لە سنووری سنە کۆڵبەرێک کوژرا

02-05-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، کۆڵبەرێکی خەڵکی سەقز بە ناوی هێمن ئەحمەدی بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووریی ئێران کوژرا. کۆڵبەرەکە خێزاندارە و باوکی کچێکی تەمەن هەشت ساڵانە.
 
بەپێی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژی چوارشەممە 01-05-2024 هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنووری شاری سەقز تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە و بەهۆیەوە کۆڵبەرێک بە ناوی هێمن ئەحمەدی، تەمەن 45 ساڵ کوژراوە. 
 
کۆڵبەرەکە خەڵکی گوندی "کارێزە"ی سەر بە شاری سەقزە و لە ناوچەی سنووریی بەسامی شارەکە تەقەی لێکراوە و کوژراوە. 
 
رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە: "ئەو کۆڵبەرە لە مەودای یەک مەتری و بە چەکی کڵاشینکۆف تەقە لە سک و نزیک دڵی کراوە."
 
بەپێی زانیارییەکان، هێمن ئەحمەدی خێزاندارە و باوکی کچێکی تەمەن هەشت ساڵانە.
 
تەنیا لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا لانیکەم چوار کۆڵبەر لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و 33 کۆڵبەریش بریندار کراون. 
 
لە مانگی ئاداری ئەمساڵیشدا، لانیکەم 13 کۆڵبەر و کاسبکار گیانیان لەدەستداوە کە چوار کەسیان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران، چوار کەس بەهۆی کەوتنەوە لە بەرزاییەکانەوە، دوو کەس بەهۆی رەقبوونەوە، کەسێک بە جەڵتەی دڵ و دوو کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ بووە. هەروەها لەو مانگەدا 78 کۆڵبەریش بریندار بوون.
 
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە ساڵی 2023 لانیکەم 32 کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە، 307 کۆڵبەر بریندار بوون و دوو کۆڵبەری دیکەش بێسەرشوێن بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کاتی کردنەوەی سەنتەرەکە.

یەکەمین "ناوەندی خانووبەرە" لە هەولێر کرایەوە

یەکەمین سەنتەری خانووبەرە لە هەولێر کرایەوە، کە گەورەترین ناوەندی خانووبەرەیە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، لەسەر رووبەری دوو هەزار مەتر دووجا دروستکراوە.