رووداو دیجیتاڵ
سەرپەرشتیاری ژووری هەڵبژاردن و ئاماری بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، تائێستا هیچ دەستپێشخەرییەک لەلایەن سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە بۆ کۆمیسیۆنی عێراق نەچووە و ئاماژە بەوەش دەکات: ''هۆکاری بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، ناکۆکیی نێوان پارتی و یەکێتی بوو''.
رۆژی هەینی، 02-06-2023، یاسین حهمهعهلی، سەرپەرشتیاری ژووری ههڵبژاردن و ئاماری بزووتنەوەی گۆڕان لە کاتی بەشداریکردن لە بوولتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە زانا کایانی پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، بە دیاریکراوی ناکۆکیی نێوان یەکێتی و پارتی هۆکار بوو بۆ ئەوەی لایەنەکان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن بە ئاکام نەگەن و بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان دەربچێت.
سێشەممەی رابردوو، دادگەی فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانی بە نادەستووری و نایاسایی ناساند و رایگەیاند: "هەرشتێک لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەرچووە دوای ئەو ماوە یاساییە لە رووی دەستوورییەوە پووچەڵە".
یاسین حەمەعەلی باس لەوە دەکات، بزووتنەوەی گۆڕان هەوڵیداوە یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان هەموار بکرێتەوە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بە شیوەیەکی پاک و بێگەرد بکرێت. دەشڵێت، ''بەڵام بەداخەوە ئەوەی ئێمە هەوڵمان بۆ دا، بەهۆی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان بە ئامانج نەگەیشت و دادگەی باڵای فیدراڵی بڕیاری لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان دەرکرد.''
سەرپەرشتیاری ژووری هەڵبژاردن و ئاماری بزووتنەوەی گۆڕان پێیوایە، دوای بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، لە هەرێمی کوردستان بۆشایی یاسایی هەیە و دامەزراوەکانیشی بوونەتە کاربەڕێکەر. گوتیشی، ''دەبێ سەرۆکی هەرێمی کورستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لەسەر وادەیەک رێکبکەون، بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکرێت.''
بە گوتەی یاسین حەمەعەلی، تائێستا هیچ یەک لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵی رای خۆیان بە روونی ئاشکرا نەکردووە و گوتی: ''ئەوەندی من ئاگادارم، هیچ دەستپێشخەرییەک لەلایەن سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە بۆ کۆمیسیۆنی عێراق نەچووە.''
کەمتر لە شەش مانگ بۆ وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ماوە کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 18-11-2023ی دیاریکردووە، ئەوە لە کاتێکدایە بڕیاری کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستانیش دوای بڕەیارەکەی دادگەی فیدراڵی هەڵوەشێندراوەتەوە و کۆمیسیۆنی عێراقیش رایگەیاندووە بۆ ئامادەکاریی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد، ماوەی 10 مانگی پێویستە.
هەروەها کۆمیسیۆنەکە رایگەیاندووە، توانای ئامادەکاریی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی کوردستانی لە یەککاتدا نییە.
سەرپەرشتیاری ژووری هەڵبژاردن و ئاماری بزووتنەوەی گۆڕان گوتی، لە چەند رۆژی داهاتوودا جڤاتی نیشتمانی بۆ تاوتوێکردنی بڕیاری دادگەی فیدراڵی و شێوەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە و بڕیاری خۆی دەخاتەڕوو.
زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، ناکۆکی و ململانێی سیاسیی نێوان پارتی و یەکێتی بە هۆکاری بەڕێوەنەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا و دەرچوونی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان دەزانن.
دوای دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی بارزانی لە بارزان، کە داوای لە لایەنە سیاسییەکان بە تایبەتی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتی کرد ناکۆکییەکان وەلا بنێن و کۆببنەوە، بەرەوپێشچوونێکی زۆر لە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی ئەم دوو لایەنە سیاسییە بەرچاو دەکەوت و لە ئاکامی دوو کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتی، زۆربەی خاڵە ناکۆکەکان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان چارەسەر کران.
پێش کۆبوونەوەی 22ـی ئایاری پەرلەمانی کوردستان، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سکرتێری پەرلەمان کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنیان خستە بەرنامەی کارەوە، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان کە یەکێتییە، واژۆی لەسەر زیادکردنەکە نەکرد، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی، لەگەڵ دەستپێکردنی کۆبوونەوەی پەرلەماندا رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمان بڵێت، کۆبوونەوەکە هەڵدەگیرێت؛ هاوکات هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان گوتی، کێ لەگەڵ بەردەوامیی کۆبوونەوەدایە دەستی بەرز بکاتەوە، دواتر ئاڵۆزی لە هۆڵی پەرلەمانی کوردستان دروستبوو و ناکۆکییەکانی نێوان دوو فراکسیۆنی یەکێتی و پارتی لە پەرلەمانەکە قووڵتر بووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ