رووداو دیجیتاڵ
یەکەمین چاپی عێراقیی کتێبی جیهانی "بنەماکانی بازاڕگەری سەردەم" بڵاوکرایەوە، کە تیشک دەخاتە سەر بنەماکانی بازاڕگەری و چیرۆکی سەرکەوتنی کۆمپانیاکانی کوردستان و عێراق و رووداو یەکێکە لە چیرۆکە سەرکەوتووەکانی.
کتێبەکە لە نووسینی هاوبەشی پرۆفیسۆر فیلیپ کۆتلەر، ناسراو بە "باوکی زانستی بازاڕگەری سەردەم"، و سەعدیە کیبریایە.
زانیار جەبار، هاوبەشی نووسینی کتێبەکە لە عێراق، دەڵێت: "لەم کتێبە گەورەیە چیرۆکی مەزنبوونی گەورەکان باسکراون."
سەعدیە کیبریا، هاونووسەری کتێبەکە، سەبارەت بە هەڵبژاردنی کۆمپانیاکان، لەوانە تۆڕی میدیایی رووداو، بە رووداوی گوت: "لەبەر سەرکەوتنەکانیان چیرۆکی ئەو کۆمپانیا و دامەزراوانەمان لە کتێبەکەدا باس کردووە کە ئەوان نەوەستاون و هیچ لەمپەڕێک راینەگرتوون. نموونە وەک تۆڕی میدیایی رووداو کە هەمیشە بەردەوام بووە لەوەی باشترین و خواست لەسەر زۆرترین پێشکەشی وەرگرەکانی خۆی بکات. پێم وایە هەموو سەرکەوتنەکە ئەوەیە کە چۆن دامەزراوەکە بتوانێت لە هەست و سۆز و ویستی وەرگرەکانی خۆیەوە نزیک بێت بەبێ ئەوەی ئەوان پێت بڵێن."
لە کتێبەکەدا چیرۆکی سەرکەوتنی 17 کۆمپانیا و دامەزراوەی هەرێمی کوردستان و عێراق خراوەتەڕوو، وەک پڕۆژەی شیرەمەنی "زۆم" کە وەک پڕۆژەیەکی سوودبەخش و خێرا گەشەسەندوو ناوی هاتووە. دامەزراوە باسکراوەکان خەڵاتی "فیلیپ" (کۆتلەر)یان وەرگرت وەک رێزلێنانێک بۆ داهێنانەکانیان.
د. جێگر مەحموود، یەکێک لە وەرگرانی خەڵاتی کۆتلەر، رایگەیاند: "کتێبەکە لە ماڵپەڕە ئۆنلاینەکان و کتێبخانەکانی کوردستان بە زمانی ئینگلیزی بەردەست دەبێت، بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا وەربگێڕدرێتە سەر زمانی کوردیش."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ