رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکەیەکی جەنگیی جۆری ئێف-35ی ئەمریکی، دوای ئەوەی لە ئاسمانی ئێران لە لایەن هێزە بەرگرییەکانی ئەو وڵاتەوە تەقەی لێکرا، بە ناچاری لە بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نیشتەوە.
تیم هاوکینز، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رۆژی پێنجشەممە، 19ی ئاداری 2026 بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، ئەو فڕۆکە پێشکەوتووەی نەوەی پێنجەم لە کاتی "ئەنجامدانی ئەرکێکی جەنگی لە ئاسمانی ئێران"دا رووبەڕووی هێرش بووەوە و ناچار بوو لە شوێنێک لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بینیشێتەوە.
هاوکینز ئاماژەی بەوە کرد، فڕۆکەکە بە سەلامەتی نیشتووەتەوە و تەندروستیی فڕۆکەوانەکەش جێگیرە، بەڵام ئێستا لێکۆڵینەوە لە وردەکاریی رووداوەکە بەردەوامە.
ئەمە یەکەمجارە ئێران بتوانێت فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکا بپێکێت کە نرخەکەی زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلارە.
ئەم نیشتنەوە نائاساییە لە کاتێکدایە، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا بەردەوامن لە جەختکردنەوە لەسەر سەرکەوتنەکانیان لە جەنگی دژی تاران.
پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی سەرکەوتووانە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنجام دەدات و سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێران "تەخت کراون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ