رووداو - سلێمانی
زۆرینەی سەیرانگە و هۆتێل و شوێنە گەشتیارییەکانی سلێمانی بەهۆی کەمیی گەشتیارەوە تووشی زیان بوون و سلێمانی ساڵێکی بێ بازاڕی بۆ کەرتی گەشتوگوزار بەڕێکردووە.
سەیرانگەی نەورۆز لە گەڕەکی سەرچناری سلێمانی، دێرینترین سەیرانگەی ئاوەدانی نزیک شارە، ساڵانی رابردوو لە سەری ساڵدا سەیرانگەکە جمەی دەهات لە گەشتیار، بەڵام ئەمساڵ وانییە.
محەممەد حوسێن پێنج ساڵە لە سەیرانگەی نەورۆز لە دووکانێک کار دەکات، دەڵێت تەنها ساڵی کۆرۆناکە هێندەی ئەم ساڵ گەشتیار کەم هاتووە، "ساڵی رابردوو ئەم کاتانە خەڵک بە بلیت دەهاتنە ژوورەوە و نرخی بلیت هەزار دینار بوو، بەڵام ئەم ساڵ بلیتەکە بووە بە خۆڕاییش، کەچی خەڵک هەر نایەن و گەشتیار زۆر کەمە، هۆکاری سەرەکییش ئەوەیە کە سەیرانگەکە خزمەت ناکرێت."
لە سلێمانی 2150 بنکە و ناوەندی گەشتیاری هەن، کە سەیرانگە و کابینە و گوندە گەشتیارییەکان و هۆتێل و مۆتێل و میوانخانەکان دەگرێتەوە.
هۆتێلەکانی سلێمانیش ئەم ساڵ جیاواز لە ساڵی رابردوو زۆرینەیان پڕ لە گەشتیار نەبوون، نیوەی ژوورەکان زیاتر بە چۆڵی ماونەتەوە. بەڵێن حەسەن، سەرپەرشتیاری بەشی پێشوازیی هۆتێلە لە سلێمانی و دەڵێت، "ئەم ساڵ بەراورد بە ساڵانی پێشوو، هاتنی گەشتیاران کەمتر بوو، نەبوونی ئامادەکاری بۆ سەری ساڵ یەکێک بوو لە هۆکارەکان بۆ کەمبوونەوەی گەشتیار، هەروەها هەفتەی رابردووی پێش سەری ساڵ لە شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق پشوو بوو، ئەو کاتە گەشتیاران دەهاتن و بازاڕمان باشتر بوو."
ئەو گەشتیارانەی هاتوونەتە سلێمانی، زۆرینەیان لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە هاتوون، ئەوانەی هاتوون خۆشحاڵن بە خزمەتکردنیان لە هۆتێل و میوانخانەکان.
گەشتیارێک بەناوی جەعفەر محەممەد لە بەغداوە هاتووە و گوتی، "کەشوهەوای سلێمانی زۆر خۆشە، کەشێکی گەشتیاریی خۆش و نایابە، هەروەها ئەمن و ئاسایشیش بەرقەرارە، خزمەتکردن و نرخەکانیش لە میوانخانە و هۆتێلەکان زۆر گونجاو و باشن."
بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانی دەڵێت، پێنج رۆژی کۆتایی ساڵی رابردوو لەگەڵ یەکەم رۆژی ساڵی نوێ زیاتر لە 55 هەزار گەشتیار روویان لە سلێمانی کردووە، کە هەمان ئاماری ساڵی رابردووە، بەڵام ئەم ساڵ زۆرینەی گەشتیارەکان نەماونەتەوە و سلێمانییان جێهێشتووە.
ئارام شوانی، گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانی لەوبارەیەوە بە رووداوی گوت، "بەهۆی ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی لە سۆران روویدا، بە بڕیاری حکومەت شار هیچ نەڕازێندرایەوە، بەڵام بەڕاستی دەبوو بایی ئەوەندە جوانکاری بکرایە تاوەکو ئەو هەموو گەشتیارە دڵی نەشکایە و نەگەڕایەتەوە، دەبوو شارەکە بڕازێندرایەتەوە، تاوەکو ئەو گەشتیارانەی دێنە سلێمانی هەستیان بە جیاوازیی شارەکەی خۆیان و سلێمانی بکردایە، ئەمە بووەتە هۆکاری ئەوەی کە دڵنیگەرانی بە گەشتیارانمانەوە دیاربێت."
ئێستا گەشتوگوزاری سلێمانی چاوەڕوانی وەرزێکی دیکەی گەشتیارییە تاوەکو قەرەبووی ئەم سەری ساڵە بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ