قایمقامی سەیدسادق: یەک پڕۆژەی وەبەرهێنان لە سنوورەکەماندا نییە

01-10-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی قەزای سەیدسادق دەڵێت، تائێستا پارکێکی گشتی بۆ پشوودانی هاونیشتمانییانی شارەکە نییە. دەشڵێت، پێویستیی زۆریان بە بودجەیە بۆ تەواوکردنی ئاوەڕۆی سندووقیی قەزاکە و ئەو پڕۆژانەی دیکەی شارەکە، کە چەند ساڵێکە راگیراون.
 
رۆژی یەکشەممە، 1ـی ئۆکتۆبەری 2023، رەزا محەممەد، قایمقامی سەیدسادق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "قەزاکەمان زۆر فراوان بووە، دانیشتووانەکەی نزیکەی 18 هەزار خێزانە کە نزیکەی 130 هەزار کەسە و زیاترە لە دانیشتووانی قەزای هەڵەبجە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانی رابردوو بودجەی بۆ قەزاکە تەرخانکردووە، بەڵام فریای ئەو فراوانییە نەکەوتووە و بەگوێرەی پێویست نەبووە".
 
قایمقامی سەیدسادق باسی لە پڕۆژە راگیراوەکانی قەزاکەیان کرد و گوتی: "هۆڵی داخراوی وەرزشیمان هەیە نزیکەی 80%ـی کارەکانی تەواو بووە، بەڵام ئەنجوومەنی وەزیران بە پڕۆژە ناپێویستەکان پێناسەی کردووە و بودجەی بۆ تەرخان ناکات، کە تەواوی بکەین. هاوکات سێ باڵەخانەی فەرمانگەکانمان هەن کاریان تێداکراوە و بەهۆی نەبوونی بودجەوە کارکردن تێیاندا وەستاوە".
 
تاوەکو ئێستا سەیدسادق پارکی نییە
 
لە زۆربەی شارەکاندا و بەتایبەت لە ناوەندی پارێزگاکاندا زیاتر لە پارکێکی گشتی بۆ پشوودانی هاونیشتمانییان و گەشتیاران هەیە، بەڵام وەکو قایمقامی سەیدسادق باسی دەکات، وێڕای فراوانبوونی قەزاکەیان، تائێستا هیچ پارکێکی گشتی لە سەیدسادق نییە.
 
ساڵانی رابردوو پارکێک لە قەزای سەیدسادق دروستکرا و پێش کۆتاییهاتنی، بەتەواویی جێهێڵدرا و ئێستا وەکو کەلاوەیەکی لێهاتووە؛ رەزا محەممەد گوتی: "ئەو پارکەی کە هەیە وەبەرهێن جێیهشت؛ ئێستا جارێکی دیکە شارەوانیی سەیدسادق سەرقاڵی پێدانی پارکەکەیە بە وەبەرهێن بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی نوێ دروستیبکاتەوە و بکەوێتە خزمەتی هاونیشتمانییانەوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ بە فەرمی بەکەس نەدراوە".
 
قایمقامی سەیدسادق ئاماژەی بەوەکرد، لە سنوورەکەیان کێشەی ئاوی خواردنەوە نییە، بەڵام ئاوەڕۆی سندووقیی سەیدسادق بەشێکی تەواو نەکراوە و لە هەندێک گەڕەکی نوێدا بۆنێکی زۆر ناخۆشی بڵاوکردووەتەوە، ئێستا زۆر پێویستی بە نۆژەنکردنەوەیە و تێچووەکەشی شەش ملیار دینارە، ئەوەش دەبێت ئەنجوومەنی وەزیران پارەی بۆ تەرخانبکات و وانەبێت تەواو ناکرێت.
 
"وەزارەتی شارەوانی هیچ بودجەیەکی بۆ ئەم شارە نییە"
 
رەزا محەممەد دەڵێت، ئەگەر پڕۆژەیەکی بچووکیش لە قەزاکەیان بکرێت لەسەر داهاتی سلێمانی دەکرێت نەوەکو وەزارەتی شارەوانیی هەرێمی کوردستان. گوتیشی: "وەزارەتی شارەوانی هیچ بودجەیەکی بۆ سەیدسادق نییە، پڕۆژەش پارەی دەوێت، بۆ نموونە شەش ملیار دینار بۆ تەواوکردنی ئاوەڕۆ بە داهاتی نێوخۆی شارەوانیی سلێمانی ناکرێت".
 
"یەک پڕۆژەی وەبەرهێنان لە سەیدسادق نەکراوە".
 
سەبارەت بە پڕۆژەی وەبەرهێنان لە شارەکەدا، قایمقامی سەیدسادق گوتی: "هیچ پڕۆژەیەکی وەبەرهێنانمان نییە، وەبەرهێنەران لەم شارە وەبەرهێنان ناکەن؛ ئەوان شوێنێک دڵنیانەبنەوە لەوەی قازانجی لێدەکەن هیچ پڕۆژەیەکی وەبەرهێنانی تێدا ناکەن".
 
لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنانەوە نزیکەی 214 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروستکراون، بەڵام قایمقامی سەیدسادق دەڵێت، هیچ پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە شارەکەدا نییە.
 
قەزای سەیدسادق دەکەوێتە نێوان پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەوە، لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای سلێمانییە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسرور بارزانی (لای راست) و د. بەرهەم ساڵح

مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە د. بەرهەم ساڵح دەکات

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی 19-12-2025، پەیامێکی پێرۆزبایی ئاراستەی د. بەرهەم ساڵح کرد بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستی کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR).