رووداو دیجیتاڵ
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە بادینان بەربژێرانی ناساندن و ئاهەنگێکی جەماوەری بۆ لیستەکەی رێکخست، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو ئامانجی حیزبەکەیان روون دەکاتەوە و دەڵێ : "رەخنەمان هەیە و رەخنە دەگرین، بەڵام پۆپۆلیست نین.''
لیستی 278ـی یەکگرتووی ئیسلامیی چوار بەربژێری لە بازنەی دهۆک هەیە، جەمال کۆچەر و عومەر کۆچەر، کە لە خولی پێنجەمدا پەرلەمانتار بوون جارێکی دیکە بەربژێرکراونەتەوە، هەروەها سوهام عومەر قادر، بێریڤان زێباری دوو ژنە بەربژێری لیستی یەکگرتوون لە بازنەی دهۆک.
سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی لە گوتارێکدا لە بانگەشەی حیزبەکەی رایگەیاند: "تێدەگەین کار و چالاکی و خزمەت لە بادینان قیمەت و نرخی تایبەتی هەیە، ئێمە هێزێکی کۆمەڵایەتی ئەخلاقی گەورەی کۆمەڵگەین، ئامادەی هەموو خزمەتێکین بێ ئەوەی داوای بەرامبەر بکات لە هیچ کەسێك.''
هەرچەندە پێشێلکاری ئەوتۆ لە بازنەی دهۆک وەکو کۆمیسیۆن دەڵێ تۆمارنەکراوە، بەڵام ئەمینداری یەکگرتوو پێی وایە: "ململانێ و تارادەیەک پێشێلکاری هەیە"، سەرەڕای ئەوەش داوا لە لایەنگرانی حیزبەکەی لە بادینان دەکات خۆیان باڵاتر و بەرزتر ببینن لەو کارانە، "باڵاتر بن لە تووندوتیژی و پەرچەکردار.''
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق چوار پەرلەمانتاری هەن، ئامانجیەتی کورسییەکانی بەدەستبێنێتەوە کە دووانیان لە دهۆک و دووی دیکەش لە بازنەی سلێمانین.
ئەمینداری یەکگرتوو لەبارەی بەربژێرانی حیزبەکەی دەڵێ: "بەربژێرانی یەکگرتوو ریکلامیان ناوێ، لافیتە دڕاندن قیمەتی نییە لای ئێمە، ئەوان و پەرلەمانتارانی پێشتریش ئامادەیی و ئەدا و ژیاننامە و کاریان زانراوە.''
یەکگرتووی ئیسلامی وەکو حیزبێکی ئیسلامیی میانڕۆ سەیر دەکرێت، ئەمینداری حیزبەکە جەخت لەسەر ئەو بەرنامەیەی حیزبەکەی دەکاتەوە و دەڵێ: "رێباز و راستەڕێی خۆمان بزر ناکەین، میانڕۆیی مەنهەجی ئێمەیە، ستراتیژیمان ئیسلامخوازی و میانڕۆییە.''
یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان ئۆپۆزیسیۆنە، ئەمینداری یەکگرتوو باسی دۆخی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێ: "بەرنامەمان خزمەتکردنی قەوارەی هەرێمەکەمانە، لەگەڵ پاراستنی ئەو هەرێمە لە هەموو پیلان و بەڵایەک کە بەسەری دێت.''
ئەمینداری یەکگرتوو جەخت لەوە دەکاتەوە، حیزبەکەی "رەخنەی بنیاتنەر" دەگرێت و بەردەوام دەبێ، بەڵام رەتیدەکاتەوە حیزبەکەی "پۆپۆلیستی" بکات و دەڵێ، "نابێ لە نێو حیزب هەبێت.''
لەبارەی بادینانیش رایگەیاند: "دەبێ پێکەوەژیانی خەڵکی بادینان بەردەوامبێ، کەس دزە نەکاتە نێو پڕۆژە و کارەکانمان بە هەر ناوێکەوە بێت، پێکەوەژیانی بادینان بە جوانی پەیڕەو کراوە و دروشم و بەرنامەی غەکگرتووش هەر بەمشێوەیەیە.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ