رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە کۆنسوڵی فەرەنسا لە هەولێر کرد و رایگەیاند، ماوەی دوو ساڵە پارتی هەموو هەوڵێكی دا كە هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، "بەڵام رێگری لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كرا."
رۆژی دووشەممە، 1ی نیسانی 2024 لە پیرمام سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە یان برایێم، كۆنسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر كرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی بارەگای بارزانی، سەرۆک بارزانی دەڵێت، "بە ئاشكرا پەنا بۆ دەستی دەرەكی و دادگەی فیدراڵ بردرا بۆ ئەوەی كێشە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دروست بكرێت."
لە کۆبوونەوەکەدا، تیشک خرایە سەر بابەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەڵوێست و تێبینیەكانی پارتی لەسەر هەڵبژاردن.
18ی ئاداری 2024، پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیاریێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بە نایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێندراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین."
سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە پارتی "بنیاتنەری شەرعیەت و هەڵبژاردنی هەرێم بووە، ماوەی دوو ساڵە پارتی هەموو هەوڵێكی دا كە هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، بەڵام رێگریی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كرا، بە ئاشكرا پەنا بۆ دەستی دەرەكی و دادگەی فیدراڵ بردرا بۆ ئەوەی كێشە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دروست بكرێت."
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 10ـی حوزەیرانی داهاتوو بکرێت. هەڵبژاردنەکە بێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێنج بۆ تورکمان و کورسیەکی دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ـی شوبات دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بە نەهێشتنی کورسیی کۆتاکان.
دادگەی فیدراڵی بڕیاریدا بازنەکانى هەڵبژاردن لە چوار بازنە کەمتر نەبێت، ئەگەر دابەشبکرێت بەسەر چوار پارێزگاکەى هەرێمى کوردستان پشکى کورسییەکانیان بەم جۆرە دەبێت: پارێزگاى سلێمانى 38 کورسی، هەولێر 35 کورسی، دهۆک 24 کورسی و هەڵەبجە سێ کورسی.
سەرۆک بارزانی ئاماژە بەوەش دەکات، "بێبەشكردنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیەكان لە هەڵبژاردن، بێبەشكردنی سەدان هەزار دەنگدەر لە دەنگدان، بێبەشكردنی هەڵەبجە لە ژمارەی حەقیقیی كورسیەكان و سەپاندنی رێوشوێنی نادروست لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، وا دەكات كە هەڵبژاردن گوزارشت لە دەنگی راستەقینەی خەڵكی كوردستان نەكات."
سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، پارتی لەگەڵ ئەوەیە كە "هەڵبژاردنێكی پاك و ئازاد بە بێ دەستێوەردان و دیزاینی پێشوەختە بەڕێوەبچێت. هەڵوێستی پارتیش لەبەر ئەوە بووە كە پیلانی دەستبەسەردارتنی ئیرادەی خەڵكی كوردستان سەرنەگرێت."
لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە سەرۆك بارزانی بە پێویستی زانی كە "هەموو ئەو كەموكوڕییە تەكنیكی و پێشێلكارییە دەستووری و یاسایانە چارەسەر بكرێن و ئیرادە و دەنگی راستەقینەی گەلی كوردستان دوور لە پیلان و ئەنجامی پێشوەختە سەر بگرێت."
داواشی كرد كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكار بێت بۆ چاودێری و گەرەنتیكردنی "هەڵبژاردنێكی ئازاد و راستەقینە كە لە خزمەت شەرعییەت و دەنگی راستەقینەی گەلی كوردستان بێت."
لای خۆیەوە، كۆنسوڵی فەرەنسا لە هەولێر وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان، رایگەیاند، وڵاتەكەی لەگەڵ ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان بەهێز و سەقامگیر بێت و ئاڵۆزی و نیگەرانییەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بكرێن.
هەروەها ئامادەیی وڵاتەكەشی پێشاندا "بۆ هاوكاریكردنی لایەنەكانی هەرێمی كوردستان لەپێناو تێپەڕاندنی قەیرانە سیاسیەكان و چارەسەركردنی گرفتەكان لەگەڵ حكومەتی عێراقی فیدراڵ."
هاوکات، سەرۆك بارزانی ستایشی رۆڵی فەرەنسای كرد كە پشتیوانی دۆزی گەلی كوردستان بووە و پەیوەندیی نێوان گەلی كوردستان و گەلی فەرەنسای بە پەیوەندییەكی "مێژوویی و بێوێنە" وەسف كرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ