رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای گەڵف کیستۆنی بەریتانی ئامادەیی خۆی نیشان دەدات بۆ دەستپێکردنەوەی بەپەلەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگەی شێخان، ئەوەش دوای ئەوەی بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران، کارەکانی لە کێڵگەکەدا راگرت.
کۆمپانیای گەڵف کیستۆن راپۆرتی داراییی ساڵی 2025ی بڵاوکردەوە. بەپێی راپۆرتەکە، کۆمپانیاکە لە ساڵی رابردوودا هەر بەرمیلێک نەوتی لە بەندەری جەیهان بە تێکڕای 50.5 دۆلار فرۆشتووە، کە نرخێکی زۆر باشتر بووە لە نرخی فرۆشتنی نێوخۆیی (27.6 دۆلار).
جۆن هاریس، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گەڵف کیستۆن رایگەیاند: "سەرەتای ساڵی 2026 بە باشی دەستمان پێکرد و ئاستی بەرهەمهێنان تاوەکو کۆتایی مانگی شوبات گەیشتە سەروو 44 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، بەڵام دوای دەستپێکردنی رووداوە ئەمنییەکانی ناوچەکە، بۆ پاراستنی گیانی کارمەندانمان، بەرهەمهێنانمان لە کێڵگەی شێخان راگرت."
بەپێی ئامارەکان، بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، تێکڕای بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە لە نیوەی یەکەمی مانگی ئاداردا بۆ 32 هەزار و 100 بەرمیل دابەزیوە. هاریس دەڵێت: "هیوادارین ئاسایش بگەڕێتەوە؛ ئێمە ئامادەین بە خێرایی دەست بکەینەوە بە بەرهەمهێنان و هەناردەکردن."
بەگوێرەی راپۆرتەکەی گەڵف کیستۆن:
بەرهەمهێنان: لە ساڵی 2025دا تێکڕای بەرهەمهێنان 41 هەزار و 560 بەرمیلی رۆژانە بووە، کە بەراورد بە ساڵی 2024 بە رێژەی 2٪ زیادیکردووە.
نرخ: نرخی فرۆشتنی نەوت لە جەیهان (50.5 دۆلار) بووە، کە هێشتا 13.4 دۆلار لە نرخی برێنت کەمترە. بەپێی رێککەوتنەکە، پشکی کۆمپانیاکە 30 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک.
وەبەرهێنان: لە ساڵی 2025دا خەرجی وەبەرهێنان گەیشتووەتە 38.8 ملیۆن دۆلار، بەڵام بۆ ساڵی 2026، کۆمپانیاکە بڕیاری داوە خەرجییە نوێیەکان و وەبەرهێنانە فراوانەکان هەڵبوەشێنێتەوە تاوەکو دۆخەکە روون دەبێتەوە.
هەناردە: لە 27ی ئەیلوولی 2025ەوە، گواستنەوەی نەوت لە تانکەرەوە گۆڕاوە بۆ بۆری بەرەو بەندەری جەیهان.
کێڵگەی شێخان کە دەکەوێتە سنووری پارێزگای دهۆک، یەکێکە لە کێڵگە گرنگەکان. بەپێی راپۆرتەکە، تاوەکو کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی 2025، یەدەگی نەوتی ئەم کێڵگەیە بە 416 ملیۆن بەرمیل دەخەمڵێندرێت. سەرەڕای تێکچوونی دۆخی ئەمنی، کۆمپانیاکە پێشبینی دەکات ئەگەر کارەکان دەستپێبکەنەوە، تێکڕای بەرهەمهێنانی ساڵی 2026 لە نێوان 37 بۆ 41 هەزار بەرمیلی رۆژانەدا بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ