رووداو دیجیتاڵ
لەو کاتەی لە شەقامەکانی بەغدا ئاهەنگی سەری ساڵی نوێی 2026 دەگێڕدرا، لە پشت دیوارەکانی نەخۆشخانەی "ئیبن هەیسەم"ی تایبەت بە چاو لە بەغدا، کارەساتێکی مرۆیی لە ئارادابوو.
چیرۆکی سارە و کوڕەکەی، دایکی یەکێک لەو منداڵانەی کە بە سەختی بریندار بووە، بە چاوێکی پڕ لە ئەسرینەوە باسی ئەو ساتە دەکات کە چاوەڕێی شادی بوون بەڵام کارەساتی لێکەوتەوە: "هەموو ساڵێک یاریی ئاگرین دەکڕین بۆ ئەوەی منداڵەکانمان دڵخۆش بکەین. کوڕەکەم و هاوژینەکەم یارییەکەیان بەدەستەوە بوو، بەڵام پێیاندا تەقییەوە. داوا لە هەموو خێزانەکان دەکەم؛ ئەو شتانە مەکڕن، ئێمە وەک شتێکی خۆش دەمانبینی بەڵام دەرکەوت زۆر ترسناکە."
دکتۆر حوسێن کەریم، پزیشکی پسپۆڕ لە نەخۆشخانەی ئیبن هەیسەم، ئاشکرای کرد کە تەنیا لە شەوی سەری ساڵدا چوار حاڵەتی زۆر مەترسیداریان بۆ هاتووە. یەکێک لەوانە منداڵێکی تەمەن دوو ساڵ و نیوە کە بەهۆی توندیی برینەکەیەوە رەوانەی ژووری نەشتەرگەری کراوە. دکتۆر حوسێن دەڵێت: "بە خێزانەکەیمان گوت کە چاوی منداڵەکەتان هیچ هیوایەکی بۆ نەماوە؛ ئەگەر نەشتەرگەریشی بۆ بکەین و تەنیا شێوەی دەرەوەی چاویشی چاک بکەینەوە، هیوای بینینی بۆ هەمیشە لەدەست داوە."
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، شەوی سەری ساڵ (2025 - 2026) یەکێک بووە لە پڕ قوربانیترین شەوەکان:
300 کەس بەهۆی یارییە ئاگرینەکانەوە بریندار بوون (تەنیا لە بەغداد 267 حاڵەت تۆمارکراوە).
43 کەس بەهۆی تەقەی بەناو "خۆشی" بریندار بوون و گەیەندراونەتە نەخۆشخانە.
140 کەس بوونەتە قوربانیی رووداوەکانی هاتووچۆ لەو شەوەدا.
ساڵ لە دوای ساڵ، ئاماری بریندارانی شەوی سەری ساڵ بەهۆی یارییە ئاگرینەکانەوە لە هەڵکشاندایە. هەرچەندە وەزارەتی تەندروستی نەخۆشخانەکان دەخاتە ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە، بەڵام بێباکیی خێزانەکان و بەکارنەهێنانی رێکارە سەلامەتەکان، وایکردووە ئەم شەوە لە جیاتی شادی، ببێتە یادەوەرییەکی تاڵ و برینێکی ساڕێژنەکراو بۆ سەدان خێزان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ