کەنداڵ نەزان: ماکرۆن بە کردەوە دۆستایەتیی خۆی بۆ کورد پێشانداوە

24-04-2022
هێمن عەبدوڵڵا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
فەرەنسییەکان وەک زانای ئەتۆمیی خۆیان دەیناسن و شانازیی پێوەدەکەن، بۆیەش زۆرتر لە چل ساڵە هەرچییەک ئەو داوای بکات بۆ پشتیوانی لە کورد بەقسەی دەکەن. پرۆفیسۆر کەنداڵ نەزان، سەرۆکی ئەنستتیوتی کورد لە فەرەنسا، لە پرۆگرامی دیاسپۆرا، کە هێمن عەبدوڵڵا پێشکەشی دەکات، باسی ئایندەی دۆستایەتیی کورد و فەرەنسا دەکات. ئەو دۆستایەتییەی خۆی رۆڵی سەرەکیی لە دروستکردنیدا گێڕاوە و دیار نییە تاوەکو کوێ گەرموگوڕ دەمێنێتەوە.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکەی رووداو لەگەڵ پرۆفیسۆر کەنداڵ نەزان:
 
رووداو: لە ماوەی 10 ساڵدا گۆڕانکاری گەورە لە نەخشەی سیاسیی فەرەنسا دروستبوو، پێش دە ساڵ ئەگەر کەسێک پرسیاری کردبا کێ دەبێتە سەرۆک؟ دەیانگوت کەسێکی سۆسیالیست یان کۆماریخواز. بەڵام لە ماوەی ئەو 10 ساڵە ئەمە بووەتە خەون، ئەو گۆڕانکارییە گەورەیە بۆچی دروست بوو؟ لیبرال و ناسیونالیستەکان هاتنە پێشەوە.
 
کەنداڵ نەزان: دونیا گۆڕا، کۆمەڵگەی فەرەنسی گۆڕا، گۆڕانکاری بەسەر بیرو باوەڕی نەوەی نوێدا هات. پارتە سیاسییەکانیش وەکو هەر کەسێک دەکرێت رۆژێک بێت و نەمێنن و بمرن، مرۆڤ کاتێک لە دایک دەبێت گەورە دەبێت پاش ماوەیەک دەمرێت.
 
مێژوونووسێکی گەورەی عەرەب بەناوی ئیبن خەلدوون، لەبارەی مێژووی جیهاندا دەڵێت دەوڵەت بۆ هەمیشە نییە و دەکرێت بمرێت، خانەدان بۆ هەمیشە نین دەکرێت بمرن. واتە خانەدانێک، دەوڵەتێک سێ بۆ چوار نەوە بەردەوام دەبێت. پارتە سیاسییەکانیش ئێستا وایانلێهاتووە. کاتی خۆی پارتی کۆمۆنیستی فەرەنسا هەبوو، یەکەم پارتی فەرەنسا بوو کە 25٪ی دەنگەکانی دەهێنا، پارتی کۆماریخواز هەبوو، کە زۆر بەناوبانگ بوون، پارتی سۆسیالیست لە ساڵی 1971 بەدواوە پشتوانی زۆری هەبوو، پارتی کۆمۆنیست و پارتی سۆسیالیست پێش 100 ساڵ دامەزران، بەپێی سەردەمەکان و داخوازیی نەوەی نوێ خۆیان گونجاندووە و پشتیوانیشیان هەبوو.
 
لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا، بە تایبەتی لەسەردەمی فرانسۆ ئۆلاند، زۆر بەڵێنی دابوو، بەڵام بەڵێنەکانی نەهێنایەدی، ئەمە بێ باوەڕی لای خەڵک دروستکرد، دوای ئەوەی بەشێکی گرنگی سۆسیالیستەکان چوونە لای ماکرۆن، بۆ نموونە وەزیری دەرەوە، وەزیری بەرگری، زۆری پەرلەمانتارەکانیان لە پارتی سۆسیالیستی کۆن بوون.
لە کۆماریخوازەکانیش لە سەردەمی سارکۆزی، ئەوانیش زۆر بەڵێنیان دابوو، بەڵام بەڵێنەکانیان بەجێنەهێنا، باوەڕی کەم بوو.
 
ئێستا لەنێو پارتەکەی ماکرۆن خەڵکانێکی تێدایە کە لایەنی چەپن لە پارتی سۆسیالیستی کۆنن و هەندێک کەسی میانڕەو هەن، هەندێک راستڕەوی مەعقوولیش هەن، وەکو هاوپەیمانییەک بە یەکەوە کاردەکەن. لە دەرەوەی ئەوان پارتەکەی ماری لۆپین هەیە، خەڵکی ناڕازی هەن لەبەر هەژاریی یان ئەوانەی ناتوانن ژیانێکی خۆشیان هەبێت، بە گوتەی ئەوان فەرەنسا لە دەوروبەری 9 ملیۆن هەژاری هەیە، لە فەرەنسا بەوانەی دەگوترێت هەژار ئەگەر بێت و داهاتی مانگانەی لە هەزار دۆلار کەمتر بێت، بەڵام بەپێی وڵاتانی دیکە ئەوانە هەژار نین، چونکە لە فەرەنسا دکتۆر و نەخۆشخانە و خوێندن هەمووی بەلاشە، بەڵام بەپێی پێوەری فەرەنسا بە هەژار ئەژمار دەکرێن.
 
بۆیە ئەوانەی لەسەر حکومن دەتوانن بەڵێنی زۆر گەورە بدەن، بەڵێنی ئەوە بدەن بەهای نەوت کەمبکەنەوە و وادەکەین و وادەکەین... زۆر کەس بڕوایان پێدەکەن. ئێستا وەکو ئەڵتەرناتیڤێک پارتەکەی لۆپین دروستبووە، بە بڕوای من ئەمەش شتێکی کاتییە، دوای ماوەیەک جارێکی دیکە وەکو زۆری وڵاتی دیکەی ئەوروپا جێگرەوەیەکە سۆسیال دیموکرات و ژینگەپارێز شتێک دروست ببێت تاوەکو 10 ساڵی دیکە، بۆ نموونە وەکو ئەڵمانیا، سکەندەناڤیا، تەنانەت وەک پۆرتوگال و ئیسپانیا.. بەڵام کاتی پێویستە، چونکە دڵی ئەو کەسانە بریندارە زۆر بەڵێنیان لەلایەن فرانسۆ ئۆلاندەوە پێدرا، بەڵام بەڵێنەکان جێبەجێ نەکران، بۆیە کاتی پێویستە تاوەکو لەنێو نەوەی نوێ کەسی نوێ دەرکەوێت، لەلایەکی دیکە پارتی راستڕەو کە مومکن نییە شتێک بکەن، بۆیە لایەنگری ماکرۆن دەکەن، چونکە ئەوان زیاتر مەیلیان میانڕەوییە، رەنگە بەشێکیان بچنە پاڵ لۆپین.
 
رووداو: بە گوتەکانی ئێوە بێت، کە دەوڵەت دەمرێت، پێتانوایە کۆماری نوێی فەرەنسا هێدی هێدی دەمرێت و کۆمارێکی نوێ لە دایک دەبێت؟ یان جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە؟
 
کەنداڵ نەزان: کۆمار خۆی نوێدەکاتەوە، لە فەرەنسا کۆماری چوارەم هەبوو، لە جەنگی جهیانیی دووەم تاوەکو 1958 بەردەوام بوو، ئەو کۆمارانەی هەن تەنیا لە فەرەنسا نا، لە زۆر وڵاتی دیکە سیستەمی نوێنەرایەتی لە قەیرانێکی قووڵدایە. پێشتر گەل دەچوو دەنگی خۆی دەدا 5 ساڵ جارێک دەچوو لە ماڵەکەی خۆی دادەنیشت، بەڵام نەوەی نوێ ئەمە قبووڵ ناکات، تۆڕی میدیایی و کۆمەڵایەتی هەن، دەیانەوێت بەشداریان لە ژیانی دیموکراتیدا هەبێت. بۆیە لەو بڕوایەدام ئەو کۆمارەی پێنجەم کە هەیە پێویستی بە خۆ نوێکردنەوە هەبێت بەرەو کۆماری شەشەم بچێت، کۆمارێکی نوێ کە زۆرترین کەس خاوەن قسە بێت و بتوانن بەشداربن، ئەمە لە هەندێک لە شارەوانییەکان کراوە، وەکو شارەوانی پاریس، کە ئێستا پرس بە خەڵک دەکەن کە پارە لە چ پرۆژەیەکدا خەرج بکەن، بژاردەکانیان دەخەنە بەردەم خەڵک، ئەوانیش دەنگی خۆیان دەدەن.
 
رووداو: کاتێک مرۆڤ بیر لە فەرەنسا دەکاتەوە، لە ساڵانی حەفتاکانەوە تاوەکو ئێستا، شتێک نەمێنێت دەڵێن مامۆستا کەنداڵ نەزان هەیە پەیوەندی باشی لەگەڵ سەرۆکەکانی فەرەنسا و بەرپرسانی ئەو وڵاتە هەیە. ئەو گۆڕانکاریانەی ئێستا باسمان کردن، کاریگەری هەبووە پەیوەندییەکانیش گۆڕانکاریان بەسەردا بێت؟ وەک دەڵێن نیگەرانییەک لای تۆ هەبووە تۆ بڵێیت ئەو نوێکارییەی لەنێو کۆماردا دروست دەبن بۆ کورد باش نابن؟
 
کەنداڵ نەزان: لە ساڵانی 1970 یەکەم لەگەڵ رۆشنبیرانی بەناوبانگی وەکو ژان پۆڵ سارتەر و سیمۆن دێ بۆڤوار لە کۆماری فەرەنسا کوردستانیان دانابوو، ئەو دەم زیاتر بۆ یارمەتیدانی کوردستانی باشوور لە ساڵی 1974 کاتێک شەڕ دەستی پێکرد. ئینجا هەندێک کتێبیان بڵاوکردەوە هەندێک بەرنامەی رادیۆ و وردە وردە کۆنسێرت بۆ ئەوەی رای گشتی ئاگادار ببێت. لە سیاسەتی ئەوکاتدا لە کاتی خۆیدا ژەنەرال دیگۆل، لەبەر ئەوەی کوردی سووریا و لوبنان لە شەڕی جیهاندا پشتیوانی فەرەنسا بوون، دیگۆل دڵخوازی کورد بوو. لە سەردەمی دیگۆلدا هیچ جارێک فەرەنسا چەکی بە عێراق نەفرۆشتووە، بەرپرسێکی عێراق وەکو میوان نەهاتووەتە کۆشکی ئێلیزێ. بەڵام دوای رۆیشتنی دیگۆل ئەوانی دیکە دەستیان بە بازرگانی کرد. ئەوکاتیش لەنێو رای گشتیدا هێدی هێدی پشتیوانی بۆ کورد دروست دەبوو. 
 
کاتێک کە سەرۆک مرانسوا میتران لە دەسەڵات بوو بۆ ئێمە باشتر بوو، چونکە سەرۆک میتران بۆ جاری یەکەم لە ساڵی 1976 کاتێک بەرپرسی پارتەکە بوو، من ئەوم دەناسی، زۆر لەوانەی بوونە وەزیر من دەمناسین، مەدام میتران ئەوەی لەدەستی هات بۆ دۆزی کورد چ لە فەرەنسا و چ لە وڵاتانی دیکە دەنگی کوردی گەیاندە جیهان، لە گۆرباتشۆف تاوەکو بووش، کاتێک باس لە مەدام میتران دەکرا دەیانگوت ئەها ئەوەی پارێزگاری لە دۆزی کورد دەکات. ئەو کات بۆ ئێمە دەرفەتێکی باش بوو. بەڵام جوڵانەوەی کورد لەوکاتدا لە رەوشێکی زۆر خراپدابوو، شەڕی سەدام دژی کورد، شەڕی ئایەتوڵڵا هەم دژی کوردی رۆژهەڵات و لە تورکیا کودەتای سەربازیی هەبوو، هەزاران کەسی ئێمە لە زیندان بوون، لەگەڵ ئەوەش لەوکاتەدا زۆر شت کران، لە هەموویان گرنگتر پێکهێنانی نەوای ئارام لە باشووری کوردستان بوو لەسەر پێشنیازی فەرەنسا. لە سەردەمی جاک شیراک کە خوازیای ئەوەبوو خۆی لە بەغدا نزیک بکاتەوە، بەڵام خۆشبەختانە ئەمە دوو ساڵی خایاند، چونکە ساڵی 1997 جارێکی دیکە سۆسیالیستەکان زۆرینەی دەنگەکانیان بەدەستهێنا و حکومەت کەوتە دەستیان، سەرۆکوەزیرانەکەیان ليونيل جوسپان، کە دۆستێکی زۆرباشی کورد بوو، دۆستی کەسی منیش بوو لە دوای ساڵی 1976وە، هەموو ئەمانە پشتیوانی کوردیان دەکرد کاتێک شاندێکی کورد بهاتبایە فەرەنسا، بۆ نموونە کاتێک کاک نێچیرڤان ئەو پێشوازی کرد و پشتیوانی لێکرا. لە سەردەمی سارکۆزیدا، سارکۆزی ئەویش دۆستی کورد بوو پشتیوانی لە کورد کرد، بە تایبەت وەزیری کاروباری دەرەوە  کە بێرنارد کۆشنەر بوو، یەکێک بوو لەوانەی ساڵی 1974 هاتە کوردستان، واتە لەو کاتەوە دۆستی کورد بوو. کاتی فرانسوا ئۆلاند زۆر باش بوو بۆ کورد، چونکە کاتێک فرانسوا ئۆلاند دەستی بە سیاسەت کرد، بەرپرسی یەکێک لە کۆمەڵەکانی مەدام میتران بوو، مەدام میترانیش هەموو رۆژ و هەفتەیەک دەیپرسی بۆ کورد چیتان کرد؟ ئەوەش لە مێشکی ئەواندا مابوو بۆ کورد چیتان کرد. هەموو سۆسیالیستەکان بەو شێوەیە پەروەردە کرابوون. فرانسوا ئۆلاند دۆستێکی باشی کوردە، پێش ماوەیەک یەکترمان بینی و گوتی مانگی 12 چوومە کوردستان، من گوتم کاک مەسعود لە ئێوەی پرسیار کرد، باسی ئەوەی کرد کە پێکەوە چوون بۆ موسڵ. گوتی بەڵێ چووینە موسڵ ئەمە زۆر گرنگ بوو.
 
سەرۆک ماکرۆن گەنجە، زۆر باش ئاگای لە دۆزی کورد نەبوو، لە میدیادا گوێ لێببوو. بەڵام ئەوانەی لە دەوروبەری ئەوبوون وەکو جان ئیڤ لۆدریان. دوای چەند هەفتەیەک لە هەڵبژاردنی وەکو سەرۆکی فەرەنسا، لەکۆشکی ئیلزێ سەردانی سەرۆک ماکرۆنم کرد و بە دوورودرێژی باسی دۆزی کورد کرا، زۆر دڵگەرمی پیشاندا، گوتی ئەمە دۆزێکی پیرۆزە و ئێمە پشتیوانی لێدەکەین. ماکرۆنیش دۆستی کوردە، ئەو دۆستایەتیەشی بە کردەوە پیشانداوە، دۆستی هەموو کوردە، دۆستی کوردستانی باشوور و رۆژئاوایە، لە تورکیاش لە زۆر شت رەخنەی لە ئەردۆگان گرت.. وەکو دۆستی کورد دەمێنێت. یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە رای گشتی فەرەنسا دەتوانم بڵێم 95-98٪ پشتیوانی دۆزی کورد دەکەن.
 
رووداو: هۆکار چییە پشتیوانی لە دۆزی کورد دەکەن؟
 
کەنداڵ نەزان: لەکاتی خۆیدا لە میدیا و لە کۆبوونەوەکان ئەو دۆزە زۆر قسەی لەسەر کراوە، کورد لە ناوچەکەدا لە هەموو گەلی دراوسێیەکان زیاتر ناسراون کە میللەتێکی پێشکەوتووین، دراوسێیەکانمان لەلایەک شیعەیە، تووندئاژۆیی و ئایینی لەنێویاندا هەیە، لەلایەکی دیکە ئێرانی خومەینی، لەلایەکی دیکە رژێمی ئەسەدە، ئەردۆگانیش خۆی نادیموکراتە، جا لەنێو هەموویاندا کورد لە هەموویان دیموکراتترە، پارێزگاری ئایینەکانی دیکە وەکو مەسیحییەکان دەکات، مافی ژن و مێرد لەنێو کورددا باشترە، نەگەیشتوونەتە یەکسانی، بەڵام باشترە بەراورد بە وڵاتانی دیکە. ئەمە یەکێکە لە هۆکارەکان، هۆکاری دووەم، چونکە ئەو دۆستایەتیە لەسەر بنەمای باوەڕبوون و دونیابینی بووە نەک بە قسە، لەلایەکی دیکە ئەو رۆڵەی کورد بینی لە شەڕی دژی داعش چ لە باشوور و چ لە رۆژئاوا دەنگی کوردی لە هەموو دونیادا بڵاوکردەوە، تەنانەت لە چین و ژاپۆن، کاتێک لەگەڵ هەندێک لە چینیەکان دەدوێم دەڵێن ژنی کورد چ قارەمانن لەگەڵ تیرۆریستان دەجەنگن.. ئەو پشتیوانییەی هەیە یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە کاتێک کە تورکیا هێرش دەکاتە سەر رۆژئاوا لەسەر پێشنیاری ئەنیستیتۆ لە پەرلەمان پشتیوانییەک بکەن، ئەو بڕیارە لە پەرلەمان بۆ پشتیوانیکردن و سەرۆکۆنەکردن و شەرمەزارکردنی تورکیا بە تەواوی دەنگ کە یەک دەنگی دژیش نەبوو، کەسیش بێدەنگ نەبوو، تەنانەت هاوڕێیەکەی ماری لۆپین بۆی فرێندەکەی کە پەرلەمانتاری ئەوانە لە لێدوانێکدا پشتیوانی بۆ کورد دەربڕی، حکومەتیش ناچارە پشتیوانی لە رای گشتی بکات و پشتیوانی کورد بکات، ئەوان دەتوانن پشتیوانی زیاتری کورد بکەن، ئەگەر کورد لەنێوخۆیاندا یەکدەنگ بن سەیری ئۆکراینا بکەن.
 
رووداو: وەک ئێوە ئاماژەتان پێدا لە ساڵانی 1980 هەندێکجار سەرۆکەکان کە دەگۆڕدران رەوشی کورد لە فەرەنسا باش نەدەبوو، لە نەوەتەکانیش وابوو، ماکرۆنیش کاتی پێویست بوو بۆ ئەوەی لە دۆزی کورد تێبگات. ئێستا ئەگەر لۆپین ببێتە سەرۆکی فەرەنسا، دیسان ئەو کێشەیە دروست دەبێت؟ کاتی پێویستە بۆ ئەوەی لە دۆزی کورد تێبگات یانیش لۆپین ئامادەیە؟
 
کەنداڵ نەزان: لۆپین بۆ گەلی فەرەنسا، بۆ ئەوروپا و دونیای دەرەوە زۆر خراپە، لۆپین وەکو ترامپ وایە، ئەو زیانەی ئێمە لەسەردەمی ترامپ بینیمان لە هیچ سەردەمێکدا نەمانبینی. ئەگەر ترامپ نەبووایە یەکێکی دیکە بووایە ئێستا بەشێک لە رۆژئاوا نەدەکەوتە بن دەستی تورکیا. لە هەمان کاتدا لە کاتی ریفراندۆمی کوردستانیش.. واتە زیانی گەورە لە نەبوونی پشتیوانی ئەمریکا بوو. لەو بڕوایەدام ئەمجارە ئەگەرێکی زۆرە ماکرۆن جارێکی دیکە هەڵبژێردرێتەوە. لە مانگی شەش هەڵبژاردنی پەرلەمان دەکرێت چاوەڕوان دەکرێت زۆرینە لە پارتییەکانی دیکە بن، ئەوکات سەرۆک لەوان نەبێت نفوزیان کەمتر دەبێت، چونکە گرنگە ئەوەیە پەرلەمان لە دەستی کێدایە.. واتە بۆ کورد لە ماوەیەکی نزیک مەترسی نییە لە سیاسەتی فەرەنسا. تەنیا ئەوەیە کورد بەرنامەیەکیان هەبێت و یەکدەنگ بن و بزانن چ دەخوازن، چونکە کێشەی گەورەی ئێمە ئەوەبووە. ساڵی 1999 بوو لە پەرلەمانی ئەوروپا کۆبوونەوەیەکی گەورەمان کرد دیالۆگی کورد و ئەوروپا، 200 پەرلەمانتار ئامادەبوون، پارتەکانی ئێمە یەک بە یەک هاتن قسەیان کرد، لە کۆتاییدا یەکێک هەستاو گوتی کە کۆنسەرڤاتیڤی ئەڵمانیا بوو ناوی ئۆتۆفۆن هافسبۆرگە، گوتی ئەو شتەی کورد دەیەوێت زۆر مەعقولە، باوەڕم وایە رای گشتی ئەوروپا و هەموو دونیا پشتیوانی ئێوە بن، تەنیا یەک تکام لە ئێوە هەیە جگە لە دیالۆگی کورد و ئەوروپا دیالۆگی کورد و کوردیش هەبێت، کورد ببنە دۆستی یەک هەموو دونیا دۆستی ئێوەیە.. 
 
رووداو: رای گشتی فەرەنسا پشتیوانی لە دۆزی کورد دەکات، لەسەر پێشنیازی ئێوەش پەرلەمانی فەرەنسا سەرکۆنەی هێرشی تورکیای بۆ سەر رۆژئاوا کرد و هەموو پارتەکان دەنگیان لەسەردا.. بەڵام هەمان ئەو پارتە پێش چەند مانگێک دەنگیان لەسەر بە جنۆسایدناساندنی دۆزێکی کوردی نەدا، بۆچی بۆ ئەمە دەنگیان دا و بۆ ئەمە دەنگیان نەدا؟
 
کەنداڵ نەزان: ئەو کەموکوڕییە لەلایەن پەرلەمانتارانەوە نییە، گرووپێکی بچووک هەیە، سەرۆکی گرووپەکە گوتی کاتی ئەوە نییە، چونکە دەبێت یەک بەیەک لەگەڵ هەموو گرووپەکان دابنیشین، گوتیان لەسەر ناوی ئەنیستیتۆ هاتووە شتێکی مەعقولە، ئەوان لەلای خۆیانەوە شتێکیان ئامادەکردبوو، پارتەکانی دیکە ئامادە نەبوون، نیوەی شەو هەستابوون بە پەلەو خێرا بۆیە کاتیان نەبوو گفتوگۆ بکەن، بەڵام لە پەرلەمانی نوێدا جارێکی دیکە ئەو پرسە دەبەینەوە پەرلەمان، ئەمە کارکردنی پێویستە دەبێت یەک بە یەک بەرپرسی گرووپەکان ببینین و بابەتەکە شی بکەینەوە بۆیان، واتە کەمتەرخەمییەکیان نەنواند بەرامبەر بە کوردی باشوور، بەڵکو کەموکوڕییەکە لەو گرووپە بچووکە بوو لە پەرلەمانی فەرەنسا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ یۆگۆر چێرنیێڤ، سەرۆکی شاندی هەمیشەیی ئۆکراینا لە ناتۆ

یۆگۆر چێرنیێڤ بۆ رووداو: ئاشتی لە بەرامبەر سازشکردن لەسەر خاکی ئۆکراینا ناکەین

یۆگۆر چێرنیێڤ، جێگری سەرۆکی لیژنەی پەرلەمانی بۆ ئاسایشی نیشتمانی و بەرگری و هەواڵگری و سەرۆکی شاندی هەمیشەیی ئۆکراینا لە ناتۆ، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا رایدەگەیێنێت، رووسیا ئامادەی دانوستاندنی راستەقینە نییە و، تەنیا نواندن دەکات بۆئەوەی کات بەدەستبهێنێت و خۆی بۆ هێرشی نوێ ئامادە بکات