بەرەی تورکمانی: گومان دەکەین 'ساختەکاری' لە هەڵبژاردنی پارێزگای کەرکووک کرابێت

01-01-2024
شیراز رەئوف
[دەستە چەپ] ماردین کۆگکایا، بەرپرسی رێکخستنە سیاسییەکانی بەرەی تورکمانی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ
[دەستە چەپ] ماردین کۆگکایا، بەرپرسی رێکخستنە سیاسییەکانی بەرەی تورکمانی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی بەرەی تورکمانی مەرجەکانی بەرەکەیان بۆ هاوپەیمانی و رێککەوتن لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی ئاشکرا دەکات و جگە لە پۆستی پارێزگار، داوای پشک لە فەرمانگەکانی پارێزگاکە و ئیدارەدانی هاوبەشی نووسینگەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە کەرکووک دەکەن.
 
ماردین کۆگکایا، بەرپرسی رێکخستنە سیاسییەکانی بەرەی تورکمانی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ بە وردی باس لە گومانەکانیان لەسەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکات و دەڵێت، "بە بەرنامە پەنجەمۆر و کارتی دەنگدانی دەنگدەران نەدەخوێندرایەوە" و گومانیان هەیە دەستکاریی ئامێرەکانی دەنگدان کرابێت.
 
"نیگەرانین لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن"
 
لەبارەی نیگەرانییان لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بەرپرسی رێکخستنە سیاسییەکانی بەرەی تورکمانی عێراق دەڵێت، "لە راستیدا نیگەرانی تەنیا لەلایەن پێکهاتەی تورکمانی نییە، بەڵکو پێکهاتەی کوردیش بە هەمان شێوە رازی نین بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن."
 
گوتیشی، "هاووڵاتییانی تورکمان پەنجەمۆریان نەدەخوێندرایەوە و لە زۆرینەی وێستگەکان کارتی دەنگدانەکانیان کاری نەدەکرد، کە ژمارەیان زۆر زۆر بوو، پێموایە ئەو حاڵەتانە بەرنامە بۆ داڕێژراو بوون، ئێمە زۆرجار گوتوومانە و وەبیرمان هێناوەتەوە کە نووسینگەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە کەرکووک لەلایەن پێکهاتەیەکەوە بەڕێوەدەبرێت، لەلایەن یەک حیزبەوە ئیدارە دەدرێت و نازانین لەو نووسینگەیەی کۆمیسیۆن چی لە پشتی پەردەوە دەگوزەرێت و گومانی زۆرمان هەیە."
 
بە گوتەی کۆگکایا، حکومەتی خۆجێیی لە کەرکووک تەنیا بە رێککەوتنی پێکهاتەکان پێکدێت و لەوبارەیەوە دەڵێت، "لە بەرەی تورکمانی عێراقی سەرنج دەخەینە سەر مادەی 35 کە ئاماژەی داوە بە رێککەوتنی سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکووک و لە مادەی چواریشدا دەڵێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە پارێزگای کەرکووک، پێویستە حکومەتی خۆجێیی بە رێککەوتنی نێوان سەرجەم پێکهاتەکان پێکبێت."
 
"پێکهاتەی کورد لەدوای ساڵی 2003وە پارێزگاری کەرکووکیان لابووە و لە ساڵی 2017ش تاوەکو ئەمڕۆ پێکهاتەی عەرەب ئەو پۆستە بەڕێوەدەبات، داواکارین لە قۆناخی داهاتوودا پۆستی پارێزگاری کەرکووک بۆ پێکهاتەی تورکمانی بێت"، بەرپرسی رێکخستنە سیاسییەکانی بەرەی تورکمانی وای گوت.
 
"گومان لە ساختەکاری"
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا ئەو بەرپرسەی بەرەی تورکمانی باسی گومانی بەرەکەیان لە نووسینگەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە کەرکووک و دەستکاریکردنی ئامێرەکانی دەنگدان دەکات و دەڵێت، "لە هەموو دیدارەکانمان کە لە بەغدا ئەنجاممان داون، باسی ئەوەمان کردووە کە نووسینگەی کۆمیسیۆن لە کەرکووک لەلایەن یەک لایەنەوە قۆرخ کراوە، چەند جارێک داوامان کردووە و تەنانەت بەڕێز سەرۆکی بەرەی تورکمانی لە گفتوگۆکان لەگەڵ هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت باسی ئەمەی کردووە، کە پێویستە سەرجەم پێکهاتەکان بەشداربن لە بەڕێوەبردنی نووسینگەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە کەرکووک، تاوەکو بزانین لە پشتی پەردەوە چی روودەدات، بەڵام بەداخەوە بەوپێیەی سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و هەر یەکێتی ئەو نووسینگەیە بەڕێوەدەبات، داواکەمان وەلانراوە."
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی بەرەی تورکمانی، گومانیان هەیە و سکاڵایان تۆمارکردووە، "زۆرینەی هاووڵاتییانی تورکمان، بە دیاریکراوی بەراورد بە پێکهاتەکانی دیکە، پەنجەمۆریان دیارنەبوو، ئەوە بووەتە هۆی گومانی گەورە لامان کە دەستکاریی ئامێرەکانی دەنگدان کراوە و داتاکانی هاووڵاتییانی تورکمانی بەتایبەتی، نەنێردراوە بۆ بەغدا." گوتیشی، "گرفتە تەکنیکییەکانی هەڵبژاردن بووە هۆی دروستبوونی نائومێدی لای دەنگدەرانی تورکمان و وایکرد ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانمان نەچن بۆ دەنگدان؛ ئەگەر ئەو ژمارەیە بەشداریی هەڵبژاردنیان بکردایە و رێگەیان پێبدرایە بەشداریی پرۆسەکە بکەن، ئەوا چوار کورسیمان بەدەستدەهێنا."
 
"کێشەی سیاسی نەک نەتەوەیی"
 
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ ماردین کۆگکایا، بەرپرسی رێکخستنە سیاسییەکانی بەرەی تورکمانی باسی ناکۆکییەکانی کەرکووکی کرد و پێیوایە سیاسین نەک نەتەوەیی و دەڵێت، "لەڕووی پێکهاتەکانەوە هیچ کێشەیەکمان نییە، واتە هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی یان خێزانیمان لەنێوان هەردوو پێکهاتەی تورکمان و کورد نییە، بەڵام ئەو کێشانەی لە کەرکووک لەدوای 2003 دروستکران و "ئەوەی ئەم ئاریشە و کێشانەی بۆ کەرکووک هێنا، هەردوو حیزبە کوردییەکە بوون، ئەمەش لای خەڵکی کەرکووک نائومێدیی دروستکرد."
 
گوتیشی، "پێش ساڵی 2003 تەعریب لە کەرکووک هەبوو، بەڵام لەدوای 2003شەوە بەکوردیکردن هەبوو لە شاری کەرکووک، بۆیە ئێمە دەبێت دووربکەوینەوە لەم کێشانە و لەم بەرژەوەندییە حیزبییانە، گرفتێک هەبوو لە ئیدارەکانی پێشوو لە کەرکووک لەلایەن ئەو کەسانەی کە پۆستەکانیان وەرگرت لە یەکێتی و پارتی کە بە نەرێنی رەنگدانەوەی هەبوو لەسەر رەوشی گشتی پارێزگاکە و دەبێت وانە وەربگرین لە رۆژان و ساڵانی رابردوو."
 
"پارێزگار و پشک"
 
لەبارەی خواست و داواکاریی بەرەی تورکمانیشەوە بەرپرسی رێکخستنە سیاسییەکانی بەرەکە دەڵێت، "پێمانخۆشە نیازپاکی لەو لایەنانە ببینین کە دەیانەوێت هاوپەیمانیمان لەگەڵ بکەن و پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە پێکهاتەی تورکمان بدەن."
 
ئاماژەی بەوەش کرد، "جگە لە پۆستی پارێزگار، دەخوازین ئیدارەیەکی هاوبەش هەبێت لە هەموو فەرمانگەکانی کەرکووک نەک تەنیا لە پەیکەربەندیی باڵەخانەی پارێزگای کەرکووک، ئەوەش جگە لە هێشتنەوەی هێزە فیدراڵییەکان لە شارەکە."
 
رۆژی 16 و 18ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی تایبەت و گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو، زیاتر لە 16 ملیۆن کەس مافی دەنگدانی هەبوو، زیاتر لە 6 ملیۆن کەس لە عێراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەنگیان دا.
 
بەپێی ئەنجامەکان، لە کۆی 16 کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگەی کەرکووک، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 5 کورسی و پارتی دیموکراتی کوردستان دوو کورسی و بەرەی تورکمانیش دوو کورسییان بەدەستهێناوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە