کەی نەوتی ماڵان دابەش دەکرێت؟

01-10-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
  رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان رایانگەیاند، لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا لە ناوچە شاخاوی و ساردەکانەوە دەست بە دابەشكردنی نەوتی ماڵان دەکەن. 
 
چوارشەممە 1-10-2025 د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، هەموو ئامادەکارییەکان کراون، هەر کاتێک نەوتیان پێ‌ بگات، لە ناوچە شاخاویی و ساردەکان دابەشی دەکەن.
 
سمکۆ سالار، قایمقامی قەزای هەڵەبجە بە رووداوی گوت: "هێشتا لە پارێزگەکەمان کاتەکەی دیاری نەکراوە، بەڵام لەگەڵ پارێزگای سلێمانی سەرەتای ئەم مانگە تاوەکو 10 رۆژێکی دیکە لە ناوچە شاخاوییەکانی بیارە و تەوێڵە دەست بە دابەشکردنی نەوت دەکەن.
 
هەر خێزانێک بە گوێرەی کۆبۆنی خۆراک 200 لیتر نەوتی بە 104 هەزار دینار دەدرێتێ.
 
بەرپرسێکی پارێزگای هەولێر بە رووداوی رایگەیاند: "هەموو ئامادەکارییەکان بۆ دابەشکردنی نەوت کراون، لە یەک بۆ دوو رۆژی داهاتوودا لە ناوچە شاخاوییەکان و دواتر لە نێو شار دەست بە دابەشکردنی دەکرێت."
 
مەجید سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دهۆک بە رووداوی گوت: "نەوتمان هەیە، بەڵام چاوەڕێی بڕیاری بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانین بۆ ئەوەی دابەشی بکەین."
 
جێگری پارێزگاری دهۆک گوتیشی: "سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکان و ئەو شوێنانەی بارانیان زۆر لێ دەبارێت دابەشی دەکەین، بە ئەگەرێکی زۆرەوە تاوەکو هەفتەیەکی دیکە بڕیار بدرێت و ئێمەش دەست بە دابەشکردنی دەکەین."
 
هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستیی بە زیاتر لە 268 ملیۆن لیتر نەوت هەیە. 
 
پار دابەشکردنی نەوت بە نرخی پاڵپشتیکراو لە 12ی ئەیلوولەوە دەستی پێکرد. 
 
بۆ وەرگرتنی نەوت، هەرێمی کوردستان دابەشی سەر سێ زۆن کراوە: ناوچە شاخاوییەکان 320 هەزار خێزان، ناوچەکانی دەوروبەر 340 بۆ 345 هەزار خێزان و سەنتەری شارەکانیش 625 هەزار خێزان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە