لە دوو هەفتەدا لە سلێمانی سێ پشیلە بۆ 'سیحر و جادوو' کوژراون

01-02-2024
هۆرڤان رەفعەت
یەکێک لە گۆڕستانەکانی سلێمانی
یەکێک لە گۆڕستانەکانی سلێمانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە گۆڕستانەکانی سلێمانی و هەرێمی کوردستان، بەکارهێنانی لاشەی ئاژەڵ بۆ سیحر و جادوو سەریهەڵداوە و خەریکە دەبێتە دیاردە. ماوەیەکی زۆر نییە پەیدابووە، ئەوەی دەبیندرێت بەشێوەی جیاواز پارچەی لەشی ئاژەڵ و باڵندە دەبرێنە گۆڕستانەکان، نووشتە و جادوو دەکرێتە لەشیانەوە و ژێرخاک دەخرێن.
 
لەگەڵ یەکێک لە گۆڕهەڵکەنەکانی گۆڕستانێکی گەڕەکی چوارچرا کە دەکەوێتە نزیک شەقامی بازنەیی مەلیک مەحموود لە باشووری سلێمانی چووینە گۆڕستانەکە، ئەو رووداوێکی تازەمان نیشان دەدات، پشیلەیەک خنکێنراوە و نووشتە کراوەتە دەمییەوە، پاشان لەسەر گۆڕی خانمێکیش دانراوە و خاک و خۆڵ کراوە بەسەریدا. 
 
گۆڕهەڵکەنەکەی گۆڕستانی چوارچرا کە لەبەر کارەکەی نەیوست وێنە و ناوی نیشان بدەین، پێی گوتین، "لەم گۆڕستانە و ژمارەیەک گۆڕستانی دیکە، دەبینین خەڵک دێت، قاچ و کلکی پشیلە و سەگ و پارچەی دیکەی لەشیان دەهێنن و دەیاننێژن، لە ماوەی دو هەفتەی رابردوودا ئەمە سێیەم پشیلەیە بیبینین، دەیانهێنن دەیخنکێنن و نووشتەکە دەکەنە قوڕگییەوە و لەسەر گۆڕێک یان لە زەوییەکەدا تۆزێک خۆڵ دەکەن بەسەریدا و دەڕۆن."
 
بە گوتەی ئەو گۆڕهەڵکەنە، "جگە لەو پارچانەی لەشی ئاژەڵ، تەنانەت سانتیی خانمان و شتی دیکەشمان بینیوە کە هێناویانە و کردوویانەتە ژێرخۆڵەوە و نووشتەی پێوە بووە، رۆژانەش مامۆستای ئایینی دەبینین کە دێن بۆ ئەوەی نووشتەکان بدزۆنەوە و سیحرەکەی تێدا بەتاڵ بکەنەوە."
 
ئارام سالار، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کوردستانێکی سەوزە و ئاگاداری زیادبوونی ئەو کارانەیە، بە رووداوی گوت: "کوشتنی ئەو ئاژەڵانە کارێکی زۆر قێزەون و ناشرینە، کوشتنی هەر ئاژەڵێک زیانە بۆ هاوسەنگیی ژینگە، ئێمە دەبینین ئەوان لاشە و پارچەی لاشەی ئاژەڵ بەکاردەهێنن بەتایبەت پشیلە، دیاردەکە زیادیکردووە، ئێمە ئەگەر بزانین ئاوها بەردەوام دەبێت، لە داواکاریی گشتی سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەین و دەبێت بەزوویی هێزە ئەمنییەکان رێگری لەو دیاردانە بکەن."
 
کۆتایی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووش، لە سلێمانی کلکی ژمارەیەک پشیلە قرتێندرابوو بۆ مەبەستی جادووکردن، ئەو کات ئاسایشی سلێمانی هەڵمەتێکی دەستپێکرد و گوتەبێژی دەزگای ئاسایش پێی راگەیاندین، "لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا 30 جادووکار و ساحیرمان دەستگیرکرد و دواتر بە مەرجی وازهێنان لەو کارە و دووبارەنەکردنەوەی ئازادمان کردن، هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو جادووکەرانەش ئەوەبوو کە کارەکانی ئەوان شیرازەی کۆمەڵگە تێک دەدات."
 
زۆرینەی ئەو دیاردانە و شاردنەوەی نووشتە و جادووەکان لە گۆڕستان لە شەواندا دەکرێت، هەرچەندە زۆرینەی گۆڕستانەکانی سلێمانی، شەوانیش رووناککراونەتەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی پاسەوان ئەو دیاردانە ئێستا زیادیان کردووە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.