پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە؛ پێشبینی دەکرێت 40 پلەی سیلیزی تێپەڕێت

02-06-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی شەممە بەراورد بە ئەمڕۆ، سێ بۆ چوار پلە، پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە و 40 پلەی سیلیزی تێدەپەڕێنێت. کەشناسێکیش دەڵێت، 8ـی ئەم مانگە شەپۆلێکی گەرما لە ئەفریقاوە دەگاتە هەرێمی کوردستان.
 
رۆژی هەینی، 2ـی ئایاری 2023، کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، سبەی شەممە ئاسمان پەڵەهەور دەبێت و لە ناوچە شاخاوییە سنورییەکانی رۆژئاوای پارێزگای دهۆکیش ئەگەری نمەباران و هەورە برووسکە دەبێت؛ راشیگەیاندووە، سبەی سێ بۆ چوار پلە، پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە.
 
هاوکات محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، یەکەم شەپۆلی گەرمای ئەمساڵ لە 8ـی ئەم مانگەوە دەستپێدەکات و شەپۆلێکی گەرما لە ئەفریقاوە دەگاتە هەرێمی کوردستان؛ گوتیشی، "لەو شەپۆلەدا پلەی گەرما لە گەرمیان دەگاتە نزیکەی 47 پلەی سیلیزی".
 
لەبارەی پلەی گەرمای سبەی شەممەوە، کەشناسی دەڵێت، بەرزترین پلەی گەرما لە گەرمیان 41 پلەی سیلیزی دەبێت و نزمترینیش لە حاجی ئۆمەران دەبێ بە 25 پلەی سیلیزی.
 
بەرزترین پلەی گەرمای سبەی شەممە بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
 
- هەولێر؛ 38 پلەی سیلیزی
- سلێمانی؛ 35 پلەی سیلیزی
- دهۆک؛ 37 پلەی سیلیزی
- کەرکووک؛ 39 پلەی سیلیزی
- هەڵەبجە؛ 36 پلەی سیلیزی
- حاجی ئۆمەران؛ 25 پلەی سیلیزی
- زاخۆ؛ 37 پلەی سیلیزی
- سۆران؛ 34 پلەی سیلیزی
- گەرمیان؛ 41 پلەی سیلیزیی

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە