کوردستان
محەممەد سلێمان، ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ و سەرۆکی کاتیی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی لە سلێمانی.
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کاتیی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، بە پشبەستن بە یاسا، خولی شەشەمی پەرلەمان بە "هەڵوەشاوەیی" هەژمار دەکرێت و ''پێویستە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی بۆ دەربکات.''
ئەمڕۆ پێنجشەممە 01-05-2025، محەممەد سلێمان، سەرۆکی کاتیی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی کۆنەبوونەوەی پەرلەمان و هەڵنەبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتییەکەی رایگەیاند، ''دەبووایە لە ماوەی 45 رۆژدا لەدوای بانگەوازی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرێت.''
محەممەد سلێمان گوتی: ''وەک سەرۆکی کاتیی پەرلەمان و سەرۆکی یەکەم دانیشتنی خولی شەشەم، بە هەموو لایەکی رادەگەیێنم کە بە پشتبەستن بە بڕگەی چواری مادەی 10 لە یاسای هەموارکراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، خولی شەشەمی پەرلەمان بە هەڵوەشاوەیی هەژمار دەکرێت.''
سەرۆکی کاتیی پەرلەمانی کوردستان کە لە پشکی بزووتنەوەی نەوەی نوێیە، داوا لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات، فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمان دەربکات، ''بەپێچەوانەوە، من بەرپرس نیم لە هەر رێکارێکی دیکەی یاسایی کە تایبەتە بەو بابەتە.''
بەگوێرەی بڕگەی چواری مادەی 10 لە یاسای ژمارە 1ـی ساڵی 2005ـی هەموارکراو، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەتوانێت به فهرمانێک پهرلهمانی كوردستان ههڵبوەشێنێتەوە ئەگەر:
''پتر له نیوهی ئهندامهكانی دهستیان لهكار كێشایهوه، یان لهماوهی 45 رۆژدا له بانگهێشتكردنی بۆ كۆبوونهوهی خولی ههڵبژاردن، ژمارهی یاسایی ئهندامان بهدهست نههات، یان پهرلهمان متمانهی به ئهنجوومهنی وهزیران، له سێ پێكهاتهی وهزاریی جیاوازی یهك لهدوای یهكدا نهدا و هەروەها ئەگەر سیستمی ههڵبژاردنی پهرلهمان گۆڕا و خولی ههڵبژاردنیش شەش مانگ یان كهمتری مابوو.''
22ـی کانوونی دووەمی 2025، محەممەد سلێمان بەهۆی کۆنەبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند و گوتی، "ئامانجم خزمەتکردن بوو، ناتوانم لە پۆستێک بمێنمەوە ئەگەر خزمەتی خەڵک نەکەم؛ دەستبەرداری پۆستەکەم دەبم".
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە 20-10-2024 کرا، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین کورسی بەدەستهێنا کە 39 کورسی بوو. دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی و نەوەی نوێ بە 15 کورسییان بەدەستهێنا و تاوەکو ئێستا دانیشتنی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان بە کراوەیی ماوەتەوە و لەسەر پێکهێنانی حکومەتیش رێککەوتن نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ