دەزگای روانگە 250 هەلی کار لە کەرکووک دەڕەخسێنێت

02-12-2025
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
پێشانگەی هەلی کار لە کەرکووک
پێشانگەی هەلی کار لە کەرکووک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

شەیما و دوو لە هاوڕێکانی دەرچووی زانکۆن و ماوەی پێنج ساڵە دانەمەزراون؛ ئەوان روویان لە پێشانگەی هەلی کار لە کەرکووک کردووە، بەو هیوایەی لە رێگەی دەزگای روانگەوە لە کەرتی تایبەت هەلی کاریان دەستبکەوێت.
 
شەیما عەلی، دەرچووی بەشی زمانی عەرەبییە لە کۆلێژی پەروەردەی کەرکووک، دەڵێت: "ماوەی پێنج ساڵە خوێندنم تەواو کردووە، بەدوای دامەزراندندا دەگەڕێم و سوودی نەبووە. لە ئینستاگرام ئاگادارییەکەی دەزگای روانگەم بینی و هاتم بۆ ئێرە تاوەکو سیڤیی خۆم پێشکێش بکەم، بەو هیوایەی شانس یاوەرم بێت."
 
دەزگای روانگە بە هەماهەنگی لەگەڵ UNDP (بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان)، 250 هەلی کاری لە کەرتی تایبەت بۆ گەنجانی کەرکووک رەخساندووە.
 
سامان سەمەد، بەرپرسی لقی کەرکووکی کۆمپانیای سەردار کە کۆمپانیاکەیان زۆرترین هەلی کاری لە پێشانگەکەدا راگەیاندووە، دەڵێت: "وەکو گرووپی کۆمپانیاکانی سەردار، ئێستا لە کەرکووک سێ پڕۆژەمان هەیە و پێویستمان بە نزیکەی 51 کارمەندە. لەگەڵ هاتنی ساڵی نوێی 2025، پڕۆژەی دیکەشمان دەبێت، نەک تەنیا لە کەرکووک، بەڵکو لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق."
 
دەزگای روانگە بۆ ئەم پێشانگەیەی هەلی کار، 50 کۆمپانیای نێوخۆیی بانگهێشت کردووە و بەنیازە ساڵی داهاتووش چەند پێشانگەیەکی دیکەی هاوشێوە لە کەرکووک بکاتەوە.
حەسەن شێخ عەلادین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە ئاماژەی بەوە کرد، درکیان بەوە کردووە "بۆشاییەکی زۆر" لە کارکردن لەنێو گەنجانی کەرکووکدا هەیە، بۆیە بە باشیان زانیوە ئەم پێشانگەیە بە بەشداریی پەنجا کۆمپانیا بهێننە شارەکە.
 
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە گوتیشی: "هەر کۆمپانیایەک بەپێی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ دەزگای روانگە و UNDP واژۆی کردووە، دەبێت سێ گەنج بخاتە سەر کار. ئەمە دەستپێکێکی سەرەتاییە و پشت بە خوا کاروانی خزمەتەکانی دەزگای روانگە بە هەماهەنگی هەموو لایەک لە کەرکووک بەردەوام دەبێت."
 
پێشانگەکە دوو رۆژ دەخایێنێت، ئەو گەنجانەی بەدوای هەلی کاردا دەگەڕێن، سیڤییەکانیان رادەستی ئەو کۆمپانیایانە دەکەن کە دەیانەوێت کاری تێدا بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەکە بە ژیریی دەستکرد دروستکراوە.

رێکخراوێکی ئەڵمانی بە 3000 یۆرۆ پاڵپشتیی جووتیاران و باخەوانانی هەرێمی کوردستان دەکات

رێکخراوێکی ئەڵمانیی داوا لە باخەوانان و جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکات، فۆڕمێک پڕبکەنەوە بۆ ئەوەی سوودمەندبن لە پێدانی 3 هەزار یۆرۆ. بەڕێوەبەری پڕۆژەکە دەڵێت: "50 جووتیار و باخەوان و 20 رێکخراوی پشتیوانی لە جووتیاران پارەکەیان پێدەدرێت".