کوردستان
قایمقامی قەزای خەبات: 5 حاڵەتمان هەیە هەموویان سەلامەتن و لەژێر چاودێری پزیشکیدان. وێنە؛ جێگر عومەر - کامێرامانی رووداو
رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاگر لە کارگەیەکی دروستکردنی چپس لە ناوچەی پیشەسازی لە قەزای خەبات کەوتووەوە و تاوەکو ئێستاش نەتوانراوە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت.
سەبارەت بە زیانە گیانییەکان قایمقامی قەزاکە دەڵێت "پێنج حاڵەتمان هەیە، خۆشبەختانە هەموویان سەلامەتن و ئێستا لەژێر چاودێری پزیشکیدان"، بە گوتەی خاوەنی کارگەکەش بێت زیانێکی ماددی زۆری بەرکەوتووە.
هەڵەبجە سەعدون، پەیامنێری رووداو لە هەولێر رایگەیاند، رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە کاژێر 4:30 بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 01-07-2021 لە یەکێک لە کارگەکانی دروستکردنی چپس لە ناوچەی پیشەسازی قەزای خەبات روویدا
کارگەکە لە چوار بەش پێکهاتووە، سەرەڕای هەوڵەکانی تیمی ئاگرکوژێنەوە، تاوەکو ئێستا نەتوانراوە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت.
سەبارەت بە وردەکاریی رووداوەکە و زیانە گیانییەکان، کوێستان ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەبات بە رووداوی راگەیاند "کاژێر 5:00ی بەرەبەیان ئاگرکوژێنەوەی خەبات لە رووداوی کەوتنەوەی ئاگر لە یەکێک لە کارگەکانی سنوورەکە ئاگادارکراوەتەوە، لە ماوەی دوو خولەک تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە، داوای هاوکاریشمان لە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە هەولێر و دەوروبەری خۆمان کردووە".
بە گوتەی کوێستان ئەحمەد بەهۆی ئەوەی کارگەکە ماددەیەکی زۆری پلاستیکی تێدایە "کۆنترۆڵکردنی ئەستمە، هەوڵەکانی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەش سەرەتا بەو ئاراستەیە بووە کە ئاگرەکە تەشەنە نەکات و پاشانیش سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بوونە، ئێستاش 15 تانکەر لە شوێنی رووداوەکە ئامادەن و 10 تانکەری دیکەش لە رێگادان، هاوکات دوو شەمعەش لەکاردان".
سەبارەت بە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەش، قایمقامی قەزای خەبات گوتی: "بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان بێت بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە، بەڵام کە لێکۆڵینەوە کرا، هۆیەکەی بەدیار دەکەوێت".
سەبارەت بە زیانە گیانییەکانیش کوێستان ئەحمەد دەڵێت: "لە سەرەتای ئاگرکەوتنەوەکە کەسێک لە ژوورەوە بووە کە کارمەندی کارگەکە بووە، ئەو گەیێندراوەتە نەخۆشخانە، کۆی گشتی 5 حاڵەتمان هەیە، خۆشبەختانە هەموویان سەلامەتن و ئێستا لەژێر چاودێری پزیشکیدان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ