رووداو دیجیتاڵ
ئارۆ قوتابییەکی پۆلی 7ی بنەڕەتییە لە گەڕەکی خەلیفاوەی سلێمانی، هەفتەیەک لەمەوبەر لەکاتی چوون بۆ قوتابخانە سەگی بەرەڵا پەلاماری دا و دانی تیژی لە سەر و چاوی چەقاند، بە ئەستەم لەژێر چنگی سەگەکە رزگاری بوو، دواتر لە نەخۆشخانە نەشتەرگەریی چاو و سەری بۆ کرا و تەندروستیی جێگیر بووە.
ئارۆ ئیبراهیم، قوتابی ئاماژە بەوە دەکات، "سەگەکان زۆر بوون، راومانیان نا، ئێمەیش رامانکرد. من کەوتم، هاتە سەر پشتم و قەپی کرد بەسەرمدا."
عەلی منداڵێکی دیکەیە لە گەڕەکی کانی شینکەی سلێمانی، سەگ پەلاماری داوە؛ ئەو سەگەی عەلی گەستووە، هەمان رۆژ بەشێکی گوێچکەی گەنجێکی تەمەن 35 ساڵانیشی قرتاندووە. عەلی هێشتا ترسی ئەو سەگە بەڕەڵای لە دڵ دەرنەچووە کە لەڕێگەی چوون بۆ دووکان گەستوویەتی.
عەلی محەممەد، قوتابی دەڵێت، "چووم بۆ دووکان، سەگەکە هات لە پێشەوە قەپی لێگرتم، بە بۆکس لێمدا و خۆم رزگار کرد."
زۆربوونی سەگی بەرەڵا لە کۆڵان و گەڕەکەکانی سلێمانی دانیشتووانەکەی هەراسان کردووە، گەورە و بچووک ترسی ئەوەیان هەیە سەگ پەلاماریان بدات و داوا دەکەن لایەنی پەیوەندیدار چارەی سەگی بێلانە بکات.
محەممەد کەمال، دووکاندا داوا دەکات "زوو چارەی بکەن، دەچین بۆ نوێژ، بەڵام لەترسی سەگ ناوێرین." حەمزە یەعقوب، قوتابی ئەوەی خستەڕوو، "سەگی زۆر لێیە لەوێ دادەنیشین لەفە دەخۆین، سەگ دێت بۆمان. سەگ قەپی لە رانی من گرتووە."
لە سلێمانی شێڵتەرێکی تایبەت بە سەگە بێلانەکان هەیە، کە حکومەت سەرپەرشتیی دەکات، بەڵام نەیانتوانیوە کۆنترۆڵی شارەکە بکەن و هەموو سەگە بێلانەکان لەخۆبگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ