رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەری دەڵێت، پێویستە بەر لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، سەرۆکەکانی پارتی و یەکێتی کۆببنەوە و کۆتایی بە "ناکۆکییەکان" بهێنن. داواش دەکات کورد بە یەک لیست بەشداریی هەڵبژاردنەکە بکات.
رۆژی شەممە 01-07-2023، بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە هەوار جەلالەدین و زانا کایانی پێشکێشیان کرد، رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا ناوی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق تۆمار دەکەن و ''لە پێناو بەرژەوەندیی باڵای خەڵکی کورد لە ناوچە کێشەلەسەرەکان، لەگەڵ سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان دەکەوینە گفتوگۆ.''
بێستوون حەمەساڵح ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا هیچ گفتوگۆیەکی فەرمی لەو بارەوە لە نێوان لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان نەکراوە و دەشڵێت، ''ئەم هەڵبژاردنە لە کەرکووک چارەنووسسازە و پێویستە کورد بە هەموو هێزەوە بەشدار بێت، چونکە چارەنووسی کوردستانیبوونی کەرکووک بە هەڵبژاردن دیاری دەکرێت.''
ئەو بەرپرسەی کۆمەڵ جەخت لەوە دەکاتەوە، ''ئەگەر کورد بە شپرزەیی بەشداری هەڵبژاردن بکات، بەتایبەتی ئەگەر ناکۆکیی نێوان پارتی و یەکێتی بەردەوام بێت، زەرەر دەکات و خەڵکی کەرکووک بە روونی ئەم هۆشدارییەیان بە سەرجەم لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان داوە.''
بەرپرسی مەکەتبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەری ئاماژەیدا، هاونیشتمانییانی کەرکووک، 20 ساڵە لەو دەسەڵاتە ناڕازین کە پارێزگاکە بەڕێوە دەبات و ئەوە هەڵبژاردنە کە دەتوانێت لە کەرکووک دۆخەکە بگۆڕێت، ''چونکە ئێستاش لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکە، دۆخی نائاسایی هەیە و دەبێ بە سندووقەکانی دەنگدان کۆتایی بە دۆخەکە بهێنین و جارێکی دیکە دەنگی خەڵک و قورسایی کورد بەپێی ژمارەی کورسییەکانیان بگەڕێنینەوە."
بڕیارە سبەی یەکشەممە، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆببنەوە و یەکێک لەو بابەتانەی گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، پرسی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بێت. بێستوون حەمەساڵح لەوبارەوە گوتی، ''داوای سەرەکیی ئێمە ئەوەیە کە پێگە و قورساییمان پارێزراو بێت و ئەنجامی ئەم رێککەوتن و گفتوگۆیانە تەنیا لەسەر لاپەڕە نەبن و جێبەجێ بکرێن.''
بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەری جەختی لەوە کردەوە، بۆ چارەسەری ناکۆکییەکان پێویستە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرجەم هێزە سیاسییە کوردستانییەکان کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە بکەن، بۆ ئەوەی ناکۆکییەکان وەلابنرێن و بە برایەتی بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بن.
بێستوون حەمەساڵح دەڵێت: ئەگەر سەرۆکەکانی پارتی و یەکێتی کۆنەبنەوە و وەلانانی ناکۆکییەکان لە خۆیانەوە دەستپێنەکەن، چەندی کۆبوونەوەی دیکە لە ئاستی خوارووتر بکرێت، بێبەرهەم دەبن و کێشەکانی نێوان ئەم دوو حیزبە چارەسەر نابن.
بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەری باس لەوەش دەکات، حیزبەکەی داوای ئەوەی کردووە کورد بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنەکە بێت و ''بۆ ئەوەش ئامادەین گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم هێزە سیاسییە کوردستانییەکان لە کەرکووک بکەین و دەستپێشخەری بابەتەکە بین.''
دووشەممەی رابردووش مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتی بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕییی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و لەبارەی لێکەوتەکانی دوای پەسندکردنی بودجەی عێراق، دۆخی سلێمانی، هەڵبژاردن لە سنووری پارێزگاکانی کەرکووک، دیالە و نەینەوا و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گفتوگۆیان کرد.
کۆبوونەوەی بەیانیی نێوان پارتی و یەکێتی، لە درێژەی کۆبوونەوەی رابردوودا دەبێت و بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، شێوەی بەشداریکردنی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی کەرکووک، دیالە و نەینەوا، یەکێک لە گرنگترین بابەتەکانی کۆبوونەوەکە دەبێت.
بڕیارە 6ى تشرینى دووەمى 2023ى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت و تاوەکو ئێستا لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لەسەر ئەوە رێکنەکەوتوون کە لە پارێزگا کێشەلەسەرەکان بەتایبەتی کەرکووک، بە یەک لیستی هاوبەش بەشداریی هەڵبژاردنەکە بکەن.
ئەوە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ یەکەم رۆژی تۆمارکردنی لیستی هەڵبژاردن و هاوپەیمانێتییەکانە و ماوەی یەک مانگ لەبەردەم هێزە سیاسییەکانە بۆ ئەوەی ناوی خۆیان تۆمار بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ