کاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتاییهات؛ چەند پەرلەمانتار خانەنشین دەبن؟

02-07-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سکرتێری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ کاری خولی پێنجی پەرلەمانی کوردستان کۆتاییهات و نووسراو بۆ ئەو پەرلەمانتارانە دەکرێت کە خانەنشین دەبن؛ هەموو ئەو پەرلەمانتارانەی لە سەرەتای خولەکەدا بوون بە پەرلەمانتار دەتوانن خانەنشین ببن. جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، حەوت پەرلەمانتار خانەنشینییان رەتکردووەتەوە.
 
رۆژی یەکشەممە، 2ـی تەمموزی 2023، مونا قەهوەچی، سکرتێری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ کاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە فەرمی کۆتاییهات و نووسراو بۆ هەموو ئەو پەرلەمانتارانە دەکرێت کە خانەنشین دەبن بەگوێرەی یاسا".
 
پەرلەمانی کوردستان 111 پەرلەمانتاری هەیە. بە گوێرەی یاسای "چاکسازی لە مووچە، دەرماڵە، بەخشین، ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان ــ عێراق" تەواوی ئەو پەرلەمانتارانەی کە لە ساڵی 2018 و لە هەڵبژاردندا بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان سەرکەوتن، مافی خانەنشینبوونیان هەیە کە 111 پەرلەمانتار بوون.
 
هەر بەگوێرەی یاسای چاکسازی، هەر کەسێک لەدوای ساڵی 2020ـەوە بووبێتە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و تەمەنی 45 ساڵ زیاتر نەبێت و خزمەتی نەگەیشتبێتە 15 ساڵ خانەنشین نابێت و خانەنشینبوون نایگرێتەوە؛ ئەوانەش لە خولی پێنج یان خولەکانی رابردوودا پەرلەمانتار بوون و خانەنشینن و تەمەنیان کەمترە لە 45 ساڵ و خزمەتیشیان کەمترە لە 15 ساڵ، مووچەی خانەنشینیان نابڕدرێت، بەڵام بەگوێرەی خزمەت و تەمەنیان بەراورد بە رابردوو کەم دەکرێتەوە.
 
سکرتێری پەرلەمانی کوردستان گوتی، "هەرکەسێک ئازادە خانەنشینبوون رەتبکاتەوە و بگەڕێتەوە سەر کاری پێشووی، ئەویش دەبێت فۆڕمێک پڕبکاتەوە بۆ دیوانی پەرلەمان بۆ ئەوەی کاری کارگێڕی بۆ بکرێت بۆ گەڕانەوە بۆ پیشەی پێشووی".
 
هیوا نەسرەدین، جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "حەوت پەرلەمانتار بە فەرمی خانەنشینبوونیان رەتکردووەتەوە فۆڕمیان واژۆ کردووە و بەڵگەنامەکانیان پێشکێشکردووە کە بگەڕێنەوە سەر کاری پێشوویان".
 
بە گوتەی هیوا نەسرەدین، ئەوانەی فەرمی وەرگرتنی مووچەی خانەنشینییان رەتکردووەتەوە ئەمانەن: عەلی حەمەساڵح، شایان کاکە عەسکەری، شیرین ئەمین، سیپان ئامێدی، موژدە مەحموود، کاوە عەبدولقادر و کازم فارووق.
 
لەسەر رەتکردنەوەی خانەنشینی، عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "من بە فەرمی فۆڕمی رەتکردنەوەی خانەنشینیم پڕکردووەتەوە و نووسراویشم لە پەرلەمانەوە بۆ کراوە بۆ پەروەردە بۆ گەڕانەوە بۆ پیشەی پێشووم."
 
پەرلەمانی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا رۆژی 09-10-2022 تەمەنی خۆی بۆ 31-12-2023 درێژکردەوە، لەکاتێکدا 6-11-2022 خولەکە کۆتایی دەهات، بەڵام رۆژی 30-5-2023، دادگەی فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نادەستووری و نایاساییە و "هەرشتێک لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەرچووە دوای ئەو ماوە یاساییە، لە رووی دەستوورییەوە پووچەڵە".
 
لەماوەی کارکردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا 46 یاسای دەرکراوە، لەو ژماریە 5 یان بەهۆی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵییەوە بە پووچەڵ دادەنرێن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان.

هەڵبژاردنی شارەوانی لە رۆژئاوای کوردستان دواخرا

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دواخراوە و رۆژی 11-6-2024 بەڕێوەدەچێت.