رووداو دیجیتاڵ
نرخی ئەمپێری موەلیدە بۆ مانگی 6 بەراورد بە مانگی 5، لە زۆرینەی شارەکان کەمێك دابەزیوە.
بۆ مانگی 6، بەرزترین نرخی یەک ئەمپێر لە هەولێر 13 هەزار و 500 دینارە، لە دهۆک زیاتر لە 10 هەزارە، لە سلێمانی 9 هەزار تێپەڕ ناکات، لە کەرکووک 5 هەزار بەرزترینە و لە هەڵەبجەش کەمترە لە 10 هەزار دینار.
نرخی ئەمپێر بەگوێرەی شارەکان:
هەولێر
خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بۆ مانگی 6 نرخی یەک ئەمپێر لەنیوان 6250 دینار بۆ 13500 دینارە."
لە هەولێر نرخ دابەزیوە، بەگوێرەی ئەوەی مانگی 5 نرخی یەک ئەمپێر لەنێوان 10 بۆ 15 هەزار دینار بوو.
دهۆک
هەکار هرووری، سەرپەرشتیاری لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نرخی یەک ئەمپێر بۆ مانگی شەش 10 هەزار و 250 دینارە."
لە دهۆک مانگی پێنج نرخی ئەمپێرێک 13 هەزار و 500 دینار بوو.
هەڵەبجە
هەر ئەمڕۆ زووهرە یوسف، سەرپەرشتیاری لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکان لە قایمقامییەتی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆ مانگی شەش نرخی یەک ئەمپێر لەنێوان 9 بۆ 9 هەزار و 500 دینارە."
لە هەڵەبجە نرخ کەمێک بەرزبووەتەوە، چونکە مانگی پێشتر نرخی یەک ئەمپێر 8000 بۆ 8500 دینار بوو.
سلێمانی
لە سلێمانی نرخی ئەمپێر بۆ مانگی رابردوو دیاریکرا کە یەک ئەمپێر لەنێوان 7 هەزار و 750 دینار بۆ 9 هەزار دینارە.
مانگی 5 لە سلێمانی نرخی یەک ئەمپێر لەنێوان 7 هەزار و 500 بۆ 8 هەزار و 500 دینار بوو.
کەرکووک
بۆ مانگی شەش نرخی ئەمپێری موەلیدە لەنێوان 3500 بۆ 5000 دینارە.
ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "بە هەوڵ و بەدواداچوونەکانمان، 100 مێگاوات کارەبای نیشتیمانیمان لە بەغداوە بۆ کەرکووک زیادکرد و بەشە گازوایلی موەلیدەکانێش زیاد کران."
بە گوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئێستا "کەرکووک دەبێتە یەکێک لە هەرزانترین شارەکانی عێراق لە رووی نرخی ئەمپێری موەلیدەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ