ئەشکەوتی شانەدەر دەبێتە سەرچاوەی تێگەیشتنی نوێی جیهان لە مێژووی نیاندەرتاڵەکان

03-05-2024
رووداو @Rudawkurdish
وێنەی ئەو کەلـلەسەرەی لە پارچە وردبووەکان دروستکراوەتەوە لەگەڵ مۆدێلی سێ رەهەندیی دەموچاوی ژنە نیاندەرتاڵەکە. وێنە:Justin TALLIS / AFP
وێنەی ئەو کەلـلەسەرەی لە پارچە وردبووەکان دروستکراوەتەوە لەگەڵ مۆدێلی سێ رەهەندیی دەموچاوی ژنە نیاندەرتاڵەکە. وێنە:Justin TALLIS / AFP
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

زیاتر لە 300 هەزار ساڵ لەمەوبەر، مرۆڤی نیاندەرتاڵ لە رووسیاوە تا کەناراوەکانی زەریای ئەتڵەسی بڵاوببوونەوە، تا ئەو کاتەی نزیکەی 40 هەزار ساڵ لەمەوبەر بەشێوەیەکی کتوپڕ لەنێوچوون. 
 
کەللـەسەری ژنە نیاندەرتاڵێک کە ساڵی 2018 لە لایەن تیمێکی زانکۆی کامبریجی بەریتانی لە ئەشکەوتی شانەدەر دۆزراوەتەوە، دەبێتە سەرچاوەی تێگەیشتنی نوێی جیهان بۆ ژیانی نیاندەرتاڵەکان و بابەتی بەڵگە فیلمێکی نوێی نێتفلێکس کە کۆتایی ئەم هەفتەیە بڵاوکرایەوە. 
 
د. ئێما پۆمیرۆی، پسپۆڕی مرۆڤناسیی کۆن دەڵێت، "ئێسکی کەللـەسەرەکە زۆر بە خراپی شکاوە لەبەر ئەو هەموو بەردانەی بەسەریدا کەوتبوون، هەروەها بەهۆی قورسایی خۆڵەکە. ئەوەی دەیناسینەوە شەویلگەی خوارەوەیەتی، هەروەها هەندێ لە ددانەکان کە شکاون. پارچەیەکی دیکەی شەویلگەکە لێرەیە."
 
کەللـەسەری ژنێکی نیاندەرتاڵ بووە و لە نێوەڕاستی چلەکانی تەمەنیدا مردووە. شێوەی کەللـەسەرەکە کە دۆزرایەوە، هیچ پارچە ئێسکێک لە شوێنی خۆی نەمابوو. 
 
ئێسکوپروسکەکە هەر بەمشێوەیە هەڵگیرا و بە مۆڵەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بردرایە بەریتانیا بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت. دوای کارێکی سەخت و هۆشیارانە، ئێسکەکان رێکخرانەوە و کەللـەسەرێکی نوێیان لێ دروستکرد. 
 
پاشان لە رێگەی تەکنەلۆجیای پێشکەوتووەوە، بە شێوەی سێ رەهەندی رووخساری بۆ دروستکرایەوە و ئەم ژنەی لێ دەرچوو (لە ڤیدیۆکە بیبینە) کە ناوی نراوە، شانەدەر زێت و بووەتە تەوەرێکی سەرەکیی بەڵگەفیلمەکەی نێتفلێکس.
 
بەوەش جارێکی دیکە، شانەدەر بووەوە بە سەرچاوەیەک بۆ مرۆڤایەتی بۆ ئەوەی باشتر بزانن شێوەی باوباپیرانی کۆنیان چۆنبووە، چیان کردووە و چۆن ژیاون. 
 
پسپۆڕێکی دیکەی مرۆڤناسیی کۆن دەڵێت، "ئێرە ئەو شوێنەیە کە باوباپیرانمان بۆ یەکەمین جار بە نیاندەرتاڵەکان ئاشنابوون، رەنگە لێرە منداڵانی ساوایانیشیان لەگەڵدا بووبێت. بۆیە بەشێکی زۆر گرنگی رابردووی خۆمان و مرۆڤی نیاندەرتاڵەکانیشە."
 
یەکەمجار لە جیهاندا، پاشماوەی نیاندەرتاڵ لە ساڵی 1830 لە بەلجیکا دۆزرایەوە. زانایان وا بیریاندەکردەوە نیاندەرتاڵەکان مرۆڤی سەرەتایی بوون و شێوازی ژیانیان زۆر سەرەتایی بووە.
 
لە ساڵی 1951، کاتێک بۆ یەکەم جار ئێسکەپەیکەری 9 پیاو و ژن و منداڵی نیاندەرتاڵ لە شانەدەر دۆزرانەوە، جیهان بۆی دەرکەوت کە نیاندەرتاڵەکانیش مرۆڤی ئاڵۆز و ژیر و خاوەن نەریتی ئایینی کۆمەڵایەتی بوون، چونکە ئەو ئێسکە پەیکەرانە، هەموویان بە یەک شێواز بەخاکسپێردراون و یەک رووگەیان هەبووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.