بانگبێژێک لە راپەڕین دوای چەند چرکەیەک لە تەواوکردنی بانگی بەیانی گیان لەدەستدەدات

02-04-2024
هۆرڤان رەفعەت
وێنەیەک لە ساتی رووداوەکە
وێنەیەک لە ساتی رووداوەکە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

هاونیشتمانییەکی خەڵکی رانیە بەناوی حاجی کەمال عەبدوڵڵا، کە پیشەی پێشمەرگە بووە و بانگبێژی خۆبەخش بووە، دوای بانگدانی بەیانیی رۆژی سێشەممە لەنێو مزگەوت گیانی لەدەستدا.
 
زێوەر عەبدوڵڵا، خوشکەزای حاجی کەمالە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "خاڵە کەمالم، تەمەنی 39 ساڵ بووە و لە منداڵییەوە ئارەزووی لە بانگدان و قورئانخوێندن بووە، خەڵکی گوندی زەنگۆڵانی قەزای پشدەرە، هەرچەندە پیشەی پێشمەرگە بووە، بەڵام رۆژانە چووبێتە هەر مزگەوتێک لە ناوچەی سەنگەسەر و پشدەر خۆی بە خۆبەخشی بۆ خێر دەستکەوتن بانگیداوە."
 
حاجی کەمال لە مزگەوتی حاجی ئیبراهیم لە سەنگەسەر بانگبێژ بووە. 
 
بە گوتەی کەسوکارەکەی، ئەو بانگبێژە شەوی رابردوو کە شەوی 23ـی رەمەزان بووە و لە شەوە تاکەکانی قەدر بووە، لە مزگەوت ماوەتەوە، دواتر بۆ پاشیڤ چووەتەوە بۆ ماڵەوە و پاشان گەڕاوەتەوە بۆ مزگەوت بۆ نوێژی بەیانی. دوای ئەوەی بانگی بەیانی دەدات، بە چەند چرکەیەک گیان لەدەست دەدات. 
 
زێوەر عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد، خاڵی کێشەیەکی تەندروستیی بەرچاوی نەبووە کە هەستی پێ بکەن. دوای ئەوەی گەیاندوویانەتە نەخۆشخانەی قەڵادزێ و دواتریش بوژاندنەوەی دڵ لە سلێمانی، گیانی لەدەستداوە. 
 
ئەو بانگبێژە لەدوای خۆی هاوژین و شەش منداڵی بەجێهێشتووە. کەسوکارەکەی دەڵێن، "شێوازی مردنەکەی و شوینی مردنەکەی بۆ ئێمە جێگای شانازییە و خۆشحاڵین لەو کاتە پیرۆزە و لەو شوێنە پیرۆزە گیانی لەدەستداوە."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە