رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوەی خانووبەرەی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێ، زیاتر لە 6 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون و بازرگانی لە پارێزگاکە لە ئەنجامی شەڕی ئێستا زیانیان بەرکەوتووە.
رۆژی پێنجشەممە، 19ی ئاداری 2026، عەلیڕەزا موقەدەم، بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوەی خانووبەرەی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە سەرەتای شەڕەوە تیمەکانیان لە شار و ناوچە جیاوازەکانی پارێزگاکە سەردانی ئەو شوێنانەیان کردووە کە لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆردوومان کراون، بۆ ئەوەی خەمڵاندن بۆ قەبارەی زیانەکان بکەن.
عەلیڕەزا موقەدەم دەڵێت: "بە پێی خەمڵاندنەکانمان، لە سەرەتای شەڕەوە 6 هەزار و 100 یەکەی نیشتەجێبوون و بازرگانی لە ناوچە جیاوازەکانی پارێزگاری ورمێ زیانیان بەرکەوتووە. لەو ژمارەیە 338یان یەکەی بازرگانین."
بە گوتەی موقەدەم، زۆرترین زیان لە شاری ورمێیە و هەزار و 700یەکەی نیشتەجێبوون و بازرگانی لەو شارەدا بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل زیانیان بەرکەوتووە.
بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوەی خانووبەرەی پارێزگای ورمێ ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا 30 کەس لە چوارچێوەی 15 تیمدا لە شاری ورمێ خەریکی خەمڵاندنی ئەو زیانانەن کە بەهۆی شەڕەوە بەر هاووڵاتیان کەوتووە.
جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا-ئیسرائیل پێی ناوەتە 20ـەمین رۆژیەوە. جەنگەکە لە 28ـی شوباتی 2026 دوای ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ