رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە ئەنتاڵیا کۆبوونەوە. بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بیروڕایان لە بوارەکانی بارزگانی، ئابووری، دۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەکە گۆڕیوەتەوە.
کۆبوونەوەکە ئەمشەوی هەینی بوو، لە چوارچێوەی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا بەڕێوەچوو.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، له کۆبوونه‌وه‌که‌دا، هەردوولا ده‌رباره‌ی بره‌ودان به په‌یوه‌ندییه‌کان و هاریکاریی هاوبه‌شی تورکیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی کوردستان به‌تایبه‌تی له بواری بازرگانی و ئابووریدا، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ی دۆخی سیاسی و ئه‌منیی عێراق و هه‌رێمی کوردستان، بیروڕایان گۆڕییه‌وه.
تورکیا بۆ کۆڕبەندەکە 19 سەرۆک و سەرۆکوەزیر، 73 وەزیر کە زۆربەیان وەزیری دەرەوە و وزەن، 73 سەرۆک و نوێنەری رێکخراو و ئاژانسی بانگهێشت کردووە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو 19 سەرکردەیە کە بەشێوەیەکی فەرمی لە لایەن حکومەتی تورکیاوە بانگهێشت کراوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیاندا، وەکو راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێدەکات، "هه‌ردوولا باسیان له ئه‌گه‌ر و لێکه‌وته‌کانی دۆخی ئاڵۆزی ناوچه‌که و پێشهاته‌کانی شه‌ڕ له غه‌ززه کرد، هه‌روه‌ها جه‌ختیان له گرنگیی هه‌وڵ و هاریکاریی هه‌مه‌لایه‌نه بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئاشتیانه‌ی کێشه‌کان به گفتوگۆ و ده‌رفه‌ت و رێگه دیپلۆماسییه‌کان کرده‌وه".
راگەیێندراوەکە دەشڵێت، "مه‌ترسییه‌کانی تیرۆر و چه‌ند پرسێکی جێی بایه‌خی هاوبه‌ش"، ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی کۆبوونه‌وه‌که بوو.
پاش کۆبوونەوەکە، نێچیرڤان بارزانی لە هەژماری خۆی لە ئێکس رایگەیاند، "خۆشحاڵ بووم کە ئەم ئێوارەیە لە ئەنتاڵیا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبوومەوە. لەسەر دوایین پێشهاتەکان و بەهێزکردنی پێکەوەکارکردنی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان‌مان لەگەڵ تورکیا و بەرەوپێشبردنی سەقامگیریی هەرێمی، بیروڕامان ئاڵۆگۆڕکرد".
ئەو مژارانەی لە کۆڕبەندەکەدا تاوتوێ دەکرێن بریتین لە هەژاری لە جیهان، کۆچی نایاسایی، کاریگەرییەکانی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا، پەتاکان، هەڕەشەی گرووپە پەڕگیرەکان، تیرۆر، ئیسلامۆفۆبیا، جەنگی رووسیا و ئۆکراینا، جەنگی ئیسرائیل و حەماس، مەترسییەکانی ژیری دەستکرد، هەواڵی ساختە و شێوازەکانی رووبەڕووبوونەوەی، قووڵبوونەوەی جیاوازی نێوان هەژار و دەوڵەمەند.
یەکەمین کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا لە رۆژانی 18 تاوەکو 20ی حوزەیرانی 2021 بەڕێوەچوو؛ دووەمین کۆڕبەندی ئەنتالیا لە رۆژانی 11 تاوەکو 14ی ئاداری 2022 بەڕێوەچوو. ساڵی رابردوو بەهۆی بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و تورکیاوە کۆڕبەندەکە بەڕێوەنەچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ