رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر راگەیێندراوێکی لەبارەی گرژییەکانی ئێوارەی رۆژی 1ی کانوونی یەکەمی 2025 بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، "کۆمەڵێک کەسی هاندراو هەوڵی کردەوەی ئاژاوەگێڕی، تەقە و سووتاندنی شوێنە گشتییەکانیان داوە."
بەپێی راگەیێندراوی لیژنەکە، "ئێوارەی رۆژی دووشەممە 01-12-2025 کۆمەڵێک کەسی هاندراو هەوڵی کردەوەی ئاژاوەگێڕی، تەقە و سووتاندنی شوێنە گشتی و فەرمییەکانیان لە قەزای خەبات دا، هێزە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی هێمنانە کۆنترۆڵی دۆخەکەیان کرد."
لەو چوارچێوەیەشدا، وەکو لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر دەڵێت، "سەرکێشیی ئاژاوەگێڕییەکان، کە کەسێک بوو بەناوی نێچیروان عیسا میرمسو، لەکاتی راکردنی لە رێگەی کەرکووک دەستگیر و راپێچی بەردەم یاسا کرا."
لیژنەکە دەشڵێت، "ناوهاتوو خەڵکی هانداوە بۆ هەڵگرتنی چەک و تەقاندنەوەی دامەزراوە ئابووری و نیشتمانییەکان. تەواوی ئەوانەی بوونەتە هۆکاری تێکدانی سەقامگیری و ئاژاوەیان ناوەتەوە، رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئاشکراکردنی پیلانەکانی ئەو گرووپە و ئەوانەی پاڵنەری بوون، بۆ دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بەجێدەهێڵین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ