رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی سۆران دەڵێت، ئەو کەسەی لە شوێنێکی گەشتیاری تەقەی دەکرد و دیمەنەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە خۆی رادەستی پۆلیس کرد.
رۆژی شەممە 1ـی تەمموزی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سۆران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "دوای ئەوەی دوێنێ گرتە ڤیدیۆیی هاووڵاتییەک بڵاوبووەوە لە سۆشیاڵ میدیا، کە لە شوێنێکی گەشتیاری شارۆچکەی خەلیفان تەقە دەکات، ئەمڕۆ خۆی رادەستی پۆلیسی سۆران کرد".
موقەدەم شەماڵ دیواری، گوتەبێژی پۆلیسی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو کەسە دەستگیرکراوە و ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانەی لە ئاڵۆزییەکەدا بەشدارن خەڵكی ناوچەکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، کە لە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسێکە وەریگرتووە، ئاڵۆزییەک لەنێوان چەند گەشتیارێک و خاوەنی کەپرە گەشتیارییەکان دروستبووە؛ ئەو کەسەی تەقەی کردووە، "هیچ پەیوەندییەکی بە شەڕەکەوە نەبووە و تەقەیشی بە ئاسماندا کردووە بۆ ئەوەی بڵاوە بە شەڕەکە بکات". لەوبارەیەوە موقەدەم شەماڵ گوتی، "تۆمەتبارەکە دەستگیرکراوە و رادەستی یاسا کراوە؛ دادوەر بڕیاری کۆتایی لە دۆسیەکە دەدات".
تۆمەتبارەکە بە گوێرەی مادەی 495 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و پەڕاوی یاسایی بۆ دۆسیەکەی کراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ