ناکۆکیی ئەنجوومەنی کەرکووک 7300 هەلی دامەزراندن رادەگرێت

03-05-2025
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک. وێنە: رووداو
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ناکۆکی و بایکۆتی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، کۆبوونەوەکانی پەکخستووە؛ ئەمەش 7300 هەلی دامەزراندنی راگرتووە و کاریگەریی لەسەر ژیانی دەرچووان و کارەکانی پارێزگاکە دروستکردووە.
 
هیوا 11 ساڵ لەمەوپێش پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی تەواو کردووە، هەشت جار هەوڵی دامەزراندنی داوە و ئێستا بە رۆژانەیەکی کەم ئۆتۆمبێل دەشۆرێت؛ چاوی لەو 7300 پلەی دامەزراندنەیە کە بەهۆی کۆنەبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ناتوانرێت رابگەیێندرێت.
 
هیوا تاڵب، دەرچووی زانکۆ دەڵێت، "چەند جارێک مامەڵەی دامەزراندنم پێشکێش کردووە، تائێستا ناوم نەگەڕاوەتەوە، بۆیە سەرقاڵی کاسبیم، بەڵام بەڕاستی کۆنەبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئیشەکانی پەکخستووە، ئەم دامەزراندنەی هەیە پەیوەندیی بەوانەوەیە و ئەگەر ئەوان کۆنەبنەوە زیانی زۆر بەر ئێمە دەکەوێت."
 
ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کرابوو، بەڵام سەرۆکی ئەنجوومەنەکە بڕیاری دا ئەم هەفتەیەش کۆبوونەوە نەکرێت.
 
لە کۆی 15 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک،حەوت ئەندامیان بایکۆتی کۆبوونەوەکانیان کردووە،نۆ ئەندامەکەی دیکەش سێ مانگە ناتوانن کۆبووببنەوە.
 
ئەحمەد رەمزی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، "بەشداری نەکردنی ئەوانەی بایکۆتی ئەنجوومەنیان کردووە، دەبێتە هۆکاری بەربەست و راگرتنی کارەکانی ئەنجوومەن، بەڵام 9 ئەندامی دیکە هەن کە بەشدارن، لەبەر ئەوەی هەندێک ناکۆکی لە نێوانیان هەیە کۆبوونەوەکان دوادەخرێت."
 
بە 9 ئەندام رێژەی یاسایی دەستەبەر دەبێت، بەڵام سەرۆکی ئەنجوومەنەکە دەڵێت، "لەنێو ئەو 9 ئەندامە کێشە هەیە و ئەمەش وایکردووە کاتی کۆبوونەوە دیاری نەکەم."
 
محەممەد حافز، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، "لە ماوەی رابردوو بەهۆی ناکۆکیی سیاسیی نێوان هێزە سیاسییەکانی شاری کەرکووک، کۆبوونەوەی ئەنجوومەن نەکرا و خشتەیەک بۆ کۆبوونەوە نەبوو، بۆیە بڕیارمان دا بە ئەنجام نەدانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەن، هەفتەی داهاتوو بڕیاری زۆر دەدرێت، کە لەنێو خشتە دانراون."
 
ئەو 7 ئەندامەی بایکۆتی کۆبوونەوەکانیان کردووە، رۆژانە دەوامی فەرمیی خۆیان دەکەن و ژوورەکانیان کراوەیە، بەڵام لە دژی پێکهێنانی ئیدارەی ئێستای کەرکووک هەڵوێستیان وەرگرتووە و ناچنە نێو کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

مەسرور بارزانی سەرەخۆشی لە نووری عوسمان دەکات

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە نووری عوسمان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی و بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد.