رووداو - هەولێر
میر حازم تەحسین بەگ، میری کوردانی ئێزدی رایگەیاند، ئێزدی کوردن و شنگالیش کوردستانە. دەشڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی لە توانای هەبووە کردوویەتی بۆ ئێزدییەکان، بەڵام حکومەتی عێراق "هیچی بۆ نەکردوون".
چەند کاژێرێک دوای دەستنیشانکردنی وەک میری ئێزدییەکان، میر حازم تەحسین بەگ بەشداری بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ی کرد کە هیوا جەمال پێشکەشی دەکات و گوتی "من ئەمڕۆ بوومە میری ئێزدییان و لە لالش سوێندم خوارد کە هیچ جیاوازییەک لەنێوان ئێزدییەکان نەکەم، خزمەتی میللەتی خۆم بکەم و دڵسۆزیش بم بۆ وڵاتەکەم. بە هەموو هێز و توانایەکمەوە کار لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەکەم بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵکی شنگال".
میر حازم بەگ گوتی "لە 80%ی ئێزدییان لەگەڵ ئێمەن و پشتیوانی ئێمەن، ئەوانەی لەگەڵ ئێمە نین و ناڕازین مەرجیان هەبووە، ئێمەش گوتوومانە دوای ئەوەی میر جێگیر دەبێت، ئامادەین لەسەر مێزێک دانیشین و تەفاهوم لەسەر مەرجەکانیان بکەین، ئەوانیش برای ئێمەن. ئەوان داوای دروستکردنی ئەنجوومەنێک دەکەن. ئێمە پێشتر بڕیاری دروستکردنی ئەنجوومەنێکی باڵای ئێزدییەکانمان هەبووە، بۆ ئەو مەبەستەش ئەو کات رەزامەندیمان لە جەنابی کاک نێچیرڤان سەرۆکی حکومەت وەرگرت و پشتیوان بە خودا پاش چەند رۆژێکی دیکە دەست بە دروستکردنی ئەو ئەنجوومەنە دەکەین".
میر حازم تەحسین بەگ ئاماژە بەوە دەکات، ئەوان لەو بڕوایەدان "کاروباری ئێزدییەکان تەنیا بە میر و جڤاتی رووحانی بەڕێوەناچێت و پێویستە ئەنجوومەنێک هەبێت، ئەنجوومەنەکەش لە 120 کەس پێکدەهێندرێت و بە هەمان شێوەی پەرلەمانێک بۆ ئێزدییان دەبێت، ئەندامانی ئەو ئەنجوومەنەش لە هەموو جیهان دەبن، بەڵام زۆری (لە دەوروبەری 80%ی لە ئێزدیانی باشووری کوردستان) دەبێت، ئێزدییەکانی تورکیا، سووریا، ئەرمینیا، رووسیا و هەر وڵاتێک 5 بۆ 6 ئەندامی دەبێت".
سەبارەت بە داخوازییەکانیان وەکو ئێزدی لە هەولێر و بەغدا، میر حازم بەگ گوتی "حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستان زۆریان بۆ ئێزدییان کردووە و ئێمە سوپاسیان دەکەین، کوردستان دەرگای بۆ ئێمە کردەوە. پێمانخۆشە حکومەتی عێراق تەفاهوم لەگەڵ حکومەتی هەولێر بکات و بابەتی شنگال چارەسەر بکەن و شنگال بۆ ئێمە بکرێتە پارێزگایەک و جارێکی دیکە ئەو کارەساتە بەسەر ئێمەدا نەیێت".
لەبارەی ئەوانەی دەڵێن ئێزدییەکان کورد نین، میر حازم گوتی "ئێزدی وەکو دیانەت ئێزدین، بەڵام وەکو نەتەوە کوردین. ئێمە ئێستا ئەو قسەیەمان نەکردووە، بەڵکو باوک و باپیرانمان وایانگوتووە، ئەوانەی دەڵێن ئێزدی کورد نین لە 20% دەبن، ئەمەش بۆچوونی خۆیانە. شنگالیش ئینشائەڵڵا دەبێتە کوردستان".
میری کوردانی ئێزدی داوای جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق دەکات، کە ئەو ماددە تایبەتە بە یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ناوچە جێناکۆکەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا.
لەبارەی گلەییەکانی نادیە موارد لە دیدارێکدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، میر حازم بەگ گوتی "من کۆک نیم لەگەڵ ئەو قسانەی نادیە موراد، ئەو خوشکێکی خۆشەویستی ئێمەیە، کەسێکی قوربانییە، نادیە بووەتە رەمزێک، بەڵام پێمانباشە کاتێک دیداری دەبێت بزانێت چۆن قسە دەکات، لەبری ئەوەی گوتبای (هەولێر و بەغدا لەسەر شنگال لە شەڕدان)، باشتر بوو بیگوتبا پێویستە هەردوو حکومەت لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و کێشەکان چارەسەر بکەن".
میر حازم بەگ ئاماژە بەوە دەکات،تاوەکو ئێستا 350 هەزار ئێزدی لەژێر چادر و لەنێو کەمپەکاندان. جگە لەوەش هەزاران کوردی ئێزدی لەگەڵ هێرشی داعش بۆ سەر شنگال بەدیل گیراون و هێشتا بێسەروشوێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ