رووداو دیجیتاڵ
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە پەیامێکدا بۆ کۆنفرانسی "ئاشتییە سەختەکەی تورکیا" کە لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداوەوە رێکخراوە، رایدەگەیێنێت: "پێشنیازی من ئەوەیە، کورد لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە خۆیان بگونجێنن کە دەرفەتی پەیوەندیی کۆمەڵگەی دیموکراسییان پێدەدەن."
کۆنفرانسەکە ئەمڕۆ دووشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2025 لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت کە مەبەست لێی ئەنجامدانی گفتوگۆیە لەبارەی داینامیکەکانی چەکدانانی پەکەکە و خۆهەڵوەشاندنەوەی و گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی نێوخۆیی تورکیا.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا رایگەیاندووە: "پیرۆزبایی لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو دەکەم بۆ رێکخستنی ئەم کۆنفرانسە و بەتایبەتیش کە (ئاشتییە سەختەکەی تورکیا) ناونیشانەکەیەتی. ئەم ناونیشانە رەنگدانەوەی راستییەکانە. لە ئەزموونی 40 ساڵەی رابردووماندا چەندین جار لەڕێی ئەزموونی تاڵەوە، سەختیی ئەگەر و دۆخی بەدیهاتنی ئاشتیمان بینی."
هەروەها دەڵێت: "ئەم جارەش دەرفەتی ئاشتیمان 'بە سەختی بەدەستخست'، بەڵام بە تەواوی هەستیاری و توانامانەوە هەوڵدەدەین ئەو دەرفەتە بگەیێنینە ئەنجام."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان رایگەیاندووە، "ئەگەر ئەم پرۆسەیە لە تورکیا سەرکەوێت، چارەنووسی تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگۆڕێت؛ سەردەمێکی نوێی وەها دەستپێدەکات کە ژیانێکی دیموکراسیی پشتئەستوور بە ئاشتی، جێگەی جەنگ و کاولکارییەکان دەگرێتەوە."
رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتی ئەم ساڵ بانگەوازی چەکدانانی بۆ گەریلاکانی پەکەکە کرد وەکو هەوڵێک بۆ گەیشتن بە پرۆسەی چارەسەری. لە پەیامەکەیدا هاتووە، "پێشنیازی من ئەوەیە، کورد لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە خۆیان بگونجێنن کە دەرفەتی پەیوەندیی کۆمەڵگەی دیموکراسییان پێدەدەن. من ئەمە بە 'یەکخستن لەسەر بنەمای کۆمەڵگەی دیموکراسی' پێناسە دەکەم."
عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەڵێت: "بەڕای من پەیوەندیی نێوان کوردانیش پێویستە هەر لەسەر بنەمای یەکێتیی دیموکراسییانە بێت. بانگەواز لە تەواوی کوردان دەکەم بۆ ئەوەی لە زەوینەیەکی دیموکراسیدا کۆببنەوە و یەکبگرن."
پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە رێگەی میتحەت سانجار، ئەندامی پەرلەمانی تورکیا و ئەندامی شاندی ئیمرالیی دەم پارتی لە کۆنفرانسی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو خوێندرایەوە.
دەقی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان
بەشداربووانی هێژا،
سڵاو و رێزتان ئاراستە دەکەم.
پیرۆزبایی لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو دەکەم بۆ رێکخستنی ئەم کۆنفرانسە و بەتایبەتیش کە (ئاشتییە سەختەکەی تورکیا) ناونیشانەکەیەتی.
ئەم ناونیشانە رەنگدانەوەی راستییەکانە. لە ئەزموونی 40 ساڵەی رابردووماندا چەندین جار لەڕێی ئەزموونی تاڵەوە بینیمان کە دەستەبەرکردنی ئاشتی لە تورکیا ئەگەرێکی سەختە.
ئەم جارەش دەرفەتی ئاشتیمان 'بە سەختی بەدەستخست'، بەڵام بە تەواوی هەستیاری و توانامانەوە هەوڵدەدەین ئەو دەرفەتە بگەیێنینە ئەنجام.
ئەگەر ئەم پرۆسەیە لە تورکیا سەرکەوێت، چارەنووسی تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگۆڕێت؛ سەردەمێکی نوێی وەها دەستپێدەکات کە ژیانێکی دیموکراسیی پشتئەستوور بە ئاشتی، جێگەی جەنگ و کاولکارییەکان دەگرێتەوە.
پێشنیازی من ئەوەیە، کورد لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە خۆیان بگونجێنێت کە دەرفەتی پەیوەندیی کۆمەڵگەی دیموکراسییان پێدەدەن. من ئەمە بە "یەکخستن لەسەر بنەمای کۆمەڵگەی دیموکراسی" پێناسە دەکەم.
ئەم پرۆسەیەی بەڕێوەی دەبەین، بەم بنەمایە دەبەستمەوە و پێموایە سەرکەوتووش دەبێت.
بەڕای من پەیوەندیی نێوان کوردانیش پێویستە هەر لەسەر بنەمای یەکێتیی دیموکراسیانە بێت. بانگەواز لە تەواوی کوردان دەکەم بۆ ئەوەی لە زەوینەیەکی دیموکراسیدا کۆببنەوە و یەکبگرن.
بەو هیوایەم کۆنفرانسەکەتان بە سەرکەوتوویی بەرێوەبچێت و لە ناخی دڵمەوە سڵاو و رێزتان پێشکێش دەکەم.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان
دوورگەی ئیمراڵی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ