وەزیری پێشمەرگە: دڵنیابووینەوە هاوکاریی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت

01-09-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بەرپرسی نووسینگەی هاریکاریی ئاسایش لە کۆنسووڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، "دڵنیابووینەوە هاوکاری ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت."
 
شۆڕش ئیسماعیل و کۆڵۆنێڵ دێک پیلوێک ئەمڕۆ دووشەممە کۆبوونەوە. وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، شۆڕش ئیسماعیل بە بۆنەی دەستبەکاربوونی، پیرۆزبایی لە کۆلۆنێل دێک پیلوێک کرد و هیوای "سەرکەوتن، بەردەوامی و هەماهەنگی زیاتری نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و نووسینگەی هاریکاری ئاسایشی"، بۆ خواست. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکە باس لە دوایین بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەی چاکسازی و بنیاتنانی دوو ناوچەی سەرکردایەتیی سەربازی و فیرقەکانی پیادە لە وەزارەتی پێشمەرگە کراوە. وەزیری پێشمەرگە لەوبارەوە رایگەیاند، "پرۆسەی چاکسازی بەردەوامە و هەوڵەکانمان بۆ سەرخستنی چاکسازی چڕترکردووەتەوە."
 
وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، شۆڕش ئیسماعیل ستایشی پشتیوانیی بەردەوامی ئەمریکا و هاوپەیمانانی کرد بۆ وەزارەتەکە و  گوتی، "هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە قۆناخی گەشەسەندن و بەهێزبووندایە بۆ ئەمەش پێویستمان بە هاوکاری دۆستەکانمانە لە سەروو هەموویانەوە ئەمریکا، دڵنیابووینەوە ئەمریکا و هاوپەیمانان لە هاوکاری و پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام دەبن."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، جەنەراڵ دێک پیلوێک بە وەزیری پێشمەرگەی راگەیاندووە، "بەردەوام هاوکاری وەزارەتی پێشمەرگە دەبین بۆ بنیاتنانی ژێرخانێکی سەربازیی نیشتمانی بەهێز و بە ئامانج گەیاندنی پرۆسەی چاکسازی."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە