رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک بۆمبی نەتەقیو لە هەڵەبجە دۆزراونەتەوە کە گوماندەکرێت بۆمبی کیمایی بن، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجەش دەڵێت، "بەرپەرسانیان ئاگادار کردووەتەوە."
لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا هەشت بۆمب دۆزراونەتەوە و کارگێڕیی شاریشیان لێ ئاگادار کراوەتەوە. ئەو بۆمبانە نەتەقیونەتەوە و مەترسی ئەوە هەیە کە بۆمبی کیمیایی بن. بە گوتەی شایەتحاڵەکان ژمارەیەک لەو بۆمبانە بە دڵنیاییەوە کیمیایین، چونکە ئەو کەسانەی بینیویانن خۆیان دایانپۆشیون یان خستوونیانەتە ناو بیری ئاوەوە."
سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە ئاماژەی بەوە دا، کێشەکە ئەوەیە کە بە تێپەڕینی کات بەرگەکەیان دەڕزێت و گازەکە دەچێتە زەوییەوە و لە هەمان کاتدا خەڵکێکی زۆری ناوچەکەیش ئاوی ژێرزەوی بەکاردەهێنن.
د. هەڵگورد عەلی، بەڕێوەبەری سەنتەری لێکۆڵینەوەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە باسی لەوە کرد: "ئەگەر ئەو بۆمبانە گازەکەیان دزە بکاتە ئاوی ژێرزەوییەوە، دیسانەوە کارەسەتیان لێ دەکەوێتەوە. یەکێک لەو ماڵانەی کە کاتی خۆی هاتوونەتەوە ناوی و شوێنی بۆمبەکەیان پاککردووەتەوە، دەستیان تووشی نەخۆشیی پێست بوون."
ئەو هەشت بۆمبە هەریەکەیان لە جێگەیەکی ناوشاری هەڵەبجەدایە و خانوویان لەسەر دروست کراوەتەوە.
لوقمان عەبدولکەریم گوتیشی: "خەمساردییەکی زۆر بەرامبەر لەناوبردنی ئەو بۆمبانە هەیە. دەشتوانم بڵێم ژمارەی بۆمبە نەتەقیوەکان لەوە زیاترە. کاتێک ساڵی 2014 لە کاتی دروستکردنی پارکێکدا بۆمبێک دەرکەوت و گازەکەی رژایە سەر زەوی ژمارەیەک کەس بریندار بوون."
د. هەڵگورد عەلی باسی لەوە کرد، ئەوان هەموو ئەو ماڵانەیان تۆمار کردوون، بەڵام لە 100٪ دڵنیا نین کە ئەوە بۆمبی کیمیایی بن. تەنیا ئەوەندەیە یەکێکیان ئاماژەی بەوە کردووە کە بە چاوی خۆیان بینیویانە و خستوویانەتە بیرەکەیانەوە و پاشان پڕیان کردووەتەوە.
لە هەڵەبجە ژمارەیەکی زۆر هاونیشتمانیی هەن کە لە ئەنجامی کیمیابارانکردنی شارەکەیانەوە بریندار بوون و ئێستا بە دەست لێکەوتەکانی ئەو کیمیاییەوە دەناڵێنن و تووشی نەخۆشیی جۆراوجۆر بوون. بۆ ئەو مەبەستەش نەخۆشخانەی تایبەت بە چارەسەری بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی دروستکراوە.
لوقمان عەبدولکەریم هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد: "نەخۆشخانەی کیمیاباران ناوێکی گەورە و ناوەڕۆکێکی بۆشی هەیە. تاوەکو ئێستا بەرکەوتەیەکی کیمیایی لەو نەخۆشخانەیەدا شەوێک رۆژی نەکردووەتەوە. بە داخەوە هێشتا پزیشکی پسپۆڕی هەمیشەیی لێ نییە. چارەسەرەکانی برینداران لەو نەخۆشخانەیە دەست ناکەون."
سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە باس لەوە دەکات، دوای نزیکەی 34 ساڵ لە کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بەرکەوتوویان هەیە لەسەر حسابی خۆی چووە گلێنەی چاوی چاندووەتەوە و وەک پیویست هاوکارییان ناکرێت.
لوقمان عەبدولکەریم ئەوەشی خستەڕوو: "پێشتر سەنتەرێک نەخۆشخانەکەی بەڕێوەبردووە، بۆ ئەوەی پارەی زیاتری بۆ خەرجبکرێت، ژمارەی بەرکەوتووانی کردووەتە نزیکەی چوار هەزار کەس، بەڵام لە راستیدا ئەوانەی پێویستیان بە چاندنی چاو و سی هەیە ناگەنە 100 کەس. ئەگەر تۆ بە هەرکەس بڵێیت هاوکاریی 100 کەس بکە، ئاسانترە لەوەی بڵێیت هاوکاریی چوار هەزار کەس بکە. خەڵکی ناشایستە لەو لیستەدا ناویان نووسراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ