، نامەیەكی بە كوڕێكی ئامۆزامدا ناردبوو. تێیدا نووسرابوو: ئەوێ‌ شوێنی تۆ نییە، تۆ دوای وەهم كەوتووی و ئێمە تۆمان خۆشدەوێ‌. تۆ كێشەت چییە؟ چیت دەوێ‌ بۆت دەكەین. منیش وەڵامی نامەكەم دایەوە. گوتم: من شوێن وەهم نەكەوتووم، شوێنی میللەتەكەم كەوتووم. ئاوارە و دەربەدەر كراین، ئەنفال كراین، ئێوە هەڵسوكەوتی خۆتان چاك بكەن هەزارانی وەكو من دێنەوە. ئەوكات كاك نەوشیروان لە سەقز بوو. پێمگوت كاك نەوشیروان من بەو شێوەیە وەڵامی ئەو پیاوەم داوەتەوە. گوتی ئیشێكی باشت كرد. برادەرێك ئەو راپۆرتەی بە ئێرانییەكان گەیاندبوو كە عەلی حەسەن مەجید نامەی بۆ نووسیوم. بانگیان كردم بۆ قەرارگەی رەمەزان. گوتیان چۆن عەلی حەسەن نامەی بۆ تۆ نووسیوە؟ گوتم: ئەو نەینووسیوە، هاشم سوڵتان نووسیویەتی لەبەر ئەوەی من هاوڕێی باوكی ئەوم. دەڵێت وەرەوە منیش بەو شێوەیە وەڵامم داوەتەوە. 
 
رووداو: تۆ لەگەڵ یەكێتی بووی، بەڵام پەیوەندی شەخسیت لەگەڵ ئەملا و ئەملا زۆر بوو، ئەمە چۆن بوو؟
 
دارای حاجی برایم: ئێرانییەكان دەیانویست حیزبێكی ئیسلامیم بۆ دروست بكەن. مام جەلالیش رازی بوو كە شتێك دروست بكەم لەگەڵ ئێران، بۆ سوودی یەكێتی. لەوێ‌ كۆبوونەوەیەكیان لەگەڵ كردم، گوتیان چیتدەوێ‌، گوتم 200 خانوو و 2000 چەك و پارەشم دەوێ‌. گوتیان دەبێ‌ رەزامەندی سەرووی خۆمان وەربگرین. داواكردنی ئەو 200 خانووە لەسەر داوای مام جەلال بوو بۆ پێشمەرگە پەككەوتەكان. چەكەكەش هەزاری بۆ خۆم بوو هەزاریش بۆ یەكێتی، بەڵام هیچیان جێبەجێ‌ نەكرد، تەنیا یارمەتی خۆم و ئەو 70 – 80 كەسەیان دا كە لەگەڵم بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ یۆگۆر چێرنیێڤ، سەرۆکی شاندی هەمیشەیی ئۆکراینا لە ناتۆ

یۆگۆر چێرنیێڤ بۆ رووداو: ئاشتی لە بەرامبەر سازشکردن لەسەر خاکی ئۆکراینا ناکەین

یۆگۆر چێرنیێڤ، جێگری سەرۆکی لیژنەی پەرلەمانی بۆ ئاسایشی نیشتمانی و بەرگری و هەواڵگری و سەرۆکی شاندی هەمیشەیی ئۆکراینا لە ناتۆ، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا رایدەگەیێنێت، رووسیا ئامادەی دانوستاندنی راستەقینە نییە و، تەنیا نواندن دەکات بۆئەوەی کات بەدەستبهێنێت و خۆی بۆ هێرشی نوێ ئامادە بکات