رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، لەسەر سکاڵای هاووڵاتییەک سێ تۆمەتبار بە تۆمەتی دزی دەستگیر کران. گوتەبێژی پۆلیس دەڵێت، "50 ملیۆن دینار و زیاتر لە 22 هەزار دۆلاریان دزیوە."
ئەمڕۆ سێشەممە یەکی تەممووزی 2025، سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی گوت، "سێ تۆمەتبار بە تۆمەتی دزیکردن لە لایەن مەفرەزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادقەوە دەستگیر کران."
بەگوێرەی راگەیێندراوی پۆلیسی سلێمانی، هاووڵاتییەک دزیی لێکراوە و سکاڵای تۆمار کردووە. هێزەکانی پۆلیس بەدواداچوونیان کرد، دوای لێکۆڵینەوەکان توانرا تۆمەتباران بدۆزرێنەوە و دەستگیر بکرێن.
سەرکەوت ئەحمەد گوتی، "ئەو تۆمەتبارانە 50 ملیۆن دینار و 22 هەزار و 500 دۆلاریان لە ماڵی سکاڵاکار دزیوە. لە کاتی دەستگیرکردنیشیاندا دەست بەسەر دوو چەک لە جۆری دەمانچە، دوو ئۆتۆمبێل و بڕێک لە پارە دزراوەکەدا گیرا."
گوتەبێژی سلێمانی روونیکردەوە، "دەمانچە و سەیارەکانیان بە پارە دزراوەکە کڕیوە، هەرسێ تۆمەتبارەکە خەڵکی سەیدسادقن."
پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، تۆمەتباران بە ناوەکانی (ش، س، ع)، (ر، م، ئـ) و (م، ج، ن)، بە بڕیاری دادوەر راگیران و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ