رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری کەركووک دەڵێت، سێ کاتیۆشا لە شارەکە کەوتوونەتە خوارەوە، یەکێکیان لە گەڕەکی عرووبە بەر ماڵێک کەوتووە، دووانی دیکەش لە فڕۆکەخانە کەوتوونەتە خوارەوە.
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک سەردانی گەڕەکی عرووبەی کرد و رایگەیاند: "چاوەڕێ دەکەین تاوەکو لایەنە پەیوەندیدارەکان کارەکانیان بکەن. [هێرشەکە] هیچ قوربانییەکی لێ نەکەوتووەتەوە. تەنیا زیانی ماددی بەر ماڵێک کەوتووە."
پارێزگاری کەرکووک بە رووداوی گوت: "بە نزیکی شوێنی هاوێشتنیان دەرکەوتووە، بەڵام چاوەڕێی لێکۆڵینەوە دەکەین. دوێنێ هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی ئاسایش لە سلێمانی و دژەتیرۆری عێراق گورزێکی راستەقینەیان لە سەرکردایەتیی داعش دا و سێ کەسی لە سەرکردایەتیی داعش کوشت."
هاوکات، لەبارەی ئەو مووشەکانەی لە فڕۆکەخانەی شارەکە کەوتوونەتە خوارەوە، رایگەیاند: "لە نێوان رێڕەوی فڕۆکەخانەی مەدەنی و فڕۆکەخانە سەربازییەکە کەوتوونەتە خوارەوە. هەردوو لای فڕۆکەخانە زیانیان بەر نەکەوتووە. گەشتەکانی فڕۆکەخانەی کەرکووک بە رۆژن و بەردەوام دەبن
بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەركووک دەڵێت، کاژێر 11:30 خولەکی ئەمشەو سێ مووشەک "کە سەرچاوەکەیان نادیار بوو لە فڕۆکەخانەکە کەوتنە خوارەوە و بەهۆیەوە کەسكێک بریندار بوو."
رێبوار تەها گوتیشی: " بە ئەرکی خۆمی دەزانم، دەبوو بێم. کاتیۆشایەک بەر ماڵێک کەوتووە. بە تایبەت لەکاتێکدا خێزانەکە لە ماڵەوە بوون و منداڵیان هەیە. سوپاس بۆ خوا هەموویان سەلامەتن. هەموو خەڵکی کەرکووک دڵنیا دەکەینەوە، ئەوانەی لە پشت ئەم کارەوە بوونە، بەدوایانەوە دەبین."
خاوەنی ئەو ماڵەی کاتیۆشایەکی بەرکەوت بە رووداوی گوت: " لە ماڵەوە دانیشتبووین، دەنگێکی گەورە هات. سوپاس بۆ خوا هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە."
وەکو لە دیمەنەکاندا دەردەکەوێت، مووشەکەکە بەر بنمیچی بەیتوونی خانووەکە کەوتووە و لە دیوارەوە چووەتە دەرەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ