کریستیان و تورکمانەکان لە ئەگەری گەڕانەوەی کورسیی پێکهاتەکان بەشداری هەڵبژاردن دەکەن

02-05-2024
هۆرڤان رەفعەت
باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

راوەستانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە کەمتر لە 40 رۆژی ماوە خەریکە کۆتایی دێت.
 
دادگای فیدراڵی سەرقاڵی گەنگەشەی بڕیارێکە بۆ گەڕانەوەی پێنج کورسی لە 11 کورسییەکەی کۆتای پەرلەمانی کوردستان.
 
مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکومان کە سەرقافڵەی پارتە تورکمانەکانە بۆ بایکۆتی هەڵبژاردن بێ کورسیی پێکهاتەکان، ئێستا هەڵوێستیان گۆڕاوە. 
 
مونا قەهوەچی بە رووداوی گوت: "ئێستا دوای بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی کە کورسییەکان بەشێکی دەگەڕێتەوە، بۆ ئێمە زۆر گرنگە، بەڵام چەندی دەگەڕێتەوە و چۆن دەبێت ئەوە گرنگ نییە، ژمارە گرنگ نییە." 
 
بەرەی تورکمانی کە تاکە لایەنی تورکمانی بوون بڕیاری بەشدارییکردنیان دابوو ئەوانیش گەڕانەوەی پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکان بە دەرفەتێکی باش دەزانن. 
 
هیمداد سەباح، ئەندامی سەرکردایەتیی بەرەی تورکمانی بە رووداوی گوت: "دادگەی فیدراڵی بە بڕیارەکەی خۆیدا چووەتەوە، بەو پێیەی گوشارێکی زۆری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی هەروەها گوشاری رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانیشی لەسەر بوو، خۆیان هەستیان بە هەڵەی خۆیان کرد، ئێستا ئیمە ئومێدەوارین کورسیی پێکهاتەکان بگەڕێتەوە."
 
دوو پیاو لە بەردەم مەڵەبەندی سێی یەکێتی قسەیان بۆم کرد؛ خۆیان بە نوێنەری بەشێک لە تورکمانەکان دەزانن، ئەوان دەڵێن دەبێت کورسییەکان لەنێو 100 کورسییەکەی پەرلەمان بێت کە 100 کۆ پێنجە. 
 
عەبدولباست خالق، ئەندامی ئەنجوومەنی ناڕازیی تورکمان بە رووداوی گوت: "ئەگەر گەڕانەوەی کورسییەکان بەو جۆرە بێت کە حیزبەکان پاڵپشتییان بکەن، ئەوە هەر نەگەڕێتەوە باشترە، بەڵام ئەگەر گەڕانەوە بەو جۆرە بێت کە خەڵک نوێنەری خۆی هەڵبژێرێت و دەنگیان پێ بدات و بچنە پەرلەمان. من دەمەوێت کورسیی زیاتریش بگەڕێتەوە، بەڵام ئەگەر بەو جۆرە بێت کە حیزب ئاڕاستەیان بکات و پاڵپشتییان بکات، ئەوە من لەگەڵیدا نیم و با خۆیان هەر لە ماڵەوە بن".
 
کریستیان و ئاشوورییەکان بە فەرمی گەڕاندنەوەی کورسییەکانیان پێ نەگوتراوە، بەڵام ئەوان بە سەرۆکی دادگەی فیدراڵی و سەرۆککۆماریان گوتووە، چۆن دەبێت لە پەرلەمانی عێراق کۆتای مەسیحی هەبێت، بەڵام لە پەرلەمانی کوردستان نەبێت.
 
رۆمیۆ هەکاری، سکرتێری گشتی پارتی بەیت نەهرەین بە رووداوی گوت: "ئێمە کە گوتمان بەشدار نابین، بەو جۆرە بوو کە گوتمان با ئەم بابەتە جارێکی تر پێیدا بچنەوە، ئێستا کە کورسییەکان گەڕاونەتەوە، بەڵێ ئەگەر پێنج کورسی بگەڕێتەوە هەموو حیزبە کلدان و ئاشوورییەکان بەشدار دەبین".
 
دەنگۆی گەڕانەوەی کورسییەکانی پەرلەمان دوای کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ سیاسییە بڕیاربەدەستەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە لە بەغدا، چاوەڕوان دەکرێت تا هەفتەی داهاتوو ئەو بابەتە بە تەواوی یەکلایی ببێتەوە.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە