رووداو دیجیتاڵ
کۆنسوڵی گشتیی کۆماری کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "گەرەنتیکردنی ئازادیی رادەربڕین یەکێکە لە گرنگترین ئەو هۆیانەی لە پێشخستنی فەرهەنگدا رۆڵی هەیە. بۆیە گەرەنتیکردنی ئازادیی رادەربڕین زۆر گرنگە."
چۆکی جۆنگ، کۆنسوڵی گشتیی کۆماری کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو کە رۆژان ئەبوبەکر لەگەڵیدا ئەنجامیدا باسی لە زمانی کۆری، خوێندن لە وڵاتەکەی، خاڵە هاوبەشەکانی نێوان کوردستان و کۆریا، ئازادی رادەربڕین و سەربەخۆیی دادگەکان کرد.
سێیەمین فیستیڤاڵی کۆری بە سپۆنسەری تۆڕی میدیایی رووداو بەڕێوەدەچێت. چۆکی جۆنگ باسی لەوە کرد، خوێندکارانی کوردستان داواکاری "زۆر" پێشکێش دەکەن تاوەکو سکۆلارشیپی خوێندن رابگەیێنن تاوەکو لە زانکۆکانی کۆریا دەرفەتی خوێندیان هەبێت، بەڵام "بەداخەوە توانای بودجەکەمان سنووردارە."
لە هەڤپەیڤینەکەدا چەند گەنجێکی کورد کە زمانی کۆری دەزانن ئامادەبوون و باسیان لە ئەزموونی خۆیان لەبارەی چۆنیەتی فێربوونی زمانی کۆری کرد.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ چۆکی جۆنگ، کۆنسوڵی گشتیی کۆماری کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان
رووداو: چۆکی جۆنگ بەخێربێیت سوپاس کە لە نووڕۆژ میوانیت.
چۆکی جۆنگ: زۆر سوپاس بۆ رێکخستنی ئەم هەڤپەیڤینە گرنگە.
رووداو: زۆر سوپاس، مەبەستتان لە ئەنجامدانی ئەم فێستیڤاڵە لەم هۆڵە چییە؟
چۆکی جۆنگ: بە دڵنیاییەوە ئەمە بۆنەیەکی زۆر مانادارە بۆ پێشخستنی هاوڕێیەتیی نێوان گەلی کۆریا و هەرێمی کوردستانی عێراق. هەر وەک ئێوە بە باشی ئاگاتان لێیە، نزیکەی 20 ساڵ پێش ئێستا هێزی زەیتوونی کۆری هاتنە ئەم هەرێمە و چوار ساڵ مانەوە، جا ئەمەیش خاڵی دەستپێکی پەیوەندیی نێوان کۆریا و هەرێمی کوردستانی عێراق بوو.، وێڕای ئەوەش، پێموایە ئێمە لە رێگەی رێکخستنی دیداری فەرهەنگییەوە لە بەرەوپێشبردنی هاوڕێیەتییەکە بەردەوامین، یەکەم و دووەمیان لە ساڵانی 2018 و 2019دا لە سلێمانی ساز کران، بەڵام وەک دەزانیت بە هۆی کۆرۆناوە لە سێ ساڵی رابردوودا نەمانتوانیوە ئەم دیدارە فەرهەنگییە گرنگە ساز بکەین، زۆر خۆشحاڵم کە ئەمساڵ و لەمڕۆدا ئەم دیدارە ساز دەکەین.
رووداو: زانیاریتان هەیە لە هەرێمی کوردستان چەند کەس زمانی کۆری دەزانن؟
چۆکی جۆنگ: راستییەکەی، ئەوە پرسیارێکی باشە، بەڵام بە داخەوە ناتوانم بزانم چەند کورد دەتوانن بە کۆری بدوێن. بەڵام دەتوانم بڵێم کوردێکی زۆر دەتوانن بە زمانی کۆری بدوێن. بۆ نموونە، مانگی حوزەیرانی رابردوو پێشبڕکێی ئاخاوتنی زمانی کۆریمان ساز کرد و زیاتر لە 40 کەس بەشدار بوون. ئەوەیش مانای وایە کە کوردی زۆر لە هەرێمی کوردستاندا هەن کە دەتوانن بە کۆری بدوێن.
رووداو: خوێندکارانی کوردستان لە رێگەی ئێوەوە داوا دەکەن بچن لە کۆریا بخوێنن؟
چۆکی جۆنگ: بە دڵنیاییەوە داواکاریی زۆر بۆ کۆنسوڵخانەکەمان دێن کە هەندێک سکۆلارشیپی خوێندن رابگەیێنین تاوەکو لە زانکۆکانی کۆریا دەرفەتی خوێندیان هەبێت، بەڵام بەداخەوە توانای بودجەکەمان سنووردارە، بەڵام کۆنسوڵخانەکەم هەوڵدەدات دەرفەتەکان فراوان بکات تا ئەوپەڕی هەل بۆ خوێندکاران بۆ خوێندن لە کۆریا بڕەخسێنێت.
رووداو: بێگومان ئەوەی کە دەچێتە کۆریا بۆ خوێندن هەم حەزی لەوەی فێری زمانەکەتان بێت هەم سیست می ئەوێشی بەدەڵ دەبێت، فێربوونی زمانی کۆری لەلایەن خەڵکی هەرێمی کوردستان وا دەکات تێکەڵاوییەکی زیاتر لە نێوان هەردوولا دروستبێت؟
چۆکی جۆنگ: بە دڵنیاییەوە، فێربوونی زمانی کۆری تەنیا بۆ ئاخاوتن بە کۆری نییە، خۆی قسەکردن بە زمانێکی بیانی لەوە زیاترە کە هەر ئاخاوتن بێت، ئەوان دەبێت بە رەوانی بە زمانێکی بیانی بدوێن، دەبێت فێری فەرهەنگ و سیستم و زۆر زانیاری ببن، پێموایە ئەگەر خوێندکارانی کورد فێری کۆری ببن، ئەوە بە شێوەیەکی گەورە دەبێتە هۆی پێشخستنی پەیوەندیی نێوان کۆریا و هەرێمی کوردستان.
رووداو: باسی زمانمان کرد با پرسیارەکانی دیکە نەکەم و دوور نەکەوینەوە، ئەم خوێندکارانەی لێرەن بەشێکیان زۆر بەباشی دەتوانن بە زمانی کۆری قسە بکەن و خوێندکاری زانکۆی کوردستانن، حەزدەکەم بزانم چۆن فێری کۆری بوون، بەخێربێی شازە، تۆ بەزمانی کۆری زۆرباش دەتوانی قسە بکەیت چۆن فێربوویت؟
شازە، خوێندکار: سەرەتا حەزبوو لە منداڵییەوە، بە تەماشاکردنی دراما کۆری بە دۆبلاژی کوردی پێشتر ئەو شتە زۆر باوبوو، بەڵام ئێستا کەمبووەتەوە.
رووداو: ئەوە یەکێکە لە پرسیارەکانم.
شازە: بەڵی گۆرانی کۆریش رۆڵی سەرەکی هەبوو لە فێربوونم.
رووداو: مادام باسی درامای کرد ئێستا کەمتر درامای کۆری دەکرێنە کوردی، ئێوە هیچ پلانێکتان هەیە بۆ زۆرترکردنی سەبتایتڵکردن یان دۆبلاژکردنی دراما کورییەکان بۆ کوردی؟
چۆکی جۆنگ: زۆر سوپاس بۆ ئەم پرسیارە. وەک گوتم، ساڵی داهاتوو دەبێتە 20ـەمین ساڵوەگەڕی هاتنی هێزی زەیتوونی کۆریا بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق، ئێمە ئامادەکاری بۆ زنجیرەیەک ئاهەنگ دەکەین، وەک بەشێکیش لەو ئاهەنگانە پلان دادەنێین بۆ ناساندنی هەندێک درامای کۆری بە خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق، با چاوەڕێ بین بزانین ساڵی داهاتوو چی دەبێت.
رووداو: گەشبین، تۆش بەخێربێی تۆ تاوەکو چەند حەزت لەوەیە بەتەواوی وەک چۆن ئینگلیزیی و کوردییەکەت باشە کۆرییەکەشت ئاوا زۆر باش بێت؟
گەشبین: زۆر حەز دەکەی فێری شتێک بیت ئەگەر بەردەوام بیت لەسەری و پەرەی پێبدەی کە زمانێک دەخوێنی پێویستە سەرەتا بناخەکەی دابنێیت، واتە لە ئەلف و بێوە دەستپێبکەی، ئەگەر بناخەت تەواو بێت دەتوانی بەرەبەرە باشتر ببیت، ئەگەر نا لە نیوەی رێگە بەجێ دەمێنیت، نەک ئەوەی زمانێک فێرببیت و بگەرێتەوە سەرەتا بزانی ئەو پیتە چی بوو، خۆشە ئەگەر زمانێک فێربووی بناخەکەی بزانیت، بۆ ئەوەی هیچ کێشەیەکت لە زمانەکە نەبێت و وەک زمانی خۆت بیزانیت.
رووداو: تۆ لەچ قۆناخێکی فێربوونی زمانی کۆریت؟
گەشبین: لەقۆناخی نیوەم، جاری بەتەواوی فێرنەبووم هەوڵدەدەم باشتر پەرەی پێبدەم و کێشەم تووش نەبێت.
رووداو: تۆش هەروەکو شازە لە رێگەی دراماوە فێربووی؟
گەشبین: بەڵێ دراما و گۆرانی و ئەو شتانە زۆر لە مێژە تەماشای ئەوانە دەکەین.
رووداو: باشە، دراما کۆرییەکان کە سەیری دەکەیت رەنگە زۆر قورس بێت تێگەیشتنی، چۆن وادەکەیت لە درامایەکی کۆرییەوە فێری زمانی کۆری بیت؟
گەشبین: کە تەماشای درامایەک دەکەت بێگومان بە ژێرنوس تەماشای دەکەیت من کە تەماشای درامایەک دەکەم دوو سێجار لەوانەیە لەبەر وشەیەک لەبەر رستەیەک دووبارەی بکەمەوە بۆ ئەوەی بزانم مانای چییە یان لای خۆم دەینوسمەوە و ماناکەی وەردەگێڕم بۆ ئەوەی لەبیرم نەچێت و جارێکی دیکە تەماشام کردەوە بزانم ئەو رستەیە مانای چییە. زیاتر ئاوا فێردەبم
رووداو: ئاشنا تۆش بەهەمان شێوەی؟
ئاشنا: سەرەتا سڵاو، من خۆم هەشت ساڵ لەکۆریا ژیاوم خوێندنم لەوێ تەواو کردووە
رووداو: هەشت ساڵ لە کۆریا ژیاوی؟
ئاشنا: بەڵێ.
رووداو: لە کام تەمەن؟
ئاشنا: من لەسەرەتای سییەکانم تەمەنم 31 ساڵە. یانی ئێستا؟
رووداو: مەبەستم ئەوەیە لەساڵی چەند لەوێ ژیاوی؟
ئاشنا: تەمەنم نزیکەی 22 یان 23 ساڵ بوو رۆیشتم.
رووداو: بۆ ژیان یان بۆ خوێندن؟
ئاشنا: بۆ خوێندن رۆیشتم، لەوێ دکتۆرام تەواو کرد و هەشت ساڵ لەوێ ژیام.
رووداو: لە چ بوارێک.
ئاشنا: پەیوەندییە گشتییەکان، ساڵی یەکەم تەنیا کۆریمان خوێند، دواتر دەستم بەخوێندن کرد.
رووداو: وڵاتێکی خۆشە کۆریا؟
ئاشنا: من زۆر بەلامەوە خۆشە. سەرەتا کە رۆیشتیشم زۆر زانیاریم لەسەری نەبوو، بەڵام خەیاڵێکم هەبوو لەسەری. زۆر زۆر دڵخۆشم کە رۆیشتم بۆ ئەوێ.
رووداو: زۆر باشە هانا، تۆ؟
هانا: منیش هەروەکو هاوڕێکانم سەرەتا وەک حەز دەستپێدەکات، هەروەها دراما کۆرییەکان بەڕاستی زۆر یارمەتی دەرمانن هەروەها کەی پۆپیش، میوزیک، سەرەتا هەر حەزێک لە کولتوورەشیاندا هەیە بۆ فێربوونیش کە تەماشای دراما کۆرییەکان دەکەی بە سەبتایتڵ دەتوانی فێری دوو زمان بیت لەیەک کاتدا، بۆ نموونە ژێرنوسی ئینگلیزی یارمەتیدەرە هەم بۆ فێربوونی ئینگلیزی و کۆریش.
رووداو: باشە دەستانخۆشبێت.
رووداو: بەڕێز چۆکی جۆنگ گرووپە نێودارەکانی کۆریا بۆ نموونە وەکو بی تی ئێس هەواداری زۆریان هەیە لە کوردستان، وایە؟ بەتایبەتی گەنجەکان ئێوە پلانێکاتان نییە یان بیرتان لەوە کردووەتەوە ئەگەر کۆمپانیایەک بیەوێت ئەم گرووپە میوزیکیانە بێنێت بۆ کوردستان لێرە کۆنسێرت و چالاکیان هەبێت و هاوکارییان بکەن؟
چۆکی جۆنگ: بی تی ئێس دەتوانن بێن بۆ هەرێمی کوردستان، بەوە زۆر خۆشحاڵ دەبم، چونکە من هەوادارێکی بی تی ئێسم، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی تەواوی دۆخەکە، پێموایە ئەوە پەیوەندی بە خۆیانەوە هەیە، بۆیە بەرپرسی حکومی و حکومەت ناتوانن زۆریان لێ بکەن بێن یان پێیان بڵێن بڕۆن، بەڵام هەرچۆنێک بێت، هیوادارم ساڵی داهاتوو بێن و لە 20ـەمین ساڵوەگەڕی هێزی زەیتووندا لە هەرێمی کوردستانی عێراق ئاهەنگ بگێڕن، ئێمە هەوڵدەدەین هەندێک تیمی فەرهەنگیی کۆری بانگهێشت بکەین هەر بۆ ئەوەی کارەکانیان لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستاندا بەش بکەن ئەوەیش باش دەبێت.
رووداو: ئەگەر بتوانن گرووپی بی تی ئێس بێننە کوردستان دڵی گەنجێکی زۆر خۆش دەکەن، چونکە من زۆر گەنج دەناسم زۆر سەرسامی ئەندامانی گرووپی بی تی ئێسن و حەزیان لە دەنگیانە و بەردەوام چاودێرییان دەکەن. چیتان کردووە بۆ ئەوەی کولتووری کوردستان و هەرێمی کوردستان بە کۆریا بناسێنن؟
چۆکی جۆنگ: بە کۆرییەکان. پێموایە ئەم بۆنەیە دەرفەتێکی باشە بۆ ناساندنی توانایی فەرهەنگی کوردی بە خەڵکی کۆری، بە دڵنیاییەوە ئێمە دیدارەکە لە ماڵپەڕەکەماندا دادەبەزێنین و خەڵکی کۆری سەرنجی دەدەن و هەموو بابەتەکانی فەرهەنگی کۆریا لەلایەن تیمە فەرهەنگییە کوردییەکانەوە دەناسێنرێن. جا ئەوانیش دەزانن کە خەڵکی کورد فەرهەنگیان خۆش دەوێت و ئاستێکی بەرزی توانایی فەرهەنگییان هەیە. جا ئەمە شێوازی ئێمەیە بۆ ناساندنی فەرهەنگی کوردی بە کۆرییەکان.
رووداو: بەڕێز چۆکی جۆنگ ئێستا لەوانەیە ئەوانەی کە تەماشامان دەکەن بڵێن ئەم ئامێرە جیاواز و تایبەتە چییە لە پشتیان دانراوە حەز دەکەم بۆم باس بکەی ئەمەش ئەمڕۆ نمایشی پێدەکرێت؟
چۆکی جۆنگ: پێموایە ئێوە دەرفەتتان هەیە چێژ وەربگرن لە دەهۆڵی نەریتیی کۆریا. وەک دەزانن، ئێمە لە کۆریا گەلێک جۆری جیاوازی دەهۆڵی نەریتیمان هەن و ئەو دەهۆڵانە بۆ زۆر مەبەست بەکاردەهێنرێن. بۆ نموونە، لە سەربازیدا بۆ دەستپێکی شەڕ بەکارهێنراوە، هەروەها لە بواری رێوڕەسمە فەرمییەکاندا ئەگەر دەهۆڵ بکوتین، مانای وایە رێوڕەسمەکە دەست پێدەکات. جا ئەمە یەکێکە لە دەهۆڵە نەریتییە کۆرییەکان و قەبارە مامناوەندە، ئەم دەهۆڵی لەم قەبارەیە بە تایبەتی بۆ چالاکییەکان بەکاردەهێنرێت، لە نموونەی چالاکیی میوزیکی و سەماکردن.
رووداو: دیاری شارەزاییت هەیە لێی، ئەمە لە دەهۆڵی خۆمان دەچێت بەس بە پێوە، دەتوانیت بۆمان تاقی بکەیتەوە؟
چۆکی جۆنگ: بۆ ئەوەی دەهۆڵی نەریتی بەکاربهێنیت، دەبێت زۆر مەشق بکەیت. بەڵام من لە دەهۆڵکوتیندا زۆر باش نم، بەڵام بۆ ناساندنی هەوڵدەدەم.
رووداو: لەوە زیرەکتری فەرموو.
چۆکی جۆنگ: بەڵی، زۆر باشە. وەک پێم گوتن، ئەمە دەهۆڵێکی قەبارە مامناوەندی نەریتییە و ئەمە بۆ چالاکیی میوزیکی و سەماکردنە. جا دەکەوێتە سەر ئەوەی چ بەشێکی دەکوتیت. جا دەکرێت گوێت لە دەنگی جیاواز ببێت. بۆ نموونە، ئەگەر ناوەڕاستەکەی بکوتیت … ئەم جۆرە دەنگانە دەبیستیت و تۆزێک تەپەی دێت. ئەگەر ئەم بەشە بکوتیت … ئەمەیان دەنگی رێک تەختەیە. بۆیە زۆر میوزیسیان و سەماکار بە بەکارهێنانی ئەم بەشە جیاوازانەی دەهۆڵی نەریتی دەتوانن بەرهەمیان هەبێت.
رووداو: جۆرەکانی ئەو تەپڵە کە باستکرد لە ناوەڕاست و لەکۆتایی هەریەکە و بۆ بۆنەیەکی تایبەتە؟
چۆکی جۆنگ: نەخێر، ئەمە بۆ هەمان چالاکییە، بەڵام بۆ بەخشینی دەنگی جیاوازە. بەڵێ.
رووداو: دەستخۆش، زۆر سوپاس.
چۆکی جۆنگ: زۆر سوپاس.
رووداو: زۆر سوپاس فەرموون، ئینجا ئەم خوێندکارانە پێیان خۆشە کە هەریەکەیان پرسیارێکت لێبکەن، بزانین کە پرسیارەکانیان چین لە تۆ، شازە، کە بە زمانی کۆری لێت دەپرسن.
چۆکی جۆنگ: خۆشحاڵ دەبم وەڵامیان بدەمەوە.
شازە: سڵاوت لێبێ بەڕێز چۆکی جۆنگ چ هەستێکت بۆ دروست بوو کاتێک بینیت کەسێکی کورد بە زمانی کۆری قسە دەکات؟
چۆکی جۆنگ: سەرەتا کە هاتم بۆ کوردستان زۆر زانیاریم نەبوو لەسەر ئەوەی کە خەڵکی کورد دەتوانن بە زمانی کۆری قسە بکەن، بەڵام کاتێک زانیم خەلکێکی زۆری کورد شارەزاییان هەیە لەو زمانە بەڕاستی سەرسامبووم و، زیاتر بە تەماشاکردنی درامای کۆری و گۆرانی کۆری فێربوونە. دیارە زۆر هەوڵیانداوە بۆ فێربوونی زمانی کۆری. زۆر سوپاسگوزارم بۆ ئەوانەی کە خۆیان فێری زمانی کۆری کردووە.
رووداو: من ئێستا بەس گوێ دەگرم دواتر بزانم پرسیاری چی لێکردووی، ئەگەر پرسیارتان هەیە بە کورتی بپرسن و بە کورتیش وەڵامتان بداتەوە.
هانا: زیاتر کام شاری کوردستانت بەلاوە خۆشە؟
چۆکی جۆنگ: بەڕاستی کوردستان زۆر شاری هەیە ، بێگومان لەبەرئەوەی لەهەولێر نیشتەجێم بەڕاستی شارێکی زۆر جوانە، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی کە تایبەتن وەک پارکی سامی. دواتریش چەند جارێک سەردانی سلێمانیم کردووە بەڕاستی شارێکی زۆر پێشکەوتوو دیارە، بەتایبەتی خۆم زۆرلام شارێکی خۆشە. .چەند جارێکیش سەردانی دهۆکم کردووە، بەڕاستی بڵێم لای من وادیارە کە چیاکان و گوندەکانی کورد خۆشترن لە ناو شار.
رووداو: جا ئێوە ئەگەر بتوانن یەکێکتان پرسیار بکەن چونکە من پرسیارم ماوە و کاتم زۆر کەمە.
ئاشنا: بەڕێز جۆنگی جۆنگ ئەو شتانەی کە هاوبەشن لەنێوان کورد و کۆریادا چین؟
چۆکی جۆنگ: ساڵێک دەبێت من لێرە نیشتەجێم، خەڵکی کورد لەگەڵ کۆری بەڕاستی زۆر شتیان بەیەک دەچن وەکو کاتێک گۆرانی دەڵێن لەگەڵیشی سەما دەکەن وەک خەڵکی کۆریان، ئەوانەی چوونەتە کۆریا تێبینی ئەوەیان کردووە کە لەو رووەوە زۆر لە یەک دەچن.
رووداو: باشە با بێ دڵی و نەکەم تۆش پرسیارەکەت بکە، بەس پێشی بڵێ بە کورتی وەڵامتان بداتەوە بۆئەوەی کاتم هەبێت پرسیارەکانی خۆشم بکەم.
گەشبین: بەڕێز جۆنگی جۆنگ ئایا خواردنی کوردیت تاقیکردووەتەوە؟ ئەگەر تامتکردبێت کامیان بەلاتەوە زۆر تایبەتە؟
چۆکی جۆنگ: بێگومان لێرە خواردنی کۆری نییە و حەزم دەکرد هەبووایە، تاوەکو ئێستا تەنیا یەک شوێن هەیە کە بتوانێ خواردنی کۆری تێدا تاقیبکەیەوە و تاوەکو ئێستاش لەوێش تاقیمنەکردووەتەوە.
گەشبین: خواردنی کوردیت تاقیکردووەتەوە؟
.چۆکی جۆنگ: لە خواردنی کوردی بەلای منەوە دۆڵمە لە هەمووی خۆشتر بووە، حەزم لێیە لەبەر ئەوەی سەوزەی زۆری تێدایە.
رووداو: دەستانخۆش بێت و دەستی تۆش خۆش بێت، جەنابی کۆنسوڵ لەسەر بەرهەمی کۆریا لە هەرێمی کوردستان پرسیارم هەیە، ئێستا بەرهەمی کۆریا لە هەرێمی کوردستان هەیە؟ زانیاریتان هەیە چەند کۆمپانیای کۆری لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن؟
چۆکی جۆنگ: ناتوانم پێت بڵێم چەند کۆمپانیای کۆری لێرەن، بەڵام گرنگترین کۆمپانیای کۆری لێرەیە، لە نموونەی ئێڵ جی و سامسونگ و دوسان. ناوە گەورەکانی کۆریا و کۆمپانیا گەورەکانی کۆریا لێرەن. جا وەک دەزانن، ئەم فێستیڤاڵە فەرهەنگییە لەلایەن کۆمپانیای خۆشناوەوە سپۆنسەری دەکرێت کە کۆمپانیای خۆشناو لێرە لە هەرێمی کوردستان و هەموو عێراقدا بەرهەمەکانی ئێڵ جی دەخاتەڕوو.
رووداو: کۆریا بە ئاشتی و سەقامگیری بەناوبانگە، خۆت دەزانی ئێستا لە عێراق بە گشتی ناکۆکی زۆرە، ئەگەر بێینە هەرێمی کوردستان سەیربکەن ململانێکان زۆرن چۆن دەتوانین ئێمە لەو سەقامگیری و ئاشتی و کۆمەڵایەتییە وەربگرین لە کۆریا؟
چۆکی جۆنگ: خۆی یەکێکی دیکە لە لێکچوونەکان لە نێوان کۆریا و هەرێمی کوردستاندا ئەوەیە ئێمەیش بە شەڕی ناوخۆدا تێپەڕیوین و کوردستانیش بە زۆر شەڕی دیکە تێپەڕیوە. جا ئێمە ماوەیەکی زۆرە لە مێژووی خۆماندا ئاشتی و سەقامگیریمان پاراستووە. سەرباری دۆخی جیۆسیاسی کە لە ناوچەکەماندا هەمانە، توانیومانە و باشترین هەوڵی خۆمانمان داوە تا پەیوەندییەکی باشمان لە پێش هەمووانەوە لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان و وڵاتانی دراوسێماندا هەبێت.
جا پێم وایە پاراستنی پەیوەندییەکی باش، پەیوەندییەکی دۆستانە لەگەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێماندا زۆر گرنگە.
رووداو: جەنابی کۆنسوڵ لە هەرێمی کوردستان ئازادی رادەربڕین و سەربەخۆیی دادگەکان بووەتە جێگەی مشتومڕ، لەکۆریای باشوور چۆنە؟
چۆکی جۆنگ: کۆریا وڵاتێکە کە ئازادیی رادەربڕین دەنرخێنێت. لە ئەمڕۆدا کۆریا وەک هێزێکی فەرهەنگی لە ئاستی جیهانیدا دەرکەوتووە. بۆیە گەرەنتیکردنی ئازادیی رادەربڕین یەکێکە لە گرنگترین ئەو هۆیانەی لە پێشخستنی فەرهەنگدا رۆڵی هەیە. هەر بۆیە گەرەنتیکردنی ئازادیی رادەربڕین زۆر گرنگە.
رووداو: بەڕێز چۆکی چۆنگ کۆنسوڵی گشتیی کۆماری کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان زۆر سوپاس کە لە نوورۆژی رووداو بەشدار بووی، زۆر سوپاس بۆ ئەو گەنجانە و (کام سەمیدا) بۆتۆ و بۆ ئێوەش زۆرسوپاستان دەکەم و بەخێربێن.
چۆکی چۆنک: زۆر سوپاس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ