رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، نرخی گازی شل (LPG) لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، بە جۆرێک یەک بوتڵ گازی ماڵان دەگاتە 25 هەزار دینار.
لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوبات، بەرهەمهێانی گاز لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر راگیرا. ئەو هەنگاوە بووە هۆی کەمبوونەوەی گازی ماڵان و ئەوەشی لە بەنزینخانەکان دەفرۆشرێت بە نرخی بەرز، دەبێت نۆرەکەیکی دوور و درێژی بۆ بگیرێت.
بەگوتەی لایەنی پەیوەندیدار بۆ رووداو، لە بەنزینخانەکانی هەولێر بوتڵێک گازی شل بە 23 هەزار دینارە، لە سلێمانی بە 24 هەزار و 250 دینارە، لە دهۆک بە 25 هەزار دینارە و لە هەڵەبجە 25 هەزار و 750 دینارە، هەرچی لە کەرکووکە دۆخەکە ئاساییە و گازی حکومی بوتڵی تەنیا 5 هەزار دینارە.
جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گازی بازرگانی لە بەنزینخانەکان لیتری 1050 دینارە و سڕەی زۆریش نەگیراوە".
بە گوتەی جەنگی مەجید، نرخی بوتڵێک گاز کە 22 لیتری تێدا بێت لە هەولێر بە 23 هەزار دینارە.
پێش جەنگ و وەستانی بەرهەمهێنانی گازی(LPG)، یەک بوتڵی لەلایەن حکومەتەوە بە 8500 دینار دەدرایە هاونیشتمانیان.
ئەندازیار قارەمان عەبدولڕەحمان، بەرپرسی بەشی گاز لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "20 کارگەی گاز لە سنوورەکەمان هەیە بەهۆی کارنەکردنی کێڵگەی کۆرمۆرەوە هیچیان گازیان نییە".
قارەمان عەبدولڕەحمان گوتی: "چەند کارگەیەک هەن پشکی گازیان لە کەرکووکەوە دێ، تەنیا ئەوانە ئێستا گازی شلیان هەیە و ئەوی دیکە بازرگانییە و لە بەنزینخانەکان دەفرۆشرێت".
ئەو بوتڵی گازەی حکومەت دیداتە هاونیشتمانیان 12 کیلۆی تێدایە کە دەبێتە 22 لیتر. ئەمڕۆ لە بەنزینخانە بازرگانییەکانی سلێمانی لیتری گاز بە 1100 دینارە، بەوەش بوتڵێکی 22 لیتری بە 24 هەزار و 250 دینارە.
لە دهۆک یەک بوتڵ گازی شل بە 25 هەزار دینارە. هاونیشتمانییەکی شارەکە بە رووداوی گوت: "هیچ گاز نەماوە و دەچین لە بەنزینخانەکان دەیکڕین، بوتڵێک ئەگەر پڕی بکەنەوە بە 25 هەزار دینارە".
هەر ئەمڕۆ خاوەنی بەنزینخانەیەک لە هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لیترێک گاز بە 1175 دینارە و بوتڵێک کە 22 لیتری تێدا بێت 25 هەزار و 750 دینارە".
لە کەرکووک دۆخەکە ئاساییە. عەلی رەبیع، بەڕێوەبەری دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هیج قەیرانێک دروست نەبووە؛ رۆژانە گازی ماڵان دەدرێتە هاووڵاتییان، وێستەگەکانمان بڕی پێویستیان تێدایە".
لەبارەی نرخەکەشی، بەڕێوەبەری دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکووک گوتی: "لە دوو وێستگەی دابەشکردنی بەنزین کاتی دەوامی 24 کاژێرییە، نرخی بوتڵی گازی ماڵان 5 هەزار دینارە".
ئەو نرخەی لە شارەکان بۆ گازی شل دیاریکراوە لە بەنزینخانەکانە و لە دووکان و گەڕەکەکان نرخی هەر بوتڵێک دوو بۆ سێ هەزار دینار زیاترە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ