رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری ناحیەی بەحرکەی هەولێر 40 بیر وشکیان کردووە و ئاستی ئاوی ژێر زەوییش بە جۆرێک دابەزیوە، قووڵایی هەندێک لە بیرەکان گەیشتووەتە نزیکەی 600 مەتر. بەڕێوەبەری ئاوی ناحیەکە دەڵێت، "بە تەواوبوونی هێڵی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر، نزیکەی 100 بیر دادەخەین."
محەممەد حوسێن، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی بەحرکە، لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو، باسی لە دۆخی ئاو لە سنووری ناحیەکە کرد و گوتی، "بەهۆی ئەوەی بۆ ئاوی خواردنەوە 100% پشت بە ئاوی ژێر زەوی دەبەستین، لە 10 ساڵی رابردوودا 40 بیرمان بە تەواوی وشک بوون. تەنانەت ئەو بیرانەی 350 مەتر قوڵن خەریکە وشک دەبن و ئەوانەی کە 450 مەترن، ئاوەکەیان زۆر کەمی کردووە."
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی بەحرکە ئاماژەی بە دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی کرد و گوتی، "ئێستا هەر بیرێک هەڵبکەنین، سەرووی 550 مەتر قووڵی دەکەین، بۆئەوەی ئاوی پێویستی هەبێت."
بە گوتەی محەممەد حوسێن، بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی 14 بیری سنووری بەحرکە بۆرییان بۆ دابەزێندراوە، هەریەکەیان 18 مەتر بۆریی دیکەیان بۆ دابەزێندراوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەیلوولی 2024 پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێری خستە واری جێبەجێکردنەوە، کە لە توانایدایە لە یەک کاژێردا 20 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هەولێر دابین بکات.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی بەحرکە دەڵێت، "پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێری گەیشتووەتە سنوورەکەمان و کۆگای تایبەت بە ئاوی بەحرکەش تەواو کراوە. چاوەڕوانین لە 1ی ئەیلوولەوە دەست بە گواستنەوەی ئاو بکرێت، کە بڕی 15 هەزار مەتر سێجا لە رۆژێکدا دابین دەکات بۆ ناحیەکە." گوتیشی، "بە گەیشتنی ئاوی پرۆژەی فریاگوزاری، 100 بیر لە سنووری بەحرکە دادەخەین."
لەبارەی بڕی پێویستی ناحیەکە بە ئاو، محەممەد حوسێن گوتی، "نزیکەی 20 هەزار هاوبەشمان هەن لە ناحیەی بەحرکە، ئەو بڕە ئاوەی بۆ سنوورەکەمان دابین دەکرێت، ئەگەر هاونیشتمانییان بە یاسایی و بەگوێرەی پێویست بەکاری بهێنن، زیادیشە."
چەند هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گەڕەکی "شێخەشەل" لە بەحرکە بە رادیۆی رووداویان گوت، کێشەی کەمئاوییان هەیە. بەڕێوەبەری ئاو هۆکارەکەی بۆ کێشەی کارەبا دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: "ئەگەر رۆژانە کەمتر لە 20 کاژێر کارەبامان هەبێت، ناتوانین ئاوی پێویست دابین بکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ