رووداو دیجیتاڵ
کەمال سەیدۆ، وێنەگری بەنێوبانگی کورد لە ئەڵمانیا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە شاری ڤارندۆرف لە تەمەنی 86 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
کەمال سەیدۆ لە ساڵی 1939 لە عەفرینی رۆژئاوای کوردستان لەدایکبووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ 1ی ئەیلوولی 2025 کاژێر 07:10 خوولەک لە شاری ڤارندۆرف، کە شوێنی نیشتەجێبوونی بوو، کۆچی دواییکرد.
ئەو وێنەگرە کوردە بەنێوبانگە لە تەمەنێکی زۆر زوودا دەستی بە کاری سیاسی و کوردایەتی کردووە، ساڵی 1959 لەگەڵ ئاپێ ئوسمان سەبری و نوورەدین زازا دەکەوێتە زیندانی شامەوە.
لە ساڵی 1961 کەمال سەیدۆ بەرەو ئەڵمانیا دەچێت، ئیدی لەوێ دەمێنێتەوە و دەبێتە ئەندام لە رێکخراوی یەکێتیی خوێندکارانی کورد.
سەیدۆ لە ئەڵمانیا بەشی فیلم و هونەری کامێرا دەخوێنێت و تەواوی دەکات، دواتر دەبێتە یەکێک لەو کوردانەی یەکەمین کامێرامانی کوردن.
ئەو وێنەگرە نێودارەی کورد، لەو 86 ساڵەی تەمەنی، 35 ساڵ وەکو کامێرامان و سەرپەرشتیاری وێنەگران بۆ تەلەڤیزیۆنی ئەڵمانی (WDR) لە ناوخۆی ئەڵمانیا و لە دەرەوەیش کاری کردووە.
لە ساڵانی 1970 بۆ 1972، سەیدۆ دوو جار هاتووەتە باشووری کوردستان، دوو جار بەڵگەفیلمی بۆ تەلەڤیزیۆنی ئەڵمانی لەسەر شۆڕشی کوردستان بەرهەمهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ